‌سەرۆكی تونس كودەتای سپی ئەنجام دەدات

حكومەتی لەسەركار لابردو پەرلەمانیشی سڕكردو بەشێك لەگەلی تونسی پاڵپشتی بڕیارەكانی دەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

سەرۆكی تونس بڕیاریدا كە خۆی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەبات بەهاوكاری حكومەتێك كەسەرۆكەكەی خۆی دایدەنێت، ئەوەش پاش لەسەركارلابردنی حكومەت و سڕكردنی پەرلەمان.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 25ی تەمموز، قەیس سەعید سەرۆكی تونس لەوتارێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند چوار بڕیاری گرنگی دەركردووە بۆ چارەسەركردنی دۆخی وڵاتەكەی و بەڵێنیدا بەسزادانی گەندەڵەكان و ئەوانەی فیتنە دەنێنەوە، بڕیارەكان بریتین لە:

1-لەسەركار لابردنی هشام ئەل مەشیشی سەرۆكی حكومەت.

2-سڕكردنی كارەكانی پەرلەمان بۆ ماوەی 30 رۆژ.

3-هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان.

4-سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەبات، بەهاوكاری حكومەتێك كەسەرۆكەكەی خۆی دایدەنێت،.

سەرۆكی تونس لەوتارەكەیدا وتی ئەو بڕیارانەی دوای راوێژكردن لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و پەرلەماندا بەپشتبەستن بەمادەی 80ی دەستوری وڵاتەكەی دەركردووەو لەپێناو پاراستنی كیانی نیشتیمان و ئاسایش و سەربەخۆییەكەیدا داویەتی. هاوكات بڕیاریشیدا پۆستی داواكاری گشتی وەربگرێت بەپاساوی ئەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی ئاشكرا دەكات.

سەرۆكی تونس راشیگەیاند:»بڕیارەكان بۆ رزگاركردنی دەوڵەت و كۆمەڵگای تونسییە، ئێمە بەهەستیارترین و مەترسیدارترین ساتەكانی مێژووی تونسدا دەڕۆین».

ئەو بڕیارانەی قەیس سەعید دوای ئەو خۆپیشاندانە زۆرو توندوتیژانە هات كەڕۆژانی هەینی و شەممە شارەكانی تونس بەخۆیەوە بینی و تیایدا خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمانیان كردو چەند بارەگایەكی بزوتنەوەی نەهزەیان سوتاند، كەزۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەیەو لەگەڵ پارتەكانی دڵی تونس و ئیئتلافی كەرامەدا كوتلەیەكی پەرلەمانییان دروستكردبوو بۆ پێكهێنانی حكومەت.

یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی خۆپیشاندانەكانی تونس قەیرانی كۆرۆنایە كە بەڕادەیەكی زۆر بڵاوبووەتەوەو رۆژانە نزیكەی (100) كەس دەكوژێت لەوڵاتەكەداو یەكێك لەبەرزترین ئاستەكانی مردنی تۆماركردووە لەسەر ئاستی جیهان، هاوكات ململانێی دەسەڵات بەتایبەتی لەنێوان سەرۆك كۆمار لەلایەك و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان بوونی هەیە.

دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لەساڵی 2019دا كە قەیس سەعید وەك كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداریكرد، حەبیب ئەلجملی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام لەبەرئەوەی نەیتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئیلیاس ئەلفەخاخ حكومەتی پێكهێنا، بەڵام دوای تەنیا پێنج مانگ تۆمەتی گەندەڵیی درایەپاڵ و بەهۆیەوە دەستی لەكاركێشایەوە، رۆژێك بەر لەدەستلەكاركێشانەوەكەی شەش وەزیری سەر بەبزوتنەوەی نەهزەی لەسەركار لابرد.

دوای ئەو قەیس سەعید لە 2ی ئەیلولی 2020دا هشام ئەل مشیشی كردە سەرۆك وەزیران، وێڕای ئەوەی خۆی لەو پۆستەدا داینا، بەڵام دوای كەمتر لەسێ هەفتە ناكۆكییەكانیان دەركەوت، كاتێك لەبەرچاوی كامێراكاندا سەعید سەرزەنشتێكی توندی مەشیشی كرد، چونكە چەند كەسێكی دامەزراندبوو كە لەسەردەمی زەینلعابدیندا پۆستیان هەبوو.

هەروەها لایەنگرانی نەهزە رەخنەی توندیان لەو هەڵوێستەی سەعید گرت و هۆكاری دروستبوونی ناكۆكییەكانیان بۆ ئەوە گێڕایەوە كە قەیس دەستوەردان دەكات لە كاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا، بەڵام سەڵاحەدین جورشی شیكەرەوەی سیاسی بەجەزیرە نێتی وت:»بەشێكی ئەو جەنگە ساردەی لەنێوان سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیراندا دروستبووە بەهۆی ئەوەوەیە كە سەعید هەستدەكات ئەو سەرۆك وەزیرانەی خۆی دایمەزراندووە لێی هەڵگەڕاوەتەوە».

قەیرانی كۆرۆنا دەرفەتێك بوو بۆ دەركەوتنی توندبوونەوەی ناكۆكییەكان لەنێوانیاندا، دوای رۆژانی جەژنی قوربان قەیس سەعید رەخنەی توندی لە حكومەتەكەی هیشام گرت لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەكەو بەگژداچوونەوەی نەخۆشییەكە، لەبەرامبەردا سەرۆك وەزیران فەوزی مەهدی وەزیری تەندروستی لەسەركار لابرد، كە بەیەكێك لەوەزیرە نزیكەكانی قەیس دادەنرێت.

لەوەڵامی ئەو هەنگاوەی هیشامیشدا، سەرۆك كۆمار پێشوازیی لەوەزیرە لەسەركارلابراوەكە كردو لەدیدارەیەكاندا بزوتنەوەی نەهزەو پارتەكانی دڵی تونس و كەرامەی بە ئەوە تۆمەتباركرد كەدەیانەوێت قەیران لەوڵاتەكەدا دروستبكەن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، ئەو سێ پارتەی هاوپەیمانێتییان پێكهێنا بۆ دروستكردنی حكومەت، لەو كاتی پێشوازیكردنەكەدا قەیس وتی:»ئەوان ماوەیەكە دەیانەوێت ئامادەكاری بكەن بۆ گۆڕانی وەزاری لەپێناو گەڕان بەدوای هاوسەنگییە سیاسییەكاندا، ئەوان قەیرانیان دەوێت بۆ بەڕێوەبردنی قەیران».

چەند رۆژێك دواتر سەعید بەڕێوەبردنی قەیرانی كۆرۆنای سپارد بەسوپاو ئەوەش رەخنەی توندی بزوتنەوەی نەهزەو پارتە هاوپەیمەكانی لێكەوتەوەو سەیف ئەلدین مەخلوف سەرۆكی كوتلەی كەرامە لەپەرلەمان بەڕاگەیاندنەكانی وت:» ئەوە هەوڵێكی نوێی قەیس سەعیدە بۆ بەسەربازیكردنی دەوڵەت و لادانی سوپا لەئەركە سەرەكییەكەی كەپاراستنی سنورە».

لەبەرامبەردا زۆرێك ئاماژەیان بەتواناكانی سوپا كرد لەئەو بوارەداو باسیان لەئەوەكرد كەسوپا دەگاتە ئەو ناوچانەی دامەزراوەكانی تر پێی ناگەن.

پێشتریش لەدیدارێكی تری نێوان سەعیدو مشیشیدا، قەیس هۆشداریدا لەئەوەی بەهۆی ئەو لۆبیكەرانەوە كە لەپشت پەردەوە كار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەكەن و لەپێناو مانەوەیاندا لەدەسەڵاتدا قەیران دروستدەكەن، «تونس لەمەترسییەكی گەورەدایەو ئەمیش دەستور بەحەرفی جێبەجێدەكات و بەهیچ جۆرێك بوار نادات پۆستەكان بۆ دەستكەوتی تایبەت بەكاربهێندرێن».

هاوكات چەند ڤیدیۆیەكی نیشانی مشیشیدا كە تیایدا چەند پەرلەمانتارێكی نەهزەو دڵی تونس هاتوچۆی دادگاكان دەكەن بۆ دەستوەردان لەدۆسیەی چەند كەسێك كە لەسەر گەندەڵیی گیرابوون، ئەوەو چەند ڤیدیۆیەكی تریش كەچەندین پێشێلكاریی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكومی لەخۆدەگرت، دوای نیشاندانی ڤیدیۆكانیش وتی:» دەزانم كێ شەقام دەجوڵێنێت و كێ قەیرانەكان دروستدەكات تا لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، با بزانن تونس كاڵا نییەو دەبێت یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێبكرێت و كەس لەسەروو یاساوە نییە، نابێت رێوشوێنەكان بەكاربهێنرێن بۆ هەڵنەگرتنی پارێزبەندی، پارێزبەندی بۆ ئەوە كراوە سەربەخۆیانە كارەكان بكرێت نەك بۆ ئەوەی بكرێتە قەڵغان، دڵنیابن دەستور بەحەرفی جێبەجێدەكەم».

ئەوەبوو رۆژی شەممە لەكۆشكی سەرۆكایەتیی قرتاج لەشاری تونسی پایتەخت، سەعید كۆبوونەوەیەكی كتوپڕی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئەمنیدا كردو دوای كۆبوونەوەكە بەپێی بڕگەی (80) لەدەستوری تونس كە لەكاتی بوونی «هەڕەشە و مەترسیی گەورەدا» دەسەڵات دەدات بەسەرۆك كۆمار بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و حكومەتدا سەرۆك وەزیران لەسەركار لاببات و كاری پەرلەمان سڕبكات، ئەو بڕیارانەی دەركرد كە بەوتەی خۆی بەڕاوێژ بووە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و پەرلەماندا.

لەوەڵامدا راشد ئەلغەنوشی سەرۆكی پەرلەمان ئەو قسانەی بەدرۆخستەوەو لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك سەرۆك باسی كاراكردنی بڕگەی (80)ی دەستوری نەكردووە، بەڵكو راوێژی پێكردووە لەسەر چەند رێوشوێنێكی دەستوریی، بەڵام غەنوشی نەیوت ئەو رێوشوێنانە چین.

دواتریش لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، غەنوشی ئەو بڕیارانەی بەنایاسایی و نادەستوری لەقەڵەمداو رایگەیاند:»بڕیارەكانی سەرۆك سەعید كودەتایە بەسەر دەستورو شۆڕش و ئازادییەكانی وڵاتدا».

لەلای خۆشیەوە ریاز شعێبی راوێژكاری سەرۆكی بزوتنەوەی نەهزە بە BBCعەرەبی وت:» ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا ئامانجیەتی تاقیكردنەوەی دیموكراسی لەتونسدا كۆتایی پێبهێنێت، ئەوە كودەتایەكی تەواوبوو».

هاوكات بزوتنەوەی نەهزەش لەبەیاننامەیەكدا نووسیویەتی: »ئەوەی سەرۆك سەعید كردی كودەتایە بەسەر شۆڕش و دەستورداو لایەنگرانی نەهزەو گەلی تونسیش دەكەونە بەرگرییكردن لەشۆڕش».

لەبەرامبەردا سامیە عەبو پەرلەمانتاری پارتی تەیاری دیموكراسی وتی بڕیارەكانی سەرۆك دەستوری و مێژوویین.

دوای دەركردنی بڕیارەكە لەشەوی یەكشەممەدا، غەنوشی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكدا چوونە پەرلەمان، بەڵام هێزەكانی سوپا دەرگاكەیان لێنەكردنەوەو نەیانهێشت بچنە ژورەوە. لەبەرامبەردا غەنوشی رایگەیاند:»داوا لەگەل دەكەین خەباتێكی ئاشتییانە دەستپێبكات بۆ گێڕانەوەی دیموكراسی».

بەڵام بەپێچەوانەی داواكارییەكەی ئەوەوە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بڕیارەكاندا، لەزۆرینەی شارەكانی وڵاتەكەو بەتایبەتیش تونسی پایتەخت، خەڵك لەخۆشیدا رژانە سەر شەقامەكان و دەستیانكرد بەئاهەنگگێڕان و بڕیارەكەیان بەپێویست و مێژوویی وەسفكرد و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و دەستورو مانەوەی قەیس سەعیدو رۆڵی زیاتری سوپایان دەكرد. لەهوتافكێشانەكانیشیاندا هاواریان دەكرد:» گەل هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دەوێت».

لەوەڵامی ئەو داوایەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند كە»دەستور رێگانادات پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام هیچ رێگر نییە لەسڕكردنی تەواوی كارو چالاكییەكانی»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار