دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بۆشایی ئاسمان بۆ گەشتکردن هەڵدەبژێرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جێف بێزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان ئەمڕۆ بە کەشتی بلو ئۆریجن دەچێتە بۆشایی ئاسمان کەشتییەکە بە تەواوی ئۆتۆماتیکییە و پێویستی بە فڕۆکەوان نییە. 

گەشتەکە لە 55ـەمین ساڵڕۆژی نیشتنەوەی یەکەم گەشتی نیل ئارمسترۆنگ و بووز ئاڵدرین لەسەر مانگ ئەنجامدەدرێت. 

مارک بێزۆس، برای جێف بێزۆس، ژنێکی 82 ساڵان و گەنجێکی تەمەن 18 ساڵان یاوەری گەشتە ئاسمانییەکەی جێف بێزۆس دەبن ئەوەش دەبێتە یەکەم گەشتی کەشتییەکەی کۆمپانیای بلو ئۆریجن کە بە سەرنشینەوە دەچێتە بۆشایی ئاسمان. کەشتییەکە بە تەواوی ئۆتۆماتیکییە و پێویستی بە فڕۆکەوان نییە.

جێف بێزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن رایگەیاند "بۆئەوەی زەوی لە بۆشاییەوە ببینی، ئەمە دەتگۆڕێت. پەیوەندیت لەگەڵ ئەو هەسارەیە و مرۆڤایەتیی دەگۆڕێت. دەمەوێت ئەو گەشتە بکەم چونکە ئەوە شتێکە بەدرێژایی ژیانم ویستوومە. ئەوە سەرکێشییە، رێککەوتنێکی گەورەیە بۆ من. براکەمم بانگێشتکردووە بۆئەوەی لەم گەشتەدا لەگەڵم بێت چونکە ئێمە نزیکترین هاوڕێین". 

چەند ساڵێکە ملیار دێر و کۆمپانیاکان لە پێشبڕکێدان بۆئەوەی بتوانن بەزوویی گەشتیاران ببەنە بۆشایی ئاسمان. هەر یەک لە جێف بێزۆس، ئیلۆن مەسک و ریچارد برانسۆن ملیاران دۆلاریان لەو بوارەدا خەرجکردووە. 

بۆب سمیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بلو ئۆریجن وتی "مەیلی دانی پارەیەکی زۆر هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە. گەشتەکانی سەرەتاییمان بە نرخێکی باش دەبن. بینیتیان کە حەز و تامەزرۆی خەڵک لە سەرەتا زۆر بوو. ئێمە خەڵکمان هەیە لە تەمەنی بیستەکان دایە، هەموویان حەز دەکەن." 

لە 11ی ئەم مانگە، ریچارد برانسۆن، دامەزرێنەری ڤێرجن گالاکتیک لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە کەشتی ڤێرجن گالاکتیکی دروستکراوی کۆمپانیاکەی چوو بۆشایی ئاسمان. بەگوێرەی کۆمپانیاکە 600 کەسیش داوایان کردووە وەک گەشتیار بچنە بۆشایی ئاسمان. 

کۆمپانیاکەی ڤێرجن گالاکتیک، تاوەکو ئێستا 600 تیکتی فرۆشتووە هەر تیکتێک بە 250 هەزار دۆلار. برانسن بەڵێنی داوە نرخی تیکتی گەشتەکانی داشکێنێت بۆ 40 هەزار دۆلار. بەڵام ساڵی 2022 دەست بە گەشتی بازرگانی بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات.

کۆمپانیای بلو ئۆریجن، کۆمپانیاکەی جێف بێزۆس تیکتێکی بە 200 هەزار دۆلار دەفرۆشێت. بێزۆس هێشتا خشتەیەکی دیارکراوی بۆ نرخی تیکتەکانی دانەناوە، بەڵام 20ـی ئەم مانگە لە رێگەی مەزاتکردنەوەوە تیکتێکی کەشتییە ئاسمانیەکەی بێزۆس بە 28 ملیۆن دۆلار دەخرێتە مەزاتەوە.

هەروەها مانگی 9ی ئەمساڵ ئێلۆن مۆسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و بەڕێوەبەری سپەیس ئێسک گەشتیارانی سڤیل دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان و لە ساڵی 2023 شدا پلانی هەیە بۆ مەبەستی بازرگانی دەست بە گەشتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار