سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگەیەندراوێک لەسەر کوشتنی خێزانە کوردەکە لەتورکیا بڵاودەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: " ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێ هۆیە دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نووسیویەتی "ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."

 ئێوارەی هەینی، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران و ژن و منداڵیش لەنێو کوژراوەکاندا هەن.

لە تویتەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرکۆنەی هێرشی سەر خێزانێکی کورد لە تورکیا دەکەین، هاوخەمی کەسوکار و خۆشەویستانی قوربانییەکانین. ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت، رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە." 

ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا کوژراون ئه‌مانه‌ن: یاشار دەدەئۆغوڵڵاری، باڕش دەدەئۆغوڵڵاری، سەرپیل دەدەئۆغوڵڵاری، سێراپ دەدەئۆغوڵڵاری، ئیپەک دەدەئۆغوڵڵاری، مەتین دەدەئۆغوڵڵاری و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری.

12ی ئەم مانگەش گروپێکی "توندڕەو" هێرشیان کردە سەر هەمان خێزان و حەوت ئەندامی خێزانەکەیان بریندار کرد. ئەوکات بەشێک لەو گرووپە "توندڕەوە" دەستگیرکران و دواتر پێنج کەسیان ئازادکران. 

ئەو خێزانە کوردە 24 ساڵ بوو لەو ناوچەیەی کۆنیا دەژیان. ئەو ماڵەی ئەوکات هێرشیان کردبووە سەر خێزانە کوردەکە، دراوسێی خۆیان بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار