ڤاكسین لەهەرێمی كوردستاندا كەمبووەتەوە
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ڤاكسین لەهەرێمی كوردستاندا كەمبووەتەوەو بەپێی هۆشدارییەكەی حكومەتی عێراقیش لەدوو هەفتەی ئایندەدا شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا زیاتر دەبێت.
دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەپێی بڕیارەكانی WHOی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوانەی ڤاكسین بەكاردەهێنن لەسەدا 90یان دووردەكەونەوە لەمردن بەكۆرۆنا».
هەروەها وتیشی:» رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەمان لەگەڵ تیمی ئەڵمانی و ئەمریكی هەبووە لەبارەی پەتای كۆرۆنا گفتوگۆ لەبارەی رووبەڕووبونەوەی كرا، ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەبووە كە لەئێستادا وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا باشترین رێگەیە بۆ كەمبوونەوەی تووشبوان».
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم هێمای بۆ ئەوەشكرد هەرسێ جۆرەكەی ڤاكسین كە لەهەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە هاووڵاتیان دەتوانن بەكاریبهێنن، وتیشی:» لەئێستادا ڤاكسین كەمبووەتەوە لەهەرێمی كوردستاندا».
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كەحكومەتی عێراق هۆشداری داوە لەهەفتەو دوو هەفتەی ئایندەدا شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا توندتر دەبێت، وتیشی:» بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوانەی ڤاكسینیش وەردەگرن دەبێت ماسك بەكاربهێنن».
دەربارەی ئەوەی هاووڵاتیان لەڕێگەی سیستمی كورد ڤاكس ناویان تۆماردەكەن و وەڵام وەرناگرنەوەو تێیدایە دوو مانگە ناوی بۆ وەرگرتنی ڤاكسین نەهاتۆتەوە، رەهێڵ فەرەیدوون وتی:» بەشێك لەهاووڵاتیان دەیانەوێت لەماوەی دوو رۆژدا ڤاكسین وەرربگرن و كارتی وەرگرتنی ڤاكسینەكە وەربگرن و دەڵێن سەفەرمان هەیە، ئێستا بەپێی ئەو داتابەیسەی كە دانراوە هاووڵاتیان دەتوانن نۆرە بگرن كەی ناویان هاتەوەو كۆدەكەیان وەرگرت دەتوانن ڤاكسین وەربگرن».
