کەنەکە: تورك دەیانەوێت کورد بترسێنن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند:" ئامانجی هێرشەکان ئاشکران، دەیانەوێت بەو شێوازە کوردان بترسێنن، لە خۆرێکخستن دوریان بخەنەوە و لەناویان ببەن".کەنەکە دەڵێت; "بانگەواز لە هەمو گەلی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئەو دڕندایەتییەدا بێدەنگ نەبن،
ئەمڕۆ شهممه 31ی تهمموزی 2021، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "ئێوارەی رۆژی 30ی تەموز، لە ناوچەی مەرام لە شاری کۆنیا، رەگەزپەرستانی تورک هێرشیان کردە سەر خانەوادەیەکی کورد، 7 کەسیان کۆمەڵکوژ کردو ئاگریان لە مالەکەیان بەردا، پێشتریش لە 12ی مانگی گولانی ئەمساڵدا گروپیكی 60 کەسیی رەگەزپەرست هێرشیان کردە سەر ئەم خێزانە، چەند کەسێکیان بریندار کرد و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردن".
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە ئەوەی لە کۆنیا رویدا، هێرشێکی ئاسایی نییە، دڕندایەتی و کۆمەڵکوژییە، ماوەیەکە لە شارە گەورەکانی تورکیا (ئیزمیر، ئەنکەرە، کۆنیا، ئەفیون، ئاسکیشەهر، مەنیسا، ئەنتالیا و هەندێک شوێنی دیکە، هێرشی لەم چەشنە دەکرێتە سەر کوردان، هەتا ئێستا ژمارەیەک کەس کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندارکراون، هێرشکارەکان خەڵکی ئاسایی نین و سەربەخۆ ئەو کارانە ناکەن.
کەنەکە باسی لەوەشکردوە: "ئامانجی هێرشەکان ئاشکران، دەیانەوێت بەو شێوازە کوردان بترسێنن، لە خۆرێکخستن دوریان بخەنەوە و لەناویان ببەن، دەوڵەتی تورکیا لەو کارانەدا ئەزمونی زۆرە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هەمان رەفتاریشی بەرامبەر ئەرمەنی و یۆنانییەکان کرد، بەهەمانشێوەش هێرشی کردە سەر ئەوان و دواتریش کۆمەڵکوژی کردن، پیلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەلی کوردیش هەمان پیلانە".
ئەوەشی خستوەتەڕو، "گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندایە، ئێمە لە ژێر هەڕەشەی جینۆسایداین، پێویستە ئەو راستییە بزانرێت و بەپێی ئەو راستیەش کاربکەین، نابێت هیچ کەسێک لە بەرامبەر ئەو هێرشانە پاشەکشە بکات، پێویستە بە شێوازێکی رێکخستنیی پەرە بە خۆپاراستنی جەوهەریی بدرێت، بەتایبەتیش ئەو کوردانەی لە شارە گەرەکانن، پێویستە باشتر خۆیان رێکبخەن و بە رێکخراویی خۆیان بپارێزن".
کەنەکە دەڵێت، "بانگەواز لە هەمو گەلی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئەو دڕندایەتییەدا بێدەنگ نەبن، خۆیان رێکبخەن، لە ناو بزوتنەوەی ئازادیدا جێگا بگرن، لە دژی هێرشکاران راوەستن و خاوەندارێتی لە قوربانیەکان بکەن، دوژمن هەرچیەکی لەدەست دێت با بیکات، خەبات و داخوازیی ئێمە رەوایەو بە دڵنیایی سەردەکەوین".
هەروەها داوا لە رای گشتیی جیهان، هێزە دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان دەکەن، دڕندایەتی دەوڵەتی تورکیا ببینن و پشتگیریی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان بکەن، "جارێکی تر هێرشی دڕندانەی نەژادپەرستە تورکەکان ریسوا و شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین".
رۆژی ههینی 30ی تهممووزی 2021، خێزانێكی كورد كه له حهوت کەس پێكهاتبوون، له شاری كۆنیای توركیا، لهلایهن هاوڵاتی توركهوه هێرشیان كرایه سهر و كۆمهڵكوژكران.
