ئەكەپەو مەهەپە ناتوانن هەدەپە دابخەن

دوای ئازادبوونی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

 

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری ئاشتی و دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە بەهۆی بڵاوكردنەوەی پۆستێك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆری درایە پاڵ و بەدوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن سزادرا.

رۆژی 17ی ئازاری 2021 لەپەرلەمانی توركیا مافی پەرلەمانتاری لێوەرگیرایەوەو لە 21ی ئازار لەپەرلەمان دەستبەسەركراو هەمان رۆژ دوای ئەوەی وتەی لێوەرگیرا، ئازاد كرا، بەڵام جارێكی ترو لەدووی نیسانی 2021 دەستگیركرایەوەو خرایە زیندانەوە.

گەرگەرلیئۆغلۆ لەیەكەم چاوپێكەوتنیدا لەدوای ئازادبوونی بۆ هاوڵاتى دەدوێت و دەڵێت:» هەدەپە لە 12%ی زیاتری دەنگدەرانی توركیا پێكدەهێنێت، هەرگیز رێگە بەداخستنی هەدەپە نادەین، بۆیە ئەكەپەو مەهەپە بەرپرسیاریەتی داخستنی هەدەپە دەكەوێتە ئەستۆیان و توانای ئەوەشیان نییە دایبخەن».

 هاوڵاتى: هۆكاری دەستگیركردنەكەتان چی بوو وەك پەرلەمانتارێكی هەدەپە؟

عومەر فاروق: لەتوركیادا تاكە هۆكاری دەستگیركردنی من و هەموو هەدەپەییەكان كەئێستا لەزیندانن  هەر كوردبوونە هۆكاری دیكە نییە، رێبەر ئاپۆ بۆ دەستگیر كراوە؟ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن و گوڵتان كشناك و هەزاران ئەندامی دیكەی هەپەدە بۆ دەستگیركراون؟ ئایا ئەمانە كەسیان كوشتووە ئایا پارەی دەوڵەتیان دزیوە، نەخێر، ئێمە تەنیا لەبەرئەوەی كوردین و دەمانەوێ بەكوردی بژین و بخوێنین و هەبین، بەڵام بۆ ئەوەی نەبین، بیانووی جۆراوجۆر دەهێننەوە.

 بە من دەڵێن بانگەشەت بۆ تیرۆر كردوە لەتویتەردا، بەیەكێكی تر دەڵێن تۆ لەگەڵ تیرۆریستان دانیشتووی، بەیەكێكی تر دەڵێن، سوكایەتیت بەسەرۆك كۆمار كردووە، بۆ هەر یەكێك بیانوویەك دەدۆزنەوە، بەڵام مەسەلە ئەساسەكە كورد بوونەو ئیرادەی گەلی كوردە كە دەیانەوێ تێكی بشكێنن كەئەمەش هەرگیز روونادات.

هاوڵاتى: چۆن ئێوە ئازادكران و ئەوانی دیكەی هەدەپە هەر لەزیندانن؟

عومەر فاروق: دەوڵەت دۆسییەكی چەندین لاپەڕەیی بۆ هۆنیبوومەوە كە هەمووی دوور بوون لەڕاستییەوە، هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەو تۆمەتباركردنەم نەبوو، ئەوان تاكە بەڵگە ئەو تویتەبوو كە كردبووم، بەڵام هیچ گرنگیەكی نەبوو، نە پشتگیركردن بوو لەپەكەكە، نە سوكایەتی بوو بە ئەردۆغان، نە هیچ مەترسییەك، بۆیە دادگا  بڕیاریدا بەئازادكردنم.

 لەگەڵ ئەوەی كە من هیچ شتێكم لەسەر نەبوو دەستگیركردنم بڕیارێكی نادادپەروەرانە بوو، دەوڵەت دەیەوێت وا نیشانی بدات ئەوان پابەندی دیموكراسین  و ئەوەتا پەرلەمانتاریشیان ئازاد كردووەو هیچی لەسەر نەبووە، بەڵام ئەوانی دیكە كە لەزیندانن تاوانیان كردووەو تیرۆریستن!!، كە ئەمە شەڕێكی دەروونییە لەگەڵ گەلی كوردو بەتایبەت هەدەپە دەیكەن، دۆسییەی من و هەموو دۆسییەی ئەوانی دیكە وەكو یەكەو هیچی بەڵگەو دیكۆمێنتیان بۆ تاوانباریكردنی سەركردەكانی ئێمە پێنییە.

هاوڵاتى: لەڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت پۆلیس بەشێوەیەكی نائاسایی دەستگیرت دەكەن، ئایا لەزیندان ئەشكەنجەنەدرای؟

عومەر فاروق: نەخێر ئەوە هەر ئەو ساتەبوو كە بەشێوازی نامرۆڤانەی خۆیان كەپێی راهاتوون منیان گرت، ئەشكەنجەی جەستەیی نەدرام، بەڵام ئەگەر ئەشكەنجەدانی فیزیكیش نەبێت، هەمیشە ئەشكەنجەدانی دەروونی هەیە.

بەڵێ ئەشكەنجەدانی دەروونی لە رێبەر ئاپۆوە تاهاووڵاتییەكی سادەی كورد هەیە، بەڵام هەرگیز دەروون و ئیرادەی گەلی كورد ناشكێت، ئەوان ئەشكەنجە دەخۆن كەگەلی كورد بەو بەهێزییەوە دەبینن لەزیندان، ئەوان ئەشكەنجە دەخۆن كە زەردەخەنەكانی بەڕێز دەمیرتاش و ئێمە دەبینن، ئەوەندەی تر ئیرادەی گەلی كوردیان بۆ رووندەبێتەوە.

هاوڵاتى: پێشبینی ئەوە دەكەیت دەستگیربكرێیتەوە؟

عومەر فاروق: ئەمە هەمیشە ئەگەرێكی كراوەیە، ئێمە بۆ ئەم گەلە تێكۆشان دەكەین لەسەر ئەم رێگەیە هەزاران ئاستەنگ و ناڕەحەتی هەیە، زیندان هەیە ئاوارەبوون هەیە، خۆڕاگرتن لەبەردەم ئەشكەنجە هەیە، رێگای بەرگریكردن لەگەلی كورد رێگایەكی گوڵڕێژ نەكراوە، ئێستا دوای ئازادبوونم دەست بەچالاكییەكانم دەكەمەوە لەپەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، دوور نییە سبەینێ بمخەنەوە زیندان، چونكە ئەوان لەچالاكی هەدەپە دەترسن، لەكورد دەترسن بۆ ئەوەش لەهەموو شوێنێك رووبەڕووی كورد دەبنەوە، بەڵام تێكۆشانی ئێمە لەزیندان و دەرەوەی زیندان بەردەوامە.

هاوڵاتى: ئەو چەند مانگەی لەزیندان بووی ئەوەی بینیت و هەستت كرد رەوشی زیندانیان چۆنە؟

عومەر فاروق: بەدڵنیاییەوە زۆر خراپە، رەوشی زیندانیان زۆر خراپەو مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت، ئەمە كارێكی خراپە، مرۆڤ لەهەموو شتێك بەبەهاترەو شایەنی ئەو هەموو ئازارو ئەشكەنجەدانە نییە، خوا بەو گەورەییەی خۆیەوە رێزی لەمرۆڤ گرتووە، بەڵام ئەمان بێڕێزی بە مرۆڤ دەكەن، لەزیندان چیرۆكی خەمناك هەیە، من هەستم بەخەمێكی گەورە دەكرد، بەردەوام دەمپرسی ئەو هەموو بێڕێزییە بەرامبەر مرۆڤ بۆچی؟.

هاوڵاتى: بۆچی ماوەیەكە گۆشەگیرییەكان لەسەر ئۆجەلان توند كراونەتەوە؟

عومەر فاروق: كاتێك پێویستیان دەبێت گۆشەگیری شل دەكەن و كاتێك پێویستیان نەبێت گۆشەگیری قورس دەكەن، بەڵام ئەو گۆشەگیرییە لەسەر هەموانە. نەك تەنها لەسەر كوردان، بەڵكو ئەو گۆشەگیرییە لەسەر هەموو توركیایە، لەئەساسدا كێشەكان لای رێبەر ئاپۆ چارەسەر دەبن، ئێمە ئازادیمان دەوێت و ناونیشانیش بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دیارە، نە پێویستی بە ئەمریكا هەیە و نە بە روسیا، ئیمراڵی نزیكەو بڕۆن بۆ ئەوێ. دەبێت ئێمە گۆشەگیری تێكبشكێنین، كاتێك ئێمە ئەو گۆشەگیرییە تێكبشكێنین، هەم رێبەر ئۆجالان و هەم ئێمەش ئازاد دەبین.

هاوڵاتى: بۆچی لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەوەندە فشارەكان لەسەر كورد توندبوونەتەوە؟

عومەر فاروق: سیاسەتی دەسەڵاتی ئاكەپەو مەهەپە دوژمنایەتی گەلی كوردە، شەش ساڵە هێرش و سیاسەتی قێزەون بەردەوامی پێدەدەن، تا ئەمڕۆ ئەنجامیان بەدەستنەهێناوە و لەئێستاش بەدواوە ئەنجام بەدەستناهێنن.

دەبینین كە قێزەونی ئەوان لەئاستی هەرە باڵادایە، لەسەر بناغەی دوژمنایەتی كورد هاوپەیمانی دروست دەكەن و بەئاشكرا دژایەتی كورد دەكەن و نایشارنەوە، بەفشارو هێرش و ئۆپەراسیۆنەكان لەشارەكان، دەیانەوێت ئەنجام بەدەستبهێنن.

هاوڵاتى: وەك هەدەپە چۆن سەیری ئەو لەشكركێشەی توركیا دەكەن لەخاكی هەرێمی كوردستاندا؟

عومەر فاروق: ئەردۆغان پلانێكی فراوانخوازی عوسمانیانەی هەیە لەناوچەكەدا بەڕێوەدەبات كەمێژووەكەی لە (100) ساڵی رابردوو داڕێژراوە، ئەردۆغان بەردەوامە لەداڕشتنی پلانەكەی، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت دەسەڵاتی تەواوی بەسەر رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و لیبیاو میسردا پەیدا بكات، ئەردۆغان دەیەوێت بەرگێكی ئیسلامیانە بكات بەسەر فراوانخوازییەكانیدا و سود لەگروپە چەكدارەكانی سوریاو عێراق وەربگرێت تا بتوانێت وەك بەكرێگیراوێك لەجەنگەكانی دژ بەوڵاتان بەكاریانبهێنێت.

هاوڵاتى: دۆسییەی داخستنی هەدەپە گەیشت بەكوێ؟

عومەر فاروق: ئەم دۆسیەیە لەدادگایە، هیچ بەڵگەو بیانوویەكیان نیە، بەدوای ریزكردن و دۆزینەوەی بیانوودا دەگەڕێن، لەگەڵ ئەوەشدا فشار زۆر لەسەر ئەپەكە و ئەردۆغان هەیە كە ئەم بڕیارە رابگرن، بەڵام ئەوان هەموو خەباتێك دەكەن بۆ ئەوەی هەدەپە بوەستێنن لەو تێكۆشانەی بەڕێوەی دەبات.

هەدەپە لە ١٢%ی زیاتری دەنگدەرانی توركیا پێكدەهێنێت، چۆن پارتێك نوێنەرایەتی لە ١٢% بكات دایدەخات، ئێمە رێگە بەداخستنی هەدەپە نادەین، درێژە بەم رێبازەمان دەدەین، ئەگەر دادگای دەستووری لەكۆتایی ئەم پرۆسەیەدا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات، ئابوڕووچوونێكە بۆ یاساو دەستوری توركیا، جگە لەوەش ئەكەپەو مەهەپە بەرپرسیارییەتی داخستنی هەدەپە دەكەوێتە ئەستۆیان، بۆیە ئەكەپەو مەهەپە توانای ئەوەیان نییە هەدەپە دابخەن.

هاوڵاتى: دەوترێت لەسەر داخستنی هەدەپە ناكۆكییەك لەنێوان ئەكەپەو مەهەپە هەیە ئەمە تاچەند راستە؟

عومەر فاروق: ماوەیەك پێش ئێستا هەندێ كێشە دەركەوتن كەدەریدەخەن ناكۆكییەك لەئارادا بێت، قسەكانی دەوڵەت باخچەلی هەندێ ناكۆكی پیشاندا، بەڵام ئەكەپەو مەهەپە خاوەنی یەك زهنیەتین بۆ مانەوەیان پشتگیری یەكتر دەكەن، بۆ ئەوەش لەسەر دژایەتی گەلی كورد كۆكن.

هاوڵاتى: دەوترێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەدەپە بەنیازە لەگەڵ پارتەكەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان یان جەهەپە هاوپەیمانی پێكبهێنن؟

عومەر فاروق: نەخێر ئەوە راست نییە، هەدەپە هیچ هاوپەیمانیەتیەك پێكناهێنێت لەگەڵ ئەو هێزانەی كەدژی گەلی كورد لە تێكۆشاندان، بەڵام جارێ زووە بۆ ئەو بڕیارەو دەكرێت لەداهاتوودا هەدەپە بیر لەڕێگای سێییەم بكاتەوە بۆ هەڵبژاردن.

هاوڵاتى: رێگای سێیەم چییە؟

عومەر فاروق رێگای سێیەم هاوپەیمانییەتی دیموكراتییە كەئەو هێزانەن كار بۆ دیموكراتیزەكردنی توركیا دەكەن و بڕوایان بەدیموكراسی و مافی گەلانی دیكەش هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار