پێشمەرگە لەپلانی نوێی ئەمەریـــكادا دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئێران گومانی لە سیناریۆكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق هەیەو پێیوایە واشنتۆن لەڕێگەی پڕچەككردنی پێشمەرگەو دژەتیرۆری عێراق رووبەڕووی باڵ و باسكە چەكدارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە.
دوو هەفتەیە بابەتی گەرمی میدیا فەرمییەكانی حكومەت و دەسەڵات لەئێران بووەتە هەواڵ و راپۆرتی شیكاریی سەبارەت بەپڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەو چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو هێزە لەلایەن ئەمەریكاوە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ یەكەمجار لەزاری راوێژكارەكانیەوە روونی كردووەتەوە كە ئەمەریكا پلانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوەو چیتر سەربازەكانی لەسەر زەوی بەمەبەستی بەرەنگاریی نەیارانی بەكارناهێنێت، بەڵكو لەسەر زەویی چەكداری خۆجێی بەكاردەهێنێت بەجۆرێك كە لەڕووی چەك و كەرەستەی سەربازیی هاوكارییان دەكات و لەبەرامبەریشدا لەئاسمانەوە پشتیوانیان دەكات بۆ جەنگ لەگەڵ نەیارانی ئەمەریكا لەسەر زەویی كە بەبڕوای ئێران یەكێك لەو هێزە خۆجێیانەی كە ئەمەریكا دەیەوێت پلانە نوێیەكانی پێ جێبەجی بكات، هێزەكانی پێشمەرگەیە لەهەرێمی كوردستان و عێراق.
بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە كە دوور نییە ئەمەریكا هێزی پێشمەرگە وەك كارتێكی فشار لەدانوستانە ئەتۆمییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران بەكار نەهێنێت.
پێشمەرگە لەپلانی ئەمەریكا تا كارتی فشار بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران
ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) رۆژی شەممە (10/7/2021) راپۆرتێكی بەناونیشانی (جیاوازیی هێزو كەرەستە سەربازییەكان لەعێراق؛ هێزە یان لاوازیی؟) نوسیویەتی: عێراق بەپێی پلەبەندییە سەربازییەكان لەپلەی (52)ی هێزە سەربازییەكانی جیهانەو لەنێو وڵاتانی عەرەبی بەپێنجەمین هێزی سەربازیی ئەژمار دەكرێت، بەڵام جیاوازیی جۆری هێزەكان و چەكەكانیان كاریگەریی زۆری لەسەر دامەزراوە سەربازیی و چەكدارییەكانی عێراق داناوە.
لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە راستەوخۆ لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانیی دەكرێن و تەنانەت لەم دواییانەدا موچەی هێزەكانی پێشمەرگە هەر لەلایەن ئەمەریكاوە رەوانە كراوە.
ئیرنا نووسیویەتی: پێشمەرگە كە بەبەشێك لەهێزە چەكدارەكانی عێراق لەقەڵەمدەدرێت هەڵگری بیروباوەڕێكی نەتەوەییە و لەگروپی بچوكتردا زیاتر پابەندی حزبەكانیان تاپاراستی كیانی عێراق، بەڵام ئەمەریكا بەهەموو جۆرێك یارمەتیی پێشكەشی ئەو هێزانە دەكات و ئەوەی روونە تەنها هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كە بەبڕیاری مەرجەعیەتی شیعەی عێراق لەساڵی (2014) دامەزراون تەنها پارێزگاریی لەعێراق دەكەن و پشتیوانیی مەرجەعیەت و ئایینی زۆرینەی خەڵكی ئەو وڵاتەیان لەپشتە.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی كاری ئێران (ئیلنا) رێككەوتی (12/7/2021) بەناونیشانی (پشتی پەردەی پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی عێراق و پێشمەرگە) لێدوانی قاسم موحیبعەلی، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە لەسەر یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراق لەچوارچێوەی پلانی نوێی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە بەمەبەستی دژایەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران.
موحیبعەلی وتوویەتی: تێڕوانین و پلانی ئەمەریكا لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووەو ئەمەریكا دەیەوێت لەئاسمانەوە چاودێریی شەڕ و جەنگی ئەو هێزانە بكات كە لەسەر زەوی بەكاریاندەهێنێت، بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردو هێزێكی عەرەبی سوپای عێراق بە بیانوی یەكخستنیان بۆ جەنگی دژی داعش لەڕاستیدا لە جەنگی دژ بەئێران لەلایەن ئەمەریكاوە بەكاردەهێنرێن.
بەرپرسەكەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە؛ ئەمەریكا گۆڕانكاریی لەبنەمای جموجۆڵ و هەڵسوكەوتەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و دروستكردنی هێزە چەكدارەكانی پێشمەرگەو بەشێك لەسوپای عێراق لەپێناو زیانگەیاندن بەهێزو باسك و باڵە سەربازییەكانی ئێران لەناوچەكەدا بەكاردەهێنێت و ئەو پەیامەی ئەمەریكا بۆ ئێران روونە، بەڵام ئەوەی روونترە ئەمەریكا دەیەوێت ئەو هێزانە وەك كارتێكی فشار لەدانوستانەكانەی لەگەڵ ئێران بەكاری بهێنێت، چونكە گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن وڵاتانی ئەوروپا لەسەر پرسی ئەتۆمیی و پرسەكانی دیكە بەردەوام دەبێت.
بەغدا و واشنتۆن بۆ كشانەوە گفتوگۆ دەكەن
لە رێككەوتی (20/8/2020) لەیەكەم گەشتی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و كۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، راگەیەنرا كەژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا لەعێراق پێنج هەزارو (200) سەربازەو دواتر ئەمەریكا رایگەیاند لەگەڵ سێیەمین خولی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا ژمارەی ئەو سەربازانە بۆ دوو هەزارو (500) سەرباز كەمكراونەتەوە كە كازمیش لێدوانەكەی ئەمەریكای پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند: (60%)ی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق كشاونەتەوە.
تائێستا چوار خولی دانوستان و گفتوگۆ بەناونیشانی (دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكا) بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق بەڕێوەچووەو ئەوەی بەدی دەكرێت ناڕوونیی ئەنجامی ئەو دانوستان و گفتوگۆیانەیە، چونكە ئەوەی روونە ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەكان مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكات و مەرج نییە دان بەداواكارییەكانی عێراقدا بنێت بۆ كشانەوەی سەربازەكانی لەو وڵاتە.
لەلایەكی دیكەوە بەغدا ئاگاداری جموجۆڵی هێزەكانی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان نییەو ئەو هێزانە لەنێوان باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا لەجموجۆڵ و تێپەڕاندنی ئەركەكانیاندان بەتایبەت لەهەماهەنگیی و هاوكاریی هێزەكانی سوریای دیموكراتی(هەسەدە).
ئەمەریكییەكان و بەشێك لەدەسەڵاتدارانی بەغدا بەبەردەوامی جەختیان لەوەكردووەتەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق چەند ساڵێك دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی راستی بێت ئەمەریكا دەتوانێت هاوشێوەی ئەفغانستان لە(24) سەعاتدا سەربازەكانی بكشێنێتەوە بەو جیاوازییەی لەئەفغانستان گروپێكی سوننەی توندڕەوە بەناوی تاڵیبان دەبنە دەسەڵات، بەڵام لەعێراق گروپێكی چەكداریی شیعەی وەك حەشدی شەعبی باڵادەست دەبێت كە بەباسكی چەكداری كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق لەقەڵەم دەدرێت.
ئەمەریكا و مۆتەكەی تیرۆر لەسەر فەرماندەكانی نزیك لەئێران
ئەمەریكا (18) ساڵە هێزەكانی لەعێراق جێگیر كردووەو بەبەردەوامی رایگەیاندووە هێزەكانی لەعێراق دەكشێنێتەوە، بەڵام بەپێی هەواڵی سایتی (THE GAZETTE)ی ئەمەریكی بڕیارە یەكەیەكی تایبەت لەچوار هەزار سەرباز كەژمارەیەكیان لەیەكەی تایبەتی (فۆرت كارسۆن) دەبن، رەوانەی عێراق بكرێن.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی راوێژكارو شیكەرەوەكانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان رایانگەیاندووە: مەبەستی ئەمەریكا لە رەوانەكردنی یەكەی فۆرت كارسۆن بۆ عێراق تیرۆركردنی فەرماندەكانی هێزە چەكدارە شیعەكان بەتایبەت حەشدی شەعبییە.
لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ بڵابوونەوەی هەواڵی رەوانەكردنی یەكەی فۆرت كارسۆن بۆ عێراق، ئاژانسی هەوالی فەرمیی حكومەت لەئێران (ئیرنا) بە ناونیشانی (تیمی تیرۆری ئەمەریكا لەعێراق) نووسیویەتی: ئەو هێزە بۆ تیرۆری سەركردەكانی حەشدی شەعبی رەوانەی عێراق كراوەو وتەبێژی حەشدی شەعبیش رایگەیاندووە خۆیان بۆ هەموو سیناریۆكان ئامادە كردووە.
بەپێی زانیارییەكان؛ یەكەی فۆرت كارسۆن ناوەندو بنكەی سەرەكییان لەویلایەتی كلۆڕادۆ لەئەمەریكایە و تیمێكی تایبەت لەو یەكەیە لەساڵی (2003) بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەركردنی سەددام حسێن رەانەی عێراق كران، بۆیە لەگەڵ جوڵەپێكردنی هەر تیمێك لەو یەكەیە ئاماژەی پلان و سیناریۆیەكی نوێی سەربازیی ئەمەریكا دەردەكەوێت.
ئێران هۆكاری دوو دوڵی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لەعێراق
د.عەلی بەسیری، شارەزای سیاسی و مامۆستای زانكۆ لەبەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەزانكۆی ئیسفەهان لە رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) لەوتارێكیدا بەناونیشانی (ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق ململانێ لەگەڵ ئێران دەكات) نووسیویەتی: ئەمەریكییەكان لە رابردوو ئێستادا لەچوارچێوەی گۆڕینی ئاڕاستەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكەیاندا بڕیاریاندابوو كۆتایی بەبوونی بێئەنجام و تێچووی زۆر و كێشەنانەوەی خۆیان لەزۆر شوێن و پێگەی جیهان بهێنن كە ئەم سیاسەتەش لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتە بەتوندی گیرایەبەر، لەو كاتەدا كەتێگەیشتن چەقیونەتە زەلكاوو وێرانەیەكەوە بەناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت ئەمەریكا لەئامادەبوونی نیوەو ناچڵی خۆی لەئەفغانستان نیازی وابوو بۆ بەرەنگاربونەوەی (تاڵیبان) هەماهەنگیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات و لەو چوارچێوەیەشدا كۆمەڵێك هەوڵی خستەگەڕ، بەڵام بەكۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دیموكراتەكان لەكۆشكی سپی و هاتنەسەركاری شێتێك (دۆناڵد ترەمپ) وەك سەرۆكی ئەمەریكا، ئەو بڕیارە ژیرانەیەی كە لەكاتی پێویستدا گیرابووەبەر، گۆڕانكاریی بەسەردا هات و ئەمەش بووە سەرەتای چیرۆكێكی كوشندە كەهەڵەكەی خرایە ئەستۆی حكومەتی كۆمارییەكان بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.
«سیاسەتی ناوچەیی ئۆباما لەسەر بنەمای دژایەتیی وڵاتی چین داڕێژرابوو لەسەر ئەم بنەمایەش بڕیار بوو وردە وردە هێزەكانیان لەعێراق بكشێننەوە بەڵام شكستی داعش و فراوانبوونی هەیمەنەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانكاریی چركەیی لەسیاسەتەكانی توركیا، ترس لەزیادبوونی هەیمەنەی روسیاو راڕایبوونی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی لەناوچەكەدا، بووە هۆی ئەوەی ئەمەریكییەكان كشانەوەی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوابخەن و هەر ئەمەش كێشەی زۆر بۆ ئەوان دروستدەكات».
«ئەگەرچی لە رابردوودا لەسنوری ئەفغانستان بەهاوكاریی ئێران حكومەتێكی یەكێتی نیشتیمانی هاتە سەركارو گفتوگۆكان لەگەڵ تاڵیبان تا رادەیەكی كەم گەیشتە ئەنجام، بەڵام ئەو تاوانەی بووە هۆی تیرۆری سولەیمانی و موهەندیس، هەموو هاوسەنگی و پێودانگەكانی ئەمەریكای لەناوچەكەدا تێكداو دوودڵی لەمانەوەو كشانەوەی بۆ ئەمریكییەكانی كردە مۆتەكە تائاستێك كە پەیڕەوكردنی سیاسەتی (گۆپاڵ و گێزەر) ببێتە سیاسەتی (چەوت و نەخۆش )ی ئەمەریكا، كەئەمەش لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قبوڵكراو نییە».
نووسینەكەی بەسیری ئاماژەیە كەئەمەریكا لەپلانی نوێی خۆی بەتایبەت دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزەكانی قودس لەئێران، ئامادە نییە خاكی عێراق رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، بەڵكو واشنتۆن دەیەوێت گۆپاڵ دژی تاران بەكاربهێنێت، بۆیە پێدەچێت پێشمەرگە ببێتە ئەو گۆپاڵەی ئەمەریكا كەدژی چەكدارانی سەر بەئێران لەعێراق بەكار بهێنرێت.
پێشمەرگە لە واشنتۆن
بەشداریی ژمارەیەك بەرپرس لەهێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەگەڕی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا ئاماژەیەكەی روونە كە واشنتۆن دەیەوێت وەك هێزێكی تایبەت بەدەر لەو تێبنیانەی لەسەر پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هەیەتی مامەڵە بكات و دوور نییە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لەپلانی ستراتیژیی و درێژمەودای ئەمەریكا لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمەریكا و ئێران ئەگەر لەسەر هەموو شتەكانی هێزی پێشمەرگە ناكۆك بن بەڵام لەسەر ئەو تێبینییە كە پێشمەرگە لەهەرێم وەك هێزی چەكداریی حزبەكان بەكاردەهێنرێت كۆكن، بۆیە دەكرێت ئەم تێبینییە كەزۆر لە راستییەوە نزیكە ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئەو هێزە لەهەموو روویەكەوە.
ئەمەریكا و ئێران لەگەڵ چیا دەبنە دۆستی كورد؟
رۆب واڵەر، كۆنسوڵی گشتی ئەمەریكا لەهەولێر دوای تەواوبوونی ئەركەكەی لەوتارێكدا بەناونیشانی (دو هاوڕێی كورد) نووسیویەتی: لەگەڵ گەیشتنم بۆ هەولێر وتەیەكی كۆنی كوردیم بەشێوازی خۆم داڕشتەوەو ئاماژەم بەوەدا «كوردەكان دەتوانن پشت بەدوو هاوڕێ ببەستن كە ئەویش چیاكان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا»یە.
ئەو دەڵێت زیاتر لە (30) ساڵە ئەمەریكا هاوڕێ و دۆستی كوردەو لەسەپاندنی ناوچەی دژەفڕین و تا رووخانی سەددام حسێن و دروستكردنی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی پێشمەرگە یارمەتیی كوردی داوەو تەنها لەساڵێكدا (250) ملیۆن دۆلاری پێشكەش بەهێزەكانی پێشمەرگە كردووە .
ئەم وتانەی بەرپرسێكی ئەمەریكا روون و ئاشكرایە كە كوردو پێشمەرگە لەپلانی ستراتیژیی ئەمەریكادا جێدەگرێت، بەڵام لەبەرامبەردا رژێمی پاشایەتی ئێران بەمەبەستی دژایەتیی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لەساڵی (1975) یارمەتیی هێزو بزووتنەوە چەكدارییەكانی لەباشوری كوردستان كردووەو دواتریش كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1979) تائێستا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە لەپەیوەندییدا بووە و دەیان بەڵگەو دۆكۆمێنت هەیە كەهاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەو كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرادەكات، بۆیە لەلایەك تاران پێشمەرگە بەدۆست و لەلایەك واشنتۆن پێشمەرگە بەهاوڕێ و هاوپەیمان ناودەبات لەكاتێكدا لەپاڵان و ستراتیژییە نوێیەكەی ئەمەریكا بڕیارە دۆستی جارانی ئێران ببێتە دوژمنی ئێستا.
