ساڵی داهاتوو كارەبا بەتەواوی دەدرێتە كەرتی تایبەت

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت حكومەتی هەرێم هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی كەرتە خزمەتگوزارییەكان بە خەسخەسە بداتە كەرتی تایبەت و دەشڵێت:» ساڵی داهاتوو كارەبا دەدرێتە كەرتی تایبەت، وەك چۆن وەحدەی مۆبایل دەكڕدرێت ئەواش وەحدەی كارەبا دەكڕین».

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەڕوات و شتێك نەماوە ناوی قەیرانی دارایی بێت.

هەروەها ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئەرێنییەو ئیتر لەمەودوا كێبڕكێ لەنێوان پارێزگاكاندا دروست دەبێت بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان.

هاوڵاتى:  دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لەچ ئاستێكدایە؟

یاسین مەحمود: بەدڵنیاییەوە ئەمساڵی 2021 گۆڕانكاری گەورە روویداوە بەراورد بەساڵانی رابردوو 2020 و 2019دا، هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوودی گەورە ببینێت لەو گۆڕانكارییانەی كە روویداوە هەر لەقەیرانی دارایی و دواتر شەڕی داعش و دواتر ئەوەی لە ریفراندۆم تووشی كێشە بووین، خۆتان باش دەزانن كە لەگەڵ حكومەتی عێراق رووبەڕووی كێشەی گەورە بووینەوەو دواتر كۆرۆنای هاتەسەر، لەهەمووی خراپتر نرخی نەوت زۆر دابەزیبوو، ئێستا ئەمانە قۆناغ بەقۆناغ ئێمە بەجێمان هێشتووە.

هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئێستادا دەتوانێت گەشەیەكی باش بدات بەهەموو سێكتەرە ئابوورییەكان، ئەو خاڵانەی بۆم باسكردی ئێستا پێچەوانەكەی هەیە كە نرخی نەوت لەجیهاندا بەرزبووەتەوە كاریگەری ئەرێنی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە جۆرێك لەئیستقراری ئابووری دروستكردووە، دراوی عێراقی جێگیر بووە، لەبەرانبەر ئەوەدا دراوی وڵاتانی توركیاو ئێران و سوریا بەتەواوی دابەزیوون و وەبەرهێنەكانیان روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن بۆ سەرمایەگوزاری، لەوڵاتەكانی خۆیان تۆقیوون كە دراوسێی هەرێم و عێراقن، بۆیە هەرێم دەتوانێت بڵێت دۆخی ئابووریم ئارامی بەخۆیەوە بینیوە.

هاوڵاتى: ئایا ئێستا قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستاندا ماوە؟

یاسین مەحمود: شتێك نەماوە ناوی قەیرانی دارایی بێت، ئێستا لەسەروبەندی كۆتایی هاتنی قەیرانی داراییدان، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا زۆر باش بووە، بە رەسمی بەغدا رایگەیاندووە كە تا كۆتایی ئەمساڵ مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات.

قەیرانی دارایی هەرێم تەنها نەبوونی نەختینە بووە، خۆ تووشی هیچ داڕمانێكی دیكەی ئابووری نەبووەتەوە، نەمانی نەختینە و لەماوەی رابردوو بەشێوازێكی زانستی مومارەسەی ئابووری نەكردبوو ژمارەیەكی بەرچاو فەرمانبەری دامەزراند، بەبێ بەرنامەش هەندێ پرۆژە  جێبەجێ كرابوو، لەسێكتەری وزەشدا بە راستی نەمانتوانیبوو ئەو سێكتەرە  بخەینە خزمەتی ژێرخانی ئابوورییەوە كە سەرچاوەی یەكەمی داهات بوو، ئەگەر ئیرادە هەبێت قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستاندا نەماوە، ئەگەر ئەم رێككەوتنەی هەرێم و عێراق بەردەوام بێت زۆر بەئاسانی دەتوانێت جوڵەی بازاڕ هەم لەڕووی راكێشانی وەبەرهێنەرو  بەگەڕخستنی سەرمایەی ناوخۆییەوە دەتوانێت زۆر پێشبكەوێت.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم زۆر گرنگی بەباج داوە، هیچ كابینەیەك لە حكومەتەكانی پێشوو بەقەدەر ئەم كابینەیە گرنگی بەباج نەداوە، حكومەتی هەرێم وا هەنگاو دەنێت هەر بەباج و داهاتەكانی ناوخۆ وا بكات پێویستی بەو 200 ملیار دینارەی بەغدا نەمێنێت.

هاوڵاتى: موڵك و عەقارات لەهەرێمی كوردستاندا زۆر بەرزبووەتەوە هۆكارەكەی چییە؟

یاسین مەحمود: لەساڵی 2009 تا 2013 موڵك و عەقارات بەشێوەیەكی زۆر ناتەندروست بەرزبووەوە، لە 2014 تا 2017 بەشێوەیەكی ۆر ناتەندروست دابەزی، بەڵام دەتوانین بڵێین لەدوای لەساڵی رابردوو و ئەمساڵیش موڵك و عەقارات بەرزبووەتەوە، چونكە خەڵکێكی زۆری شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق موڵك و ماڵ لەهەرێمی كوردستان دەكڕن، لەسەدا 70%ی عەرەب موڵك و ماڵ لەهەولێر دەكڕن، ئەمە بۆ هەرێم زۆر باشەو سەرمایەو هەلی كار دەهێننە هەرێمی كوردستانەوە، پێشتر بەناوی ئەوەی كە دیمۆگرافیای كوردستان تێكدەچێت مامەڵەیان بۆ عەرەب نەدەكرد یان دوو مانگی پێدەچوو، بەڵام لەئێستادا هەر عەرەبێك موڵك لەهەرێمی كوردستاندا بكرێت لەماوەی یەك دوو رۆژدا كارەكانی بۆ رایی دەكرێت.

لەسەرتاسەری عێراقدا 129 هەزار خانەوادەی عەرەب و هەرێمی كوردستان موڵك و یەكەی نیشتەجێبوونیان لەوڵاتی توركیا كڕیوە، بەداخەوە تووشی زەرەر بوون، هەتا ئەوانەی كڕیویانە لەسەدا 40% بۆ لەسەدا 50% لەزەرەردایە، لەهەرێمی كوردستانیش چوار پێنج هەزار خانەوادە یەكەی نیشتەجێبوونیان لەتوركیا كڕیوەو تووشی زەرەر بوون.

هاوڵاتى: شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان چ كاریگەرییەكی ئەرێنی دروستدەكات؟

یاسین مەحمود: كاریگەری زۆر باش دروستدەكات لەسەر جەستەی ئابووری هەرێمی كوردستان، مونافەسەی گەورە لەنێوان پارێزگاكاندا دروستدەكات و هەلی كار زیاد دەكات، ئێستا هیچ حوجەیەكمان نەماوەو پارێزگار دەتوانێت رۆڵی سەرۆكی حكومەت ببینێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان دەتوانن لەچاودێریكردنی پرۆژەكان رۆڵی پەرلەمان ببینن، هەر بەڕێوەبەرایەتییەك دەتوانێت رۆڵی وەزارەتێك ببینێت، لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان دەتوانێت رۆڵی وەزارەتێك ببینێت، ئەمە زەمینەی لەبارتر دەهێنێتە پێشەوە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، لەناو خودی پارێزگاكاندا رۆتین كەمبكەینەوەو دادپەروەری بنیاد بنێین، بەڵام لەگەڵ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان، پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان هەمان بڕیار بدەن، چونكە ئەوكات كارئاسانی تەواو بۆ كارەكان دەكرێت و سوودی گەورەتر دەگەیەنێت بەپارێزگاكان و مونافەسەی ئاوەدانی و پێشخستنی وەبەرهێنان دروست دەكات.

هاوڵاتى: كابینەی نۆیەم وەك خۆیان رایانگەیاندووە گرنگی بەهەمانگی لەگەڵ كەرتی تایبەت دەدەن، پێتانوایە حكومەت كەرتە خزمەتگوازییەكانی وەك كارەباو پەروەردەو تەندروستی دەداتە كەرتی تایبەت ئەوەندەی لەنزیكەوە ئاگاداربن؟

یاسین مەحمود: هەموو ئەو سێكتەرە خزمەتگوزاریانەی كە پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە دەدرێتە كەرتی تایبەت، سیاسەتی ئێستای حكومەتی هەرێم روون و ئاشكرایە كە دەیەوێت جۆرەكانی خزمەتگوزاری بەهەموو جۆرەكانی كارەباو پەروەردەو تەندروستی بداتە كەرتی تایبەت.

لەچەند ساڵی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكمدا هەر لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتى باسمكردووە كە خەرجییەكی زۆر دەڕوات بۆ خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و بەفیڕۆدانی گەورەی تێدایەو ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەچێت، ئەوەتا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی باسی كردووە كە ساڵانە 311 ملیار دینار بۆ دابینكردنی ئاوی پاك تەرخان كراوە كە حكومەتی هەرێم ساڵانە 11 ملیار دیناری دەستدەكەوێتەوە لەپارەی ئاو.

لەساڵی داهاتوو كارەبای هەرێم بەتەواوەتی خەسخەسەی پێ دەكرێت و دەدرێتە دەست كەرتی تایبەت، كاری زۆری بۆ كراوە لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەكە خێراتر بكرێت.

سێكتەری كارەبا لەهەموو وڵاتێكدا وەك بەدیلی وزە بەكاردەهێندرێت و پارەی دەستدەكەوێت، تەنها لەهەرێمی كوردستاندا كارەبا بەفیڕۆ دەدرێت، قازانجی ئێستای كەرتی كارەبا تەنها دەچێتە گیرفانی كەرتی تایبەتەوەو حكومەت هیچی لێ دەستناكەوێت و زەرەرەكەی خۆی دەیدات.

ئەوەی كابینەی نۆیەم هەنگاوی بۆ ناوە هەریەك لەكەرتی كارەباو پەروەردەو خوێندن و تەندروستی هەر هەمووی دەدرێتە كەرتی تایبەت، چونكە حكومەت ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ ئەم كەرتانە خەرج دەكات، نیوەی بەفیڕۆ دەروات، زۆری نەماوە وەك وڵاتانی دیكەی لێبێت، وەك چۆن ئێستا لەهەندێ لە پرۆژە نیشتەجێبوون و سیتییەكاندا كارەبا وەك كارتی مۆبایل بەوەحدەیە بەو شێوەیەی لێدێت و ئەوكاتە هاووڵاتیان كەمتر كارەبا بەكاردەهێنن.

هاوڵاتى: ژمارەی ئەوانەی خاوەنی ملیۆنان دۆلارن لەهەرێمی كوردستاندا چەندە؟

یاسین مەحمود: لەهەرێمی كوردستاندا 10 هەزار كەس سەروەت و سامانیان بەموڵكەوە لەسەروو پێنج ملیۆن دۆلارەوەیە، واتا لە پێنج ملیۆن دۆلارەوە دەستپێدەكات تا سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵام رەقەمە گەورەكان 13 كۆمپانیان كە سەرمایەكانیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە لە ملیارێك دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 6.7ملیار دۆلار، كە دوو كۆمپانیای گەورە لەسلێمانی و هەولێر لەمونافەسەی گەورەدان بۆ ئەوەی ژمارە گەورەكە تۆمار بكەن و ببنە رەقەمی یەكەم، لەو 13 كۆمپانیایە دووانیان حزبی نین، ئەوانی دیكە نیمچە حزبین، دوو كۆمپانیای حزبیشمان هەیە.

هاوڵاتى: ئایا چەند هەزار كۆمپانیای بیانی لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن؟

یاسین مەحمود: لەهەرێمی كوردستاندا  پێنج هەزار كۆمپانیای بیانی بوونیان هەیەو كاردەكەن كە ریزبەندی یەكەمی كۆمپانیا بیانییەكان، كۆمپانیا توركییەكانن، كە لەسەدا 67% كەلوپەلی بیناسازی لەوڵاتی توركیاوە دێتە هەرێمەوە، ئینجا بەدوایدا ئێران دێت، ئینجا وڵاتانی دیكە، بۆ خۆمان لەهەرێمی كوردستان لەمەوادی بیناسازی وەك شیش و چیمەنتۆ چەند مەوادێكی دیكە لەسەدا 11% دابین دەكەین.

ئەو سوودەی كۆمپانیا توركییەكان لەهەرێمی كوردستاندا بینیویانە لەبوارەكانی كەلوپەلی بیناسازی و بازرگانی و بەڵێندەرایەتی دووبەشیان بردووەو كۆمپانیا بیانییەكانی دیكەو ناوخۆییەكان تەنها یەك بەشیان بردووە.

هاوڵاتى: بەشێك لەگەنجان و خانەوادەكانی هەرێم كۆچ دەكەن بۆ هەندەران، پێتوایە دۆخی ئابووری باش دەبێت تا كۆچكردن كەمببێتەوە؟

یاسین مەحمود: لە2014 تائێستا ئەوە حەوت ساڵە لەهەزاردا یەك کەس، حكومەت دەرچووەكانی دانەمەزراندووە، كەرتی تایبەت شەش حەوت مانگە  هەناسەیان بەبەردا هاتۆتەوەو كۆمپانیاكانیان هەلی كار رادەگەیەنن، لەشەش ساڵدا ئەزانن چەند كەس زانكۆو پەیمانگاكانی تەواو كردووە،  ئەگەر حكومەت دامەزراندنی نەبێت و لەبازاڕدا هەلی كاری بۆ نەڕەخسێت ناچارە كۆچ بكات.

لە 2006 تا 2012 كۆچكردن پێچەوانە بووەوە لەبەرئەوەی پارە زۆر بوو پرۆژەو كار هەبوو، تەنها لەكەرتی تایبەتدا نزیكەی 700 هەزار كەس ئیشی دەكرد، ئێستا لەسەرتاسەری هەموو كوردستاندا تەنها 138 هەزار كەس كاردەكەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار