هۆکار چیه‌ کۆرۆنا له‌ کوردستان به‌خێرایى ڕوو له‌ هه‌ڵکشانه‌ ؟

هاوڕێ سورە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڕێ سورە

 

له‌ کاتێکدا به‌رپرسانى حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى باش ده‌زانن کۆرۆنا له‌ ناوچه‌که‌ به‌گشتى و عیراق به‌تایبه‌تى به‌خێرایى ڕوو له‌هه‌ڵکشانه‌ حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌رگه‌ى بچوکترین هه‌ززه‌ ناگرێت , له‌هه‌مانکاتدا هه‌ندێک وه‌زاره‌ت له‌حکومه‌تى هه‌رێم زۆرتر له‌هه‌ر شتێک خوازیارى په‌یدا کردنى پاره‌ن , وه‌ک ئه‌وه‌ى هه‌موو شتێک له‌ پاره‌دا ببیننه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ به‌ بڵندگۆى گه‌وره‌ هاوار بکه‌ن پاره‌ پاره‌ پاره‌ ! ده‌ى ئه‌گه‌ر وانیه‌ چۆن هێز و تواناى خۆیان نازانن به‌ تایبه‌تى له‌ بوارى ته‌ندروستى و شه‌ڕى کۆڕۆنا ؟ ئه‌وه‌تا به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنى مه‌ترسیه‌کان له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا گشت ده‌رگاکان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر پشت بۆ هاتنى هه‌زاران هه‌زار عه‌ره‌ب له‌ ژێر ناوى گه‌شتیار که‌ به‌شێکى زۆریان کۆنه‌ به‌عسى ئه‌نفالچى و شیعه‌ پاسداره‌کانى دووژمنى ژماره‌ یه‌کى کوردن !!.

هه‌مووشیان به‌ ده‌رپێله‌یه‌کى کورت و فانیله‌یه‌کى بێقۆڵ به‌ره‌ڵاى ناو شار و شارۆچکه‌کانى شیماله‌ حه‌بیبه‌که‌یان بوون یه‌کێکیشیان نا بینیت ماسکى به‌ستبێت ؟ ! ئاشکرایه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا کۆرۆنا ته‌نگى به‌ کۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تى هه‌ڵچنیوه‌ به‌ڵام حکومه‌ته‌کانیان یاسا و ڕێسایان بۆ داناوه‌ , بێگومان ئه‌و سه‌دان هه‌زار عه‌ره‌به‌ى به‌ناوى گه‌شتیار هاتوونه‌ کوردستان بوونه‌ هۆى جه‌رگ سوتانى سه‌دان خانه‌واده‌ى کورد و گرفتار بوونى هه‌زارانى دیکه‌ , وه‌ک ڕاگه‌یاندنه‌کانى نزیک له‌حکومه‌ت بڵاویان کرده‌وه‌ گوایه‌ له‌و چه‌ند ڕۆژى جه‌ژنى قورباندا ( 250 ) هه‌زار عه‌ره‌ب بۆ گه‌شت هاتوون بۆ کوردستان , له‌کاتێدا زۆربه‌یان خۆیان کۆنه‌ ڤایرۆسن , ئێستاش ڤایرۆسى کۆرۆناى ده‌لتاى مه‌ترسیداریان بۆ هێناوین ! ئایا کێ به‌رپرسه‌ له‌م کاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌ ؟ بێگومان ئه‌وانه‌ى بێئاگا و پاره‌ په‌رستن له‌ ناو کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌ت و هه‌ندێکیش له‌ خه‌ڵکى چاوچنۆکى به‌ ناو کاسب.

به‌داخه‌وه‌ لاى هه‌ندێک که‌س گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پاره‌یان ده‌ست که‌وێت هاوڵاتیان قڕده‌بن یانا که‌یفى خۆیانه‌ ! ئاشکرایه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێک که‌ حکومه‌ت وه‌ک پێویست نه‌بوو گله‌یى و گازنده‌ى هاوڵاتیان ڕوو له‌زیاد بوون ده‌کات ئه‌وه‌ش ده‌ بێته‌ هۆى گوێ نه‌گرتن له‌ فه‌رمان و بڕیاره‌کانى حکومه‌ت , زۆر له‌ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌ نووس و خه‌ڵکى به‌ویژدان و به‌ئاگا هه‌زاران جار ئه‌وه‌یان دووپات کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌داى حکومه‌ت له‌ ماوه‌ى "سى" ساڵى ڕابردوودا هه‌تا به‌ ئێستا ده‌گات که‌م و کوڕى زۆرى تێدا بووه‌ له‌هه‌ر بوارێک ملى بگرێت به‌تایبه‌تى له‌ که‌رتى (کاره‌با , ته‌ندروستى , ئاو , ڕێگه‌ و بان , دامه‌زراندن , هه‌تد ..) بۆ نمونه‌ به‌کورتى ئاماژه‌ به‌ که‌تى کاره‌با ده‌که‌م زۆر له‌ دانیشتوانى گونده‌کان جیا له‌وه‌ى خزمه‌تکارى شۆڕش بوون پێشمه‌رگه‌ و خاوه‌ن شه‌هیدن ئێستا له‌حکومه‌ت زویرن , دووساڵه‌ هه‌موو به‌شداربووانى کاره‌با جۆزه‌ى بیست ئه‌مپێڕیان بۆ به‌ستراوه‌ گوایه‌ ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ بیست کاتژمێر کاره‌بایان ئه‌ده‌نێ به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ش ڕاست ده‌رنه‌چوو ! ئێستا زیاتر له‌ نۆ کاتژمێر کاره‌ ده‌بڕێت ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ بڕینى پچڕ پچڕ , له‌کاتێکدا هه‌مووان ده‌زانن له‌ گونده‌کان موه‌لیده‌ى ئه‌هلى نیه‌ , پرسیارى زۆربه‌ى خه‌ڵکه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ى ئه‌و دژواریه‌ کۆتایى دێت ؟ ڕۆژێک موچه‌ پاشه‌که‌وت ده‌کرێت ڕۆژێکى دى به‌ په‌نجا ڕۆژ موچه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ ده‌درێت ڕۆژێکى دیکه‌ به‌نزین دوو به‌رامبه‌ر گران ده‌که‌ن , کۆرۆناى ده‌لتاش سه‌ربار که‌ مه‌ترسیدارتین ڤارۆسه‌ و به‌ڕێژه‌یه‌کى زۆر ڕوو له‌ هه‌ڵکشانه‌ . دڵنیام له‌ ناو هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کاندا به‌شى ئه‌وه‌ خه‌ڵکى هوشیار و به‌ویژدان هه‌یه‌ درک به‌م ڕێڕه‌وه‌ نادروسته‌ بکه‌ن , بۆیه‌ ناکرێت لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له‌ وه‌زاره‌ته‌کانى پلان دانان , ته‌ندروستى , ناوخۆ , گه‌شت و گوزار نه‌زانن چى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیانه‌ به‌تایبه‌تى له‌ ڕۆژێکى وه‌ک ئه‌مڕۆدا !.

ئێستا پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا بڵاو بوونه‌وه‌ و هه‌ڵکشانى کۆرۆناى ده‌لتا به‌و ڕێژه‌ زۆره‌ هۆکاری هاتنى ئه‌و سه‌دان هه‌زار عه‌ربه‌یه‌ ؟, یان که‌مته‌رخه‌مى حکومه‌ته‌ ؟, یان پابه‌ند نه‌بوونى خه‌ڵکه‌ به‌ڕێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ؟, ( دڵنیام هۆکارى سه‌ره‌کى هه‌ڵکشانى کۆرۆنا وا به‌خێرایى هاتنى ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ى عه‌ره‌به‌یه‌ ) , له‌ کۆاتییدا ده‌خوازم ئاماژه‌ به‌ خاڵێکى دیکه‌ بکه‌م بڕیاره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ دێگه‌ڵه‌ به‌ملاوه‌ بڕناکات له‌ سنورى زۆنى سه‌وز ئاسایشه‌کانیش له‌ بازگه‌گان خۆیان ماسک نابه‌ستن ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ فه‌رمان کراوه‌ ! له‌لایه‌کى دى ده‌بینین چه‌ندین جار پێشمه‌رگه‌ شه‌هید ده‌کرێن وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ورته‌یه‌کى له‌ده‌م نه‌هاتۆته‌ده‌ر بۆ ئه‌وه‌شیان ڕێى تێده‌چێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان له‌ حزبه‌که‌ى ئه‌و نین بۆیه‌ بێده‌نگه‌ ! ئه‌گه‌ر وانیه‌ چۆن ده‌کرێت وه‌زیر قسه‌ نه‌کات ؟ ئه‌دى ئه‌رکى کێیه‌ له‌سه‌ر شه‌هید بوونى پێشمه‌رگه‌ بێته‌ ده‌نگ ؟ 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار