کاڵکان: یەنەکە بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی كێشەكان چارەسەر دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە، رایگەیاند:" هەڵوێستی یەنەکە زۆر گرنگە، پێمانوایە، یەنەکە لە کاتێکی نزیکدا بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی، ئەو کێشانە چارەسەر بکات”.
شەوی ڕابردوو دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە، لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی مەدیا هەبەر-دا رایگەیاند:"هەڵوێستی یەنەکە زۆر گرنگە، پێمانوایە، یەنەکە لە کاتێکی نزیکدا بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی، ئەو کێشانە چارەسەر بکات".
کاڵکان، ڕوونیکردەوە، یەنەکە هەڵوێستی نەتەوەیی هەبوو، لەبەرامبەر داگیرکاریی هەڵوێستی نیشان دا، هەربۆیە کێشەی ناوخۆییان بۆ دروستکردن، چۆن هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، هەمان شت بۆ یەنەکەش دەکەن".
کاڵکان، سەرنجی ڕاکێشایە سەر پارچەبوون و یەکنەگرتنی کوردان و نەبوونی ستراتییەکی هاوبەشی وەک هۆکاری واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان ناوبرد و ڕایگەیاند: لۆزان بەرپرسە لە دۆخی ئێستای کوردان.
دوران کاڵکان، جەختیکردەوە، پێویستە زۆر ئاگادار بین، دووژمنانە لەبەرامبەر یەکڕیزیی کوردان ناوەستن، بۆیە یەنەکە و هەموو ئەو هێزانەی دەیانەوێت کورد خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش بێت، هێرشیان دەکرێتە سەر.
هەروەها، بەبیری هێنایەوە، کە لە سەرەتای ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی یەنەکەدا، کۆمیتەی پەیوەندیی دەرەوەی پەکەکە ڕاگەیەندراوی دابوو، ئێستاش پەکەکە هەمان هەڵوێستی هەیە و وتی: کات کاتی یەکێتییە، نەک شەڕی ناوخۆیی ناو حزبەکان، ڕۆژ ڕۆژی هێڵێکی نەتەوەیی دیموکراتیکە، کێشەی کورد بە یەکڕیزیی و لەسەر هێڵی ئازادیی و نەتەوەیی چارەسەر دەبێت.
کاڵکان هیوای خواست، یەنەکە کێشەکانی خۆی لەسەر هێڵێکی نەتەوەیی و یەکڕیزیی و وڵاتپارێزیی چارەسەر بکات.
وتیشی: پێویستە هەڵوێستی یەکگرتنی کوردان لەسەر خەتی نەتەوەیی وئازادیی و دیموکراتیی، لە سلێمانییەوە بجێتە هەموو شوێنێک، سلێمانی شاری هونەر و ئەدەب و نیشتیمانپەروەرییە.
دوران کاڵکان، هەروەها وتی: داهاتووی کورد لەسەر سیاسەتی کوردان بەندە، لە کاتێکی وا مەترسییداردا، دەبێت کوردان بەرپرسیاریی خۆیان بەجێبێنن، ئێمە وەک پەکەکە سەدا سەدا بەو جۆرە هەڵسوکەوت دەکەین، لە دەرەوەی ئەوە شتێکی تر ناکەین، هەمان شتیش لە هەموو حزبە کوردییەکان و زانایانی کورد دەخوازین.
