ئاماری رووداوەكانی هاتوچۆ لەهەرێمدا مەترسیدارن

رۆژانە 17 كەس لەهەرێم بەڕووداوەكانی هاتوچۆ برینداردەبن و یەك تا دوو كەسیش گیان لەدەستدەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن 

لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا (216) كەس لەهەرێمی كوردستان بەهۆی هەزارو (509) رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوەو دوو هەزارو (670) كەسیش برینداربوون.

واتا لەهەرێمی كوردستاندا لەماوەی (150) رۆژی ئەم پێنج مانگەی 2021 دا، رۆژانە (10) رووداوی هاتوچۆ روویانداوەو بەو هۆیەوە رۆژانە (17) كەس لەهەرێم بریندار بوون و یەك تا دوو كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆیە، وردەكاری ئاماری پێنج مانگی ئەمساڵی بۆ  هاوڵاتى ئاشكراكرد كە لەپارێزگای سلێمانی (484) رووداو، گیانلەدەستدانی (79) كەس و برینداربوونی هەزارو (451) كەسی لێكەوتووەتەوە،  لەپارێزگای هەولێر (371) رووداو (64) كەس گیانیان لەدەستداوەو (380) كەسی دیكەش برینداربوون.

هەروەها لەپارێزگای دهۆك (328) رووداو، گیانلەدەستدانی (35) كەس و برینداربوونی (394) كەسی لێكەوتووەتەوەو پارێزگای هەڵەبجەش (39) رووداوی هاتوچۆ، گیانلەدەستدانی هەشت كەس و برینداربوونی (48) كەسی لێكەوتووەتەوە.

هاوكات  لەئیدارەی  گەرمیان (122) رووداو، گیانلەدەستدانی (13) كەس و برینداربوونی (157) كەسی لێكەوتووەتەوە، لەئیدارەی راپەڕین (90) رووداوی هاتوچۆ، گیانلەدەستدانی (12) كەس و (108) برینداری لێكەوتووەتەوە، بەهەمان شێوە لەقەزای سۆران (75) رووداو، حەوت گیان لەدەستدان و (132) برینداری لێكەوتووەتەوە.

بەرپرسی بەشی ئامارو وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم، دەڵێت رووداوەكانی هاتوچۆ بەراورد بەوڵاتانی ئەوروپا زیاترە.

ئەسعەد مەلا كەریم، بەرپرسی بەشی ئامارو وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» رووداوەكان لەهەرێمدا بەبەراورد بەوڵاتانی ئەوروپا زۆرن، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵی رابردوو زیادیكردووە».

لەبارەی پلانی هاتوچۆی هەرێمەوە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی رووداوەكان و قوربانییەكانی، بەرپرسی بەشی ئامارو وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم پێیوابوو ستانداركردنی مۆڵەتی شۆفێری و هێڵی گشتی دەتوانێت چارەسەری زۆری رووداوەكان بكات.

هەروەها وتی» ئێستا لەهەرێمدا لەهەر ناوچەو شارو پارێزگایەك مۆڵەتی شۆفێری رێكارەكانی جیاوازی هەیە، بۆیە بەستانداركردنی وەرگرتنی مۆڵەت وادەكات شۆفێری كارامە بكەیتە سەر شەقامەكان و هۆكاربن بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان».

بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆیی حكومەتی هەرێمە لەماوەی ساڵی 2020دا زیاتر لەدوو هەزار و (897) رووداوی هاتوچۆ روویداوە، بەهۆی ئەو رووداوانەوە چوار هەزارو (772) كەس برینداربوون و (432) كەسیش گیانیان لەدەستداوە، كە پشكی شێری گیانلەدەستدان و بریندارەكان لەپارێزگای سلێمانی بووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار