بنەماڵەی حەسەن زیرەك گۆرانیەكەی دینا لە یوتیوب دەسڕنەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەسەر داوای بنەماڵەی هونەرمەند حەسەن زیرەك كۆمپانیای هێڵی دەنگ كلیپی ( كەتانە)ی خانمە گۆرانیبێژ (دینا)ی لە یوتیوب سڕییەوە.
ئەمڕۆ سێشهممه 3ی ئابی 2021، كۆمپانیای هێڵی دەنگ، لەڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاند:" بەهۆی پێشێلكردنی مافی كۆپیرایت و مافی هونەری هونەرمەندی نەمر (حەسەن زیرەك)، كلیپی (كەتانە)ی هونەرمەند (دینا) لە یوتیوب سڕایەوە".
كۆمپانیاكە ڕاشگەیاندووە:" كۆمپانیای هێڵی دەنگ، گرێبەستی فەرمی لەگەڵ بنەماڵەی هونەرمەند حەسەن زیرەك هەیە و تاكە كۆپیرایت هەڵگری تەواوی بەرهەمەكانی هونەرمەندەكەیە. بۆیە دوای داواكردنی سڕینەوەی كلیپەكە لەلایەن بنەماڵەی هونەرمەند و پێشێلكردنی یاسانی كۆپیڕایت، بە ناچاری كلیپەكەمان لە یوتیوب دا سڕییەوە".
كۆمپانیای هێڵی دەنگ، سڕینەوەی كلیپی ( كەتانە)ی خانمە گۆرانیبێژ (دینا)ی گەڕاندووەتەوە بۆ چەند هۆكارێك:" لەم كلیپە ئاماژە بە ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی بەرهەمەكە نەكراوە كە هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەكە و ڕێگەپێدان لە بنەماڵەی هونەرمەند حەسەن زیرەك وەرنەگیراوە بۆ گووتنەوەی گۆرانییەكە و ئاواز و وتنی گۆرانیەكە لەم كلیپە و لەلایەن هونەرمەندی ناوبراو بە كار هاتووە بەبێ ڕەچاوكردنی یاساكانی كۆپیڕایت لەبواری هونەریدا".
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی كۆمپانیای هێڵی دەنگدا هاتووە:" ئێمە كۆپیرایت هۆڵدەر و پارێزەری بەرهەمەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك و دەیان هونەرمەندی تری كوردستانین. ئامانجمانە هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی هاوشانی هونەری میوزیكی نەتەوەكانی تری جیهان بە سیستەم بكەین و لە ئاستێكی پیشەگەردا بێت تاكو گوێگران لە سەرانسەری جیهان لە تەواوی پلاتفۆرمە میوزیكیەكاندا دەستیان بگات بە كارە هونەرییە كوردییەكان و، مافی هونەرمەندانیش پارێزراوبێت. هونەرمەندانی كورد وەكو هەموو هونەرمەندانی جیهان جگە لەوەی خاوەن و بڕیاردەری مافی بەرهەمەكانیان بن لە هەمان كات سوودی مادیش بە دەست بخەن لە ڕێگەی بلاوكردنەوە بەرهەمەكانیان لە ناو سیستەم و پلاتفۆرمە پێشكەوتووە میوزیكییەكاندا لە جیهان".
