دەسەڵاتی وەبەرهێنان بۆ پارێزگاکان شۆڕ دەکرێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بهپێی نووسراوێك دەستەی وەبەرهێنان دەسەڵاتەکانی بۆ بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان شۆڕ كراوهتهوه.
ئهمڕۆ 1ی ئابی 2021، دەستەی وەبەرهێنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" پاڵپشت بە پەسندکردنی رەشنووسی دابەزاندنی دەسەڵاتە دیاریکراوەکان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان، چەند دەسەڵاتێک بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دادەبەزێنێت".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێکارەکانی وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێداویستیی بەدەستهێنانی و مۆڵەتی پڕۆژە لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان دەکرێت. دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان پێویستە فۆرمی مۆڵەت بە پڕکراوەیی رەوانەی دەستەی وەبەرهێنەران بکرێت، ئەوەش بە مەبەستی وردبینیکردنی مامەڵەکە.
بەشێکی دیکەی لەو دەسەڵاتانەی کە شۆڕدەکرێتەوە بریتییە لە، پێدانی مۆڵەتی کۆتایی و واژووکردنی مۆڵەتی کۆتایی پرۆژەی وەبەرهێنان دوای تەواوکردنی هەموو رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتەکە. هەروەها وێنەیەک لە مۆڵەتەکە دەدرێتە دەستەی وەبەرهێنان ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارەکانی بەدواداچوون و چاودێری پرۆژەکە.
