تالیبان: حکومەتێکی تازە پێکدەهێنین
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وتەبێژی تالیبان رایگەیاند :" ئێمە دەمانەوێت حکومەتێکی دیکە پێکبهێندرێت و شوێنی ئەم حکومەتەی ئێستا بگرێتەو".
سوهەیل شاهین، وتەبێژی تالیبان کە هاوکارت ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکەیە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان لە دەوحەی قەتەر رایگەیاند "دەمەوێت روونی بکەمەوە کە ئێمە باوەڕمان بە قۆرخکردنی دەسەڵات نییە و هەر حکومەتێكیش لە ئەفغانستان کە لە رابردوودا ویستوویەتی دەسەڵات قۆرخبکات شکستیهێناوە. تالیبان نایەوێت ئەو هاوکێشە شکستخواردووە دووبارە بکاتەوە".
سوهەیل شاهین وتیشی، حکومەتی ئەفغانستان ئاشتی ناوێت، بەڵکو لەلایەک دەیەوێت ئاگربەست هەبێت و لەلایەکی دیکەش دەیەوێت دەسەڵاتەکەی بمێنێتەوە و ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە. وتەبێژی تالیبان دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت حکومەتێکی دیکە پێکبهێندرێت و شوێنی ئەم حکومەتەی ئێستا بگرێتەوە.
حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تالیبان چەند گەڕێکیان لە گفتوگۆی سیاسی لە دەوحەی قەتەر ئەنجامداوە و بە گوتەی چەند بەرپرسێکی هەردوولا گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا ئەرێنین.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەمریکا و ناتۆ لە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان کە بڕیارە دوا سەرباز لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە.