ئایا ئێرانو ئەمریکا دەگەنە رێککەوتن؟
سەردار عەزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
ئێران و ئەمریکا لەسەر سێ پرس بە ناڕاستەوخۆیی لە دانوستاندان. پرسەکان بریتین لەچەکی ئەتۆمی،رڕۆکێتی بالیستی لەگەڵ هاوکاریی ئێران بۆ میلیشیاکان لەدەرەوەی ئێران. ئێران تەنها دەیەوت لەسەر پرسی پیتاندنی ئەتۆمی دانوستان بکات، بەڵام ئەمریکا لەژێر فشاری کۆمارییەکان و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، دەیەوێت ئەو دوو پرسەی تریشی بۆ زیاد بکات. بەڵام پێش ئەوەی ئێران هەر زیادەکردنێک قبوڵ بکات، دوودڵ و پڕ لەگومانە لە دانوستان لە گەڵ ئەمریکادا. هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم گومانەش پەیوەستە بەدۆخی سیاسی ئەمریکاوە. ئێرانییەکان وەها دەبینن کە ئەگەر هاتوو لەگەڵ بایدندا رێککەوتن، پرۆسەی رێککەوتنەکە هیچ نەبێ ساڵێکی دەوێت. ئەگەر هاتوو بایدن تەنها یەک خول سەرۆک بوو، لە هەڵبژاردنی داهاتودا کۆمارییەکان هاتنەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە رێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە، چونکە ترەمپ بە هەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکە لە ٢٠١٨، پرسی هەڵوەشانەوەی کردە بەشێک لەخواست و ئامانجەکانی کۆمارییەکان و هەروەها هاوەڵەکانی. بەم پێیە ئێران لەوە نیگەرانە کە رەنگە ڕێککەوتن هیچ سودێکی نەبێت کاتێک تەنها بۆ چەند ساڵێکی کەمە و لە ئەنجامدا ئێران هێندە سودی لێنابینت. ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن بە دەستهێنانی جۆرێک لەدڵنیاییە. بەڵام بە دەستهێنانی دڵنیایی لەناو کایەی دیموکراسیدا بەگشتی کارێکی ئەستەمە، چونکە چ لە قۆناغی کەمپەین و چ لە قۆناغی بەڕێوەبردندا، ڕوداو لەگەڵ دۆخی ساتەوەختەکە بڕیار لەسەر ئاراستەی کارەکان دەدەن. ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن، بەڵام هێشتا نەیانگوتوە، بە دەستهێنانی ڕەزامەندی فەرمی کۆنگریسە بۆ ڕێککەوتنەکەیان لە گەڵ ئەمریکادا. ئەمەش نە بایدن خواستی هەیە و نە لە کۆنگریسێکی جەمسەرگیری ئێستادا فەراهەم دەبێت.
لە ڕاستیدا بایدن ناتوانێت ئەم پرسە بوروژێنێت لە کۆنگریس هەتا پاش هەڵبژاردنی مید-تێرم. مید-تێرم ئەو هەڵبژاردنە ناوەندییە کە ساڵی داهاتو بۆ بەشێک لە کورسییەکانی کۆنگریس دەکرێت. ئەگەر هاتوو جارێکی تر کۆمارییەکان بوون بەزۆرینە، ئەوا رێککەوتن لەکۆنگریس مەحاڵ دەبێت. ئەوەی وەها لە بایدن دەکات کە ئەم پرسە گەورە نەکات، ئەوەیە بایدن نایەوێت لە پرسێکی وەک پرسی ئێران، کە هێندە ستراتیژی نیە، کۆنگریس بکات بە نەیاری خۆی، چونکە پێویستی بە کۆنگریسە بۆ ئەو چاکسازییانەی کە لە ناوەوە دەیەوێت بیکات. دیارە ئێران لە پلەی پێنجەمیندایە لە پرسە ستراتیژییەکان بۆ ئیدارەی بایدن. هۆکاری بونی ئەم پرسە لە پلەی پێنجدا، ئەوەیە کە ئەمریکا بە گشتی نایەوێت پرسی ئێران ببێت بە پرسێکی گەورە لە ناوچەکەدا و ئەمریکا ناچار بکات جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە بە پرسێکی سەرەکی. ئەم دۆخە ئاڵۆزە و ئەم دانوستانە لەرزۆکە چێمان پێدەڵێت؟ وەک دەردەکەوێت ئامانجی بایدن ئەوەنیە کە بگاتە ڕێککەوتن لە گەڵ ئێراندا، هێندە ئەوەیە کە چۆن ئێران نەبێتە هۆکاری هاتنەوەی ئەمریکا بەچڕی بۆ ناوچەکە. بە زانینی ئەم ستراتیژە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە بەلای ئیدارەی بایدنەوە کێشە نیە ئەگەر دانیشتنەکان درێژە بکێشین و ناو بەناو پچڕییان تێبکەوت. وەک دەزانین ئێستا رەوتی دانوستانەکان وەستاوە، هەتا ناوەڕاستی مانگی ئاب دەستپێناکاتەوە. لە هەمانکاتدا ناوەندە جیاوازەکانی ئێران پەیامی ئەوە دەنێرن کە نابێت دەستپێبکاتەوە. دیارە سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێی ئێران سێی مانگی ئاب دەستبەکار دەبێت. پاش دەستبەکاربونی بە فەرمی بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات. بەڵام راڕایی ئێرانییەکان وەهای لێدەکات کە بە حەماسەوە بەرەو رێککەوتنەکە نەڕۆن، بەتایبەتی ئەگەر بایدن سوربێت لەسەر پرسی بالیستی لە پەیوەندی لە گەڵ میلیشیاکاندا. دەستبەرداربون لە ئەو ئامرازنە بەلای حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانەوە سەخت دەبێت چونکە ئەوان ئەو ئامرازانە وەها دەبینن کە سەرچاوەی هێزو کاریگەرییانە لەناوچەکە. بۆیە ئەگەری هەیە لە فشاری ئەمریکا، ئەوان زیاتر جەخت لەسەر ئەو دوو بوارە بکەنەوە. ئەم هۆکارەشە کەپاڵنەرە لەپشت چالاکی زۆری میلیشیاکان دژ بەئەمریکا لەناوچەکە، بەتایبەتی عێراق. ئەو پەیامەی ئێران دەیەوێت بیگەیەنێت ئەوەیە کە ئەو میلیشیایانە دەتوانن ئەمریکا لەناوچەکە هەراسان بکەن و وەک چۆن تاڵیبان ئەمریکای لە ئەفغانستان ناچار بەکشانەوە کرد ئەوانیش هەمان کار بکەن. ئەم ئەگەری هەراسانکردنە، لەلایەن ئێرانییەکانەوە وەک کارتێکی فشار بەکاردێت بۆ سوککردنی داواکاریی و خواستەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران.
ئەمریکاییەکان لەوەڵامدا هەوڵی بەکارهێنانی چەند ئامرازێک دەدەن. ئامرازی یەکەم، ئاماژەدان بەوەی کە دانوستانەکان ناکۆتا نین. هەرچەندە من گومانم هەیە لەوەی کە ئەمریکا لەدرێژەکشانی دانوستانەکاندا هیچ کێشەیەکی هەبێت. چونکە لەئێستادا کەسێکی وەک رۆبەرت مالی بۆ ئەو پرسە دیاریکراوەو حکومەتی ئەمریکی هێندە پێوە سەرقاڵ نیە. ئامرازێکی تر کە ئەمریکاییەکان ئاماژە بەپەنابردن دەبەن بۆی سیاسەتی کۆنتەینمێنت یان ئیحتیوایە. ئەوەی دەرخەری پەنابردنە بۆ ئەم پرسە، هەوڵی ئێستای ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوە یان وەستاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین. هەرچەندە وەک سەرچاوە تایبەتەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئێران بە ناڕاستەوخۆ، لەڕێگای هەندێک وڵاتەوە، وەک عومان، مالیزیا، نەوت بە چین دەفرۆشێت، بەڵام پەنابردنی ئەمریکا بۆ ئەم رێگایە نیشانەی ئەوەیە کەئەمریکا بیر لە ئیحتیوا دەکاتەوە. ئیحتیوا، کە نازانم وشەی گونجاو چیە لەکوریدا بۆی، پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئەمریکا سەردەمێکی زۆرە ئێران ئیحتیوا دەکات. لەسەردەمی کلینتۆندا هەردوو عێراق و ئێران پێکەوە ئیحتیوا کرابوون. هەندێک لە چاودێران دەڵێن لەکاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت ئامادەبوونی راستەوخۆی لەناوچەکە لاوازبکات، ئەوا ئیحتیواکردنی ئێران ئاسان نابێت. بۆ نموونە بۆ ئەوەی ئێران دەورەبدەی و لەدونیا دایببڕیت، کە ئامانجی پرۆسەی ئیحتیوایە، ئەوا دەبێت ئەمریکا لە ئەفغانستان بوونی هەبێ، بەڵام وەک دەبینین ئەمریکا لەئەو وڵاتە دەکشێتەوە، لەعێراقیش هەتا ئێستا روون نیە کە دەیەوێ چی بکات، بەڵام رۆژانە لەژێر فشاری زیاتردایە بۆ کشانەوە. ئێستا کە عێراق و ئەمریکا لەدوا قۆناغی دانوستانیاندان، ئێران بە کازمی گوتووە کە دەبێت داوا لەئەمریکا بکات کەهێزی شەڕکەری لەعێراق بکێشێتەوە و تەنها لۆجستی و راهێنانی لەوڵاتەکەدا بهێڵێتەوە. ئەم پێشنیارە بەسودی گەورەی میلیشیا دۆستەکانی ئێرانە لەعێراق. هەرچەندە هەندێک سەرچاوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە برێت مەکگۆرک پەیامی ئەوەی بەعێراقییەکان داوە، کە ئەمریکا قۆناغ قۆناغ بەتەواوی دەکشێتەوە. ڕەنگە ئەو کشانەوەیەی کۆمپانیا نەوتییە رۆژئاواییەکان و جێگرتنەوەیان بەکۆمپانیای چینی سەرەداوی ئەوەمان پێبدات کە چ لەئاستی سەربازیی و چ لەئاستی بازرگانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری عێراق دەبێت. ئایا عێراقێکی بێ ئەمریکا قازانجە بۆ ئێران؟ رەنگە لە ئاستی ئاسایشیی و سەربازیی بەسودبێت، بەڵام عێراقی بێ ئەمریکا عێراقێکی داڕماوی هەژاری پڕ لەقەیران دەبێت، ئەمەش بەسودی ئێران نییە.
برێت مەکگۆرک پەیامی ئەوەی بەعێراقییەکان داوە، کە ئەمریکا قۆناغ قۆناغ بەتەواوی دەکشێتەوە. ڕەنگە ئەو کشانەوەیەی کۆمپانیا نەوتییە رۆژئاواییەکان و جێگرتنەوەیان بەکۆمپانیای چینی سەرەداوی ئەوەمان پێبدات کە چ لەئاستی سەربازیی و چ لەئاستی بازرگانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری عێراق دەبێت. ئایا عێراقێکی بێ ئەمریکا قازانجە بۆ ئێران؟ رەنگە لە ئاستی ئاسایشیی و سەربازیی بەسودبێت، بەڵام عێراقی بێ ئەمریکا عێراقێکی داڕماوی هەژاری پڕ لەقەیران دەبێت، ئەمەش بەسوودی ئێران نییە