عەقڵییەت و سیاسەتی دیموکراتیک
سیروان ڤیان
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
تاوەکو دێت لەم سەردەمەدا ئەو بڕوایە بەهێز دەبێت، کە کێشەکانی کۆمەڵگە لەڕێگەی دیموکراسی و عەقڵییەتی دیموکراتیکەوە چارەسەردەکرێن. دەکرێت بڵێین، هەموو کەسەکان و لایەنەکان ئەوەیان دەستنیشانکردووە، کە کێشەکان بەدیموکراسی چارەسەر دەبن. بابەتی هۆکارو شێوازی پێشکەوتنی ئەو تێگەیشتنە، یان ئەو هۆشمەندییە گرنگە. تاوەکو ئەو تێگەیشتن و زانینە لەبەرچاو نەگیرێت، مرۆڤ لەکۆمەڵگە و بابەتە کۆمەڵگەییەکان نزیک بێتەوە ئەوا تووشی هەڵە دەبێت. لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا ئەو هەڵەیە زۆر دەکرێت و لەبەرئەوەش پێویستە ئێمە گرنگی بدەین بەو بابەتە. ئەگەر ئەوە نەکرێت ئێمە کۆمەڵگەو ئەو راستییە تێناگەین و ناتوانین پێشکەوتن دروست بکەین. پێویستە ئێمە ئەوە ببینین و لێی تێبگەین و لەناو هەوڵدا بین بۆ تێپەڕاندن و گوزەر پیایدا.
لەدیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد رۆڵێ پێشەنگایەتی دەگێڕێت. ئەو پێشەنگایەتییە هۆکاری مێژوویی و رۆژانەی هەیە. لەڕووی مێژووییەوە، کۆمەڵگەی کورد زۆر بەشداری کولتوری دەسەڵاتداری، دەوڵەتداری و شارستانی نەبووە. لەکۆمەڵگەی کورددا لەبریی کولتوری دەسەڵاتداری و دەوڵەت، کولتورو ژیانی کۆمەڵگەپارێز کاریگەریی هەیە. ئەو دۆخە وایکردووە، کە کورد لەمیزۆپۆتامیاو ناوچەکەدا بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ببێتە پێشەنگ. لەمێژوودا نموونەی ئەوە هەیە. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا کورد ئەرکێکی پێشەنگایەتیی هەیە. رەنگە هەڵە بێت، کە مرۆڤ ئەوە وەک ئەرک پێناسە بکات، چونکە پێگە و دۆخی سیاسیی کوردان بووەتە هۆی ئەوە، کە رۆڵێکی پێشەنگانەی وەهایان هەبێت. لەسەرەتادا ئێمە دەتوانین بڵێین، کوردستان، جۆگرافیایەکە، کە کولتوری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تیادا کۆبووەتەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لەڕووی مێژووییەوە دوو کولتور دروستبوون و بەرەوپێش رۆیشتوون. یەکەم، کولتورو ژیانی دیموکراتیک، کە پشتبەستووە بەکۆمەڵگەبوون و دووەم، کولتوری دەسەڵاتداری و دەوڵەت، کە پشتبەستووە بە چینایەتی. لەژیانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەشبوونێکی وەها هەیە. کورد بەزۆری و زۆربەی کورد لەکولتوری دیموکراتیکدا ژیاون.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا تێکۆشانی رزگاریی نەتەوەیی، کە گەلی کورد لەناو سنوورەکانی چوار دەوڵەتدا، کە بەشێوەیەکی دابەشکراو بەڕێوەی دەبات، رێگای ئەوە بە کورد دەدات، کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەپێشکەوتنی دیموکراسیدا ببنە فاکتۆرێکی گرنگ. تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی کورد لەعێراق، ئێران، سوریاو تورکیا نەک تەنها لەکوردستان، بەڵکو لەناو ئەو وڵاتانەشدا رێگا بۆ گۆڕینی دیموکراتیک دەکاتەوە. ئەو دۆخە لەدیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی جێگەو پێگەیەکی گرنگە، چونکە ئەو دەوڵەتانە داگیرکەر و چەوسێنەرن و پێشەنگایەتیی تێکۆشان لەدژی داگیرکەری و پێشکەوتنی دیموکراتیک لەلایەن کوردانەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هۆکاری ئەوەی، کەکورد بوونەتە پێشەنگی پێشکەوتنی دیموکراتیک تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە.
چونکە جگە لەکوردان، گەلانی تر تێکۆشانی رزگاریی نەتەوەیی و تێکۆشانی چینایەتییان هەیەو لەئەنجامی ئەو تێکۆشانانەدا، گەلانی تر، کە لەژێر داگیرکەریدا بوون بەسەربەخۆیی گەیشتوون. بەهەمان شێوە لەکاتی جیاجیاداو لەزۆرێک لەناوچەکانی جیهاندا لەئەنجامی تێکۆشانی چینایەتیدا شۆڕش روویداوە. ئەم پێشکەوتنە گرنگانەی ئەم سەردەمەمان و بناغەی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی ئەمڕۆیان بونیاتناوە. سەرباری ئەوەش بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە و کێشەکانی ئەم سەردەمە نەیانتوانی چارەسەرییەکی ریشەیی بدۆزنەوە. ئەو دۆخە چەند هۆکارێکی هەیە، کە لەپێش هەموانەوە بۆ هۆکارەکانی عەقڵییەت، تێگەیشتن و ئامێرو کەرەستە بنەڕەتییە وەرگیراوەکان دەگەڕێتەوە، چونکە لەو بابەتانەدا نەیانتوانی نوێبوونەوەیەک پێکبهێنن، لەبەرئەوەش نەیانتوانی سیستمی کاپیتالیستی ئێستا هەڵبوەشێننەوە. پێشکەوتن روویداوە، بەڵام سنووردار ماوەتەوە.
ئێستا ئەو تێکۆشانە، کە گەلی کورد لەدژی داگیرکەری بەڕێوەی دەبات لەکوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتنی دیموکراتیک دەئافرێنێت و کوردان دەخاتە ئاستی پێشەنگایەتی. ئەو راستییە لەڕۆژئاوا دەرکەوت و بە روونی بینرا. بێگومان بناغەی ئەو راستییە بۆ عەقڵییەت و کەرەستەو ئامرازە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە، کەهێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خۆیان کردە بنەما. پێشەنگایەتیی کورد لەسەر بنەمای ژیان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک شۆڕشێکی عەقڵیەتی و هۆشمەندانەی پێکهێناوە. ئەوە هەم لەناو کوردان و هەم لەناوچەکەدا رۆڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەگێڕێت. کاتێک بینییان تێکۆشانی کوردان لەکوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵێکی ئەرێنی و پێشکەوتوخوازانە دەگێڕێت، لەئاستی جیهانیشدا سەرنجەکانی راکێشایە سەر خۆی، چونکە ئەمڕۆ لەسەرتاسەری جیهاندا بڕوا بەوە دەکرێت، کەکێشەکانی کۆمەڵگە بەتێگەیشتنی ژیان و کولتوری دیموکراتیک چارەسەر دەبن.
سیستمی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست بەعەقڵییەتی تاکپەرەستی و بەدەستهێنانی سوودو قازانجی زۆر ژیان تاڵان دەکات. ئەو تێکۆشانە چینایەتی و نەتەوەییانە، کە بەڕێوەدەچن لەبری ئەوەی، کە سیستمی دیموکراتیک و کۆمەڵگەپارێز بکەنە بنەما، ئامڕازو کەرەستەکانی دەسەڵاتداری و دەوڵەت دەکەنە بنەما، کە بەهۆی ئامرازەکانی کولتوری دەسەڵاتەوە، ئەو پێشکەوتنەی روویداوە سنووردار بووە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا هیچ کەس ناتوانێت ئازادی و رزگاری و ئامرازەکانی دەسەڵاتداری و دەوڵەت پێکبهێنێت. بێگومان ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بەجێ و راست نییە، چونکە بەو ئامرازانە کێشەکانی کۆمەڵگە لەم سەردەمەدا چارەسەر نەکراون. سەرباری ئەوەش لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا هێشتا ئەو نزیکایەتی و هەڵسوکەوتە کاری پێدەکرێت، کە خۆی بەدەوڵەت و دەسەڵاتەوە دەناسێنێت و دەیەوێت کێشەکانی کۆمەڵگە بەهەمان عەقڵییەت و ئامراز چارەسەر بکات، بەڵام ئیدی لەجیهاندا نزیکایەتییەکی زۆر زیاتر بۆ بچووکردنەوەی دەوڵەت هەیە و لەبری ئەوە زیاتر بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە بۆ ژیانی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر لەپێشترە. زیاتر و زۆرتر بۆ دەسەڵاتداری و دەوڵەت نییە، بەڵکو لەبری ئەوە گفتوگۆی زۆر زیاتر بۆ کۆمەڵگە و دیموکراسی بەڕێوەدەچێت.
لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سیستمی مۆدێقنیتەی کاپیتالیست لەقەیرانی زۆردایەو بۆ ئەوەی خۆی لەو قەیرانانە رزگار بکات بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێت. لەلایەکەوە بە شەڕو زۆر زیاترکردنی داگیرکەری و لەلایەکی ترەوە بەهەندێک گۆڕانکاریی سنووردار هەوڵدەدات لەو قەیرانە دەرچێت. ئەوەی، کە لەئەوروپا و شوێنەکانی تردا سیستمی کاپیتالیست تیایدا باڵادەستە، پێشدەکەون و وەک پێشکەوتنی دیموکراتیک پێناسە دەکرێن، بەڵام لەڕاستیدا وەها نییە. ئەو پێشکەوتنانە لەبەر تەنگاوییەکە، کە سیستمی کاپیتالیست تیایدا دەژی، بەو هۆیەوە ئەو پێشکەوتنانە روودەدەن، بەڵام ئەوانە گۆڕانکاریی ریشەی و راستەقینە نین و پێشکەوتنی سنووردارن. ئەوانەی ئەو پێشکەوتنە دیموکراتیکە راستەقینەیە پێکدەهێنن، کۆمەڵگەو گەل و ژنانن. ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان روویدا ئەوە بوو لەبەرئەوەش بەشێوەیەکی جیا پێشکەوت. لەهەر چوارلای جیهانەوە ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ هاتن بۆ رۆژئاواو بەشداری تێکۆشان بوون و شەڕیان کرد. عەقڵییەتی نەتەوەیی دیموکراتیک، ژیان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەو شێوەیە سەرنجی مرۆڤەکانی بۆ خۆی راکێشا.
ئێستا نۆ ساڵ بەسەر شۆڕشی رۆژئاوادا تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی شۆڕش روویدا، بەڵام پێشکەوتنەکان هێشتا زۆر سنووردارن. لەلایەکەوە داگیرکەری و هێرش هەیەو ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە. ئەو هێرش و داگیرکەری و مەترسییانە چۆن بێکاریگەر بکرێن و بڕەوێنرێنەوە، ئەوە بنەڕەتیترین بابەتە بۆ کارکردن. لەلایەکی ترەوە نزیکایەتییەک و هەڵسوکەوتێک و حەزو خواستێکی لەو شێوەیەی تیادا دەبینرێت، کەهاوشیوەی سیستمی دەوڵەتە. ئەوەش کێشەیەکی گرنگە. ئەگەر شۆڕشی پەیوەندیدار بەعەقڵییەتی دیموکراتیکەوە خۆی بچەسپێنێت و خۆی بەهەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبکاتەوە ئەوا رێگا بە رووی گۆڕانکاریی گرنگدا دەکاتەوە، پێویستە مرۆڤ بۆ سەرکەوتنی ئەوە کاربکات.
کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەپێشکەوتنی دیموکراسیدا ببنە فاکتۆرێکی گرنگ. تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی کورد لەعێراق، ئێران، سوریاو تورکیا نەک تەنها لەکوردستان، بەڵکو لەناو ئەو وڵاتانەشدا رێگا بۆ گۆڕینی دیموکراتیک دەکاتەوە. ئەو دۆخە لەدیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی جێگەو پێگەیەکی گرنگە، چونکە ئەو دەوڵەتانە داگیرکەرو چەوسێنەرن