لە سوتانی دارستانەکانی تورکیا تا فریادی فاشیزم
بەهادين حاجي بەكر دارتاش، ناسراو بە ريبوار عارف
3 ساڵ لەمەوپێش
بەهادين حاجي بەكر دارتاش، ناسراو بە ريبوار عارف
کاتێک کە دەوترێت فاشیزم نازنامەیەکی بەتەواوی مانا دژی ئینسانیە، ئیتر ئەم فاشیزمە تەنیا لە یەک جغرافیای سیاسی دا قەتیس نامینیتەوەو نەبەستراوەتەوە بە سنووری هیچ ولاتیکەوە، بەلکو لە راستیدا لەهەر شوێنێکدا نەتەوەپەرستی لە ژیانی خەلکدا مانا پەیدا بکات، ئیتر ئەم فاشیزمە ئەو ژینگەیە بارگاوی دەکات. ئەمرۆ حکومەتی تورکیاو دەسەلاتەکەی ئەردۆگان لەمبارەوە پشکی شێری لەناوچەکەدا بەردەکەوێت، کە ئەمە لە دژایەتی کردنی ئەم دەسەلاتە بۆ خەلکی کوردزمان بە رۆشنترین شێوە خۆی نیشان دەدات، بۆیە دەتوانین بڵێن کە ئەردۆگان رەمزی هیتلەرێکی تر لەناوچەکەدا، ئەم دەسەلاتە لە کوشتارو لە دارگیرکاری و وێرانکاری و لە سووتانی دارو درەخت و سامانی ژینگەی ناوچەکە کەمی نەهێناوەو دەکرێت وەک ترۆپکی فاشیزم لە خۆرهەلاتی ناوەراستدا بیناسینەوە! کار بەشوێنێک گەشتووە هەرجۆرە وێرانکاری و کارەساتێک لەم ولاتەدا بێتەپێشەوە بەشێکی زۆر لەو خەلکە دل پر لەقینە بەوە خۆشحالن کە مادام ئەو رووداوە لە تورکیا ڕوویداوە ئیتر جێگەی دڵخۆشی و هەلەکەسەماو شادیە.
لە ڕاستیدا ئەم تێگەشتن و لێکدانەوەیە بەدەر لە هەر مەبەستێک و هەر نیەتێک کە خاوەنەکانیان هەیان بێت، خۆی بۆخۆی دیوێکی تری ڕق و قینی هەمان فاشیزم و نەتەوەپەرستیە کە لە رووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی سووتانی دارستانەکانی تورکیا خۆی نیشان دەدات. رۆژی چوارشەممە 28ی ئەم مانگەوە لە زیاتر لە 70 شوێنی دارستانەکانی تورکیا ئاگرکەوتوەتەوە کەزۆرینەیان کەوتونەتە ئەنتاڵیا و ناوچەی مارماریس-ی سەر بە پارێزگای موغڵا، کە جگەلەوەی زەرەرو زیانیکی زۆری داوە لە ژینگەی ئەم ناوچەیە هاوکات چەندین کەس بوونەتە قوربانی گیانیان لەدەست داوە.
بەداخەوە ئەم رووداوە پانتایەکی فراوانی لە تۆری کۆمەلایەتیەکان تەنیەوە کە روانگەی زاڵ لەنیو شەپۆلی ئەم هەوالانەی بە بەرزبوونەوەی گری ئاگرو چەرەدوکەڵی دارستانەکاندا هاوکات بەرزبوونەوەو چەرەدوکەلی فاشیزمی کوردایەتی و ئەنتی تورک بوونی کەسانێک بوو کە بەم رووداوە دلخۆش و شاگەشکە بوون. کارەساتەکە ئەوەیە زۆریک لەو کەسانە دژایەتی کردنی بەرهەقی ئەردۆگان و فاشیزمی تورکی دەکەنە پاساوی ئەم هەلویستەیان. بەلام هەقیقەت ئەوەیە کاتێک هەر جۆرە هەڵوێستێک بۆ دژایەتی کردنی هەرجۆرە لە فاشیزم لە تونێلی قەومپەرستیەوە تیپەردەبێت، ئیتر هیچ سنوورێک بۆ ئینسان بوون و ئیسانیەت ناهێڵێتەوە کردەی فاشیستانەی ئوردگان و حکومەتی تورکیا لەپای هەموو خەلکی تورکیا لەقەلەم دەدرێت. بۆیە لەکاتێکدا ژینگەیەک وێران دەبێت و هەزاران درخەت دەبێتە خۆڵەمێش و پانتایەکی زۆر لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە گر دەگرێت، ئەوان دەست دەهێنن بە دلنیانداو سووتانی دار زەیتووەنەکانی عەفرین و ناوچەکە دەهێننەوە بیرمان، ئەمە وەک تۆڵەیەک بۆ داگیرکاریەکانی تورکیا و تۆباران و ستەمێک کە ئەم حکومەتە لە خەڵکی کوردزمانی ناوچەکەی دەکات دەبیننەوە.
بێ دەربەست لەبەرامبەر بەوەی کە ئاخۆ سووتانی ئەو دارستان و ناوچەیە چ زەرەو زیانێکی بۆ خەڵکی ناوچەکە هەیە دۆکەڵی ئەو ئاگرە بەچاوی کێدا دەچێتەوە، بێ دەربەست لەبەرامبەر بەوەی وێرانکردنی ژینگە لەهەموو حالێکدا کارو ئامانجێکی سەرەکی سەرمایەداری و کۆمپانیاکانیەتی و زیانکەوتن لە ژینەی ئەم ناوچایە راستەو خۆ بەمانای زیانکەوتن نیە لە هیچ بەرژەوەندیەکی ئەردۆگان و حکومەتەکەی . هەواو ئوکسجینێک کە لە دارودرەختی ئەم ناوچەوە بەرهەمدێت لەپلەی یەکەمدا لەخزمەت کۆی کۆمەلگاو ژیانی ئەو بەشە لە مرۆڤایەتیەوەیە کە لە سوودەکانی ئەو ژینگەیە بەهرەمەند دەبن، نەک دەسەلاتێک کە خۆی سەدان کۆمپانیاو ڕێگەو رەوشتی وێرانکاری و تێکدانی ژینگەی هەیە. سووتانی دەیان هەزار باڵندەو پەلەوەر و گیانلەبەرو زیانیک کە بەر ئیکۆسیستمی ژینگە دەکەویت مەترسیدارەو جیگەی خۆشحالی نیە. هەربۆیە ئەو هەست و تێگەشتنەش کە دڵخۆش و شادمانە بە تێکچوونی و ژینگەو وێرانکاری و نەمانی سەوزای و ئەو سرۆشتە جوانەی کە مرۆڤ دلخۆش دەکات دیوێکی تری دراوەکەیە کە تەنیا دەتوانێت ئاو بەئاشی فاشیزمی نەتەوەپەرستیدا بکات، کە ئەم جارە فاشیزمی تورکی نیە، فاشیزمی کورددایەتیە، کە نەک جێگەی دڵخۆشی نیە بەڵکو لەڕاستیدا جێگەی شەرمەزاری و نائنیسان بوونی نازنامەی کۆی گشتی ئەم نەتەوەپەرستیەیەو ئەمە هیچ پەیوەندیەکی نیە بە دژایەتی و راوەستانەوە دژ بە فاشیزمی تورکی و حکومەتەکەی ئوردۆکانەوە.
ڕێگەی ڕاوەستانەوە دژایەتی کردنی فاشیزم و دەسەلاتە نژادپەرستەکەی ئەردۆگان لە سونگەو سونەتی بەهێزکردنی فاشیزمی کوردایەوە وەلام وەرناگریتەوە، بەڵکو لە راستیدا بەزیانی خەلکی نەدارو هەژارو قولکردنەوەی قلشتی لیکدابرانی ژیانێکی ئینسانی بەرەهەم دێنێت.
بۆیە ناکرێت تەنیا بەپاساوی ئەوەی ئەو رووداوەی کە لە سنووری قەڵەمرەوی دەسەلاتداریەتی حکومەتی تورکیادایە بەو جۆرە ببینینەوە کە دەبێت جێگەی شادی و دلخۆشی بێت بۆمان، ئەمە هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژوەندیەکانی حکومەتی ئوردگان و فاشیزمی تورکەوە نیە، بۆیە ماوەتەوە کە بڵێن ڕێگەی ڕاوەستانەوە دژایەتی کردنی فاشیزم و حکومەتی تورکیا لە تونێلی بەرهەمهێنان و دەمەزەردکردنەوەی فاشیزمی کوردایەتەیەوە نیەو بە کورتیەکەی فاشیزم تەنیا فاشیزم بەرهەمدینیتەوە، ئەگەر کەسانێکیش دەیانەویت لێرەوە بازاری کوردایەتی بۆ ساتێک گەرم راگرن، ئەوا ناکرێت زۆربەی زۆری خەلکی ناوچەکە کە هیچ بەرژوەندیەکیان نیە لە دەمەزەرد کردنەوەی هیچ جۆرە روانگەو ئایدۆلۆژیایەکی نائنیسان دڵی پێخۆش بکات!