تەندروستی جیهانی هۆشداری توند دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەبارەی گۆڕاوی دەلتا دا و دهڵێت:" دوو هێندەی گۆڕاوەکانی پێش خۆی خێراتر دەگوازرێتەوە".
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی جیهانی رایگەیاند: "هەفتەی رابردوو بە نزیکەی چوار ملیۆن تووشبوو لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە تۆمارکران. چاوەڕاون دەکەین لە دوو هەفتەی داهاتوودا تووشبوون بە کۆرۆنا 200 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت."
بە وتەی ئەدهانۆم: "لە پێنج ناوچەی ژێر چاودێریی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا تووشبوون بە کۆرۆنا بەرێژەی 80٪ زیادیکردووە یان بەنزیکەیی دووهێندەی لێهاتووە. لە هەمانکاتدا لە ئەفریقا مردن بە رێژەی ٪80 زیادیکردووە. بەشی زۆری ئەو زیادبوونە بەهۆی گۆڕاوە خێرا گوازراوەکەی دەلتایە".
مردن بە کۆرۆنا چوار ملیۆن و 225 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت:" 18 مانگە بە خەڵک دەڵێن خۆتان بپارێزن، چەند مانگێکیشە دەڵێن ڤاکسین وەربگرن".
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، جگە لە ڤاکسین، خەڵکی جیهان هیچ رێگەیەکی دیکەی دەربازبوونی لەم ڤایرۆسە لەبەردەستدا نییە.
