رەجەب تەیب ئەردۆغان یان پاسەوانی دۆزەخ؟

ڕێبین ئەحمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد

وا لەهەفتەیەک نزیک دەبینەوە ئاگرێکی بێ ئەمان وەک ئەژدیهایەکی حەوت سەر لەحەوت لاوە پەلاماری دارستانە سەرسەوزەکانی باشوری خۆرئاوای تورکیا دەدات و بێڕەحمانە یەک دوای یەک دەیانکاتە سوتماک و هەموو گەلانی تورکیا چاویان لەهێزی دەوڵەت بڕیوە بۆ کوژاندنەوەی، دەوڵەتیش بەلارە ملی تەماشای ئەم ئاگرە دەکات و دەستەوسانە لەئاستیدا. لەوانەیە لەدوای رووخاندنی خەلافەتی عوسمانییەوە ئەمە یەکەمینجار بێت دەوڵەتێکی بەهێزو مەغرورو بێ ئەمانی وەک تورکیا وا بەمەزڵومی لەبەرامبەر دیاردەیەکی سروشتییەوە ببیندرێت. بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی دارستان و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان لە (٨٥) ناوچەی جوگرافی جیاواز ئاگر کەوتۆتەوەو تاساتی نووسینی ئەم راپۆرتە لە (21) شوێنیان ئاگرەکە هێشتا هەر بڵێسە دەسێنێت. هەر بەگوێرەی نووسرای فەرمی وەزارەتەکە زیاتر لە (40) هەزار هێکتار دارستان و گوندو کێڵگە سوتاون. پێشتر کە ناوی مارماریس، ئانتالیا، ئالانیا، فەتحییە، ئادانا و ئیزمیر دەبرا، مرۆڤ خێرا دەکەوتە بیری پشویەکی لەبیرنەکراو، بەڵام ئەمڕۆ بە ناوهێنانی ئەو شارە گەشتیارییە هەستیارانە و تەماشاکردنیان لەبری پشوو سترێس و دوکەڵ و بڵێسەی بێڕەحمی ئاگر داگیرت دەکات. ٭کێ لەپشت کەوتنەوەی ئەم ئاگرەوەیە؟ بەگوێرەی دواهەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان، «چەند دەستێکی رەش و خائین لەپشت ئەم ئاگرەوەن، ئێمەش ئەو دەستانە دەدۆزینەوەو جەرگیان دەسوتێنینەوە». ئەردۆغان بە ناڕاستەوخۆ دەیەوێت لایەنێکی دیاریکراوی ئۆپۆزسیۆن کە مەترسیی بۆ سەر کورسییەکەی دروستکردووە پەلکێش بکاتە نێو ئەم گەمە ترسناکەوەو شەڕی نێوخۆیی هەڵبگرسێنێت و لەهەڵبژادنەکنی 2023 گرەنتی مانەوەی خۆی بکات وەک سەرۆککۆمار. بەشی زۆری چاودێران پێیان وایە مەبەستی ئەردۆغان لە «دەستی رەش و خائین» هەدەپەیە. پێشتریش سولەیمان سۆیڵو لەناوچەی مەناڤگرت بەناڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ هەدەپە راکێشا. لەپاش قسەکانی سۆیڵو خێزانێکی کورد کە لەهەشت کەس پێکهاتبوون درانە بەر دەستڕێژی گولەو هەر هەشتیان لە یەککاتداو بەیەکجار شەهیدکران و وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئاگری دارستانەکان ماڵەکەیان ئاگردرا.  بەشێکی دیکەی تورکەکان پێیان وایە ئەوان بەئاگر تێبەردانی ناوچە گەشتیارییەکان ڕاهاتوون، ئەوان پێشتر باوەڕیان وابوو هەر دارستانێک کە گڕ دەدرێت دواتر شوێنی ئەو دارانەو ئەو زەوییە سوتاوە دراوە بەسەرکردەیەکی نزیک لە ئەردۆغان و ئەویش هۆتێل و مۆڵ و دێهاتیی گەشتیاریی تێدا بنیات ناوەو پارەی تێدا پەیدا کردووە.  نمونەی ئەم گڕ تێبەردانانە لەناوچە گەشتیارییەکانی وەک فەتحییە و بۆڵوو ئالانیا و مارماریس و قەرەدێنیز پێشتر بیندراوە.  پێشبینیەکان دەڵێن مادام سەرەتای ئەم ئاگرە لەناوچە گەشتیارییەکانی مارماریس و ئەنتالیا کەوتۆتەوە، ئەوا ڕێی تێدەچێت دەستی بەرپرسێکی باڵای لەپشتەوە بووبێت بۆ بەکارهێنانی شوێنی دارستانەکە بەڵام دواتر لەکۆنترۆڵ دەرچوبێت. ٭بۆچی ئەم ئاگرە کۆنترۆڵ ناکرێت؟ ئەمڕۆ ئەردۆغان بەتەنها خۆی خاوەندارێتی (18) کۆشکی گەشتیاریی نێو دارستانەکان و (13) فڕۆکە و سێ هەلیکۆپتەر تایبەت بەخۆی دەکات. یەکێک لەفڕۆکە تایبەتەکانی ئەردۆغان لەجۆری بۆینگ 747 ەو بە گوێرەی داتا فەرمییەکان نرخەکەی بە زیاتر  لە (400) ملیۆ دۆلار دەخەمڵێندرێت «بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ODATV پارەیە زیاتر لە (15) فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە لە جۆری BE-200 دەکڕدرێت کە توانای گواستنەوەی (200) تۆن ئاوی هەیە لەیەک سەفەریدا». پێشر ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە زۆر سەرکۆنەی ئەردۆغانیان دەکرد لەسەر ئەو ئیسرافە خەیاڵیانەی لە کڕینی ماشێن و کۆشک و فڕکەدا دەیکات، ئەویش هەمیشە بەوە وڵامی نەیارەکانی دەدایەوە کە «دەوڵەت ئیعتباری هەیە، منیش ئەمڕۆ نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەم شتێک نییە بە نێوی ئیسراف لەئیعتباردا « «ـitibardan tessrüf olmaz». جارێک لە میتینگێکدا باسی لەوە کرد ئێمەش وەک پادشای وڵاتانی دیکە دەبێت شوێن و مەکانەتی فراوان و خەیاڵیی وامان هەبێت خەڵک ئێرەییمان پێببات. باسی لەوە کرد کە ڤلادمێر پۆتن لەسەردانێکیدا بۆ کۆشکە نوێیەکەی سەرسامیی خۆی بە کۆشکەکەو دیزاینەکەی و زۆری ژوورەکانی ناوەوەی دەربڕیوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەموو کۆماری تورکیای 81 ملیۆن کەسیی تەنها دوو فڕۆکەی ئاگر کوژاندنەوەی هەیە و لەم ڕووداوەی ئاگر کەوتنەوەیەدا ئەو دوو فڕۆکەیەش ستکۆک بووبوون و کاریان پێنەدەکرا. ڕوسیا 5 فڕۆکەو ئازەربایجان3 فڕۆکەی ناردە هاوکاری تورکیا. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئەردۆگان خودی خۆی بەسەرۆکی فەخری دامەزراوەی فڕۆکەوانی لەو وڵاتەدا هەڵبژێرداوە و فەرمان هەر لەخۆشی وەرگیراوە بۆ کاروبارەکانی ئەو دامەزراوەیە. لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسکێدا کە بۆچی فڕۆکەکان بەکارناهێندرێن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەردۆغان وتی:» بەداخەوە لەڕابردوودا نەمانتوانی وەک پێویست بودجەی تەواو بۆ ئەم بوارە تەرخان بکەین». ٭فاشیزم و پیرۆزیی! مەلا عەلی ئێرباش سەرۆکی دامەزراوەی ئاینیی»موفتی» لەتورکیا لەوتاری هەینی بەکوڵ دوعای دەکردو دەگریا بۆ ئەوەی خودا ئەو ئاگرەی کە بەربۆتە دارستانەکانی ئانتالیا و مارماریس بۆیان بکوژێنێتەوە. هەر ئەم مەلا عەلییە پێشتر سورەتی فەتحی دژی زەیتوونەکانی عەفرین دەخوێند، دوعای دەکرد ئاگر لەقەندیل بەرببێ و سەربازەکانیان «مەهمەد چیکەکانیان» پارێزراوبن لەکاتی سوتاندن و بڕینەوەی داری کوێستانەکانی کوردستان. بە فیعلیش هەفتەیەک پێش ئاگرەکەی ماڵی خۆیان وەک «جەنگاوەرانی خوا» بە فڕۆکە ئاگریان لەچوار چیاو دارستانی کوردستان بەردا ، فاشیزم ئەو بۆچوونە مەترسیدارەی مرۆڤە کە جیاوازی لەنێوان سنەوبەرو بەڕوو و زەیتونیش دەکات، سنەوبەرەکانی ئەوان دارترو دیندارترو لای خوا پیرۆزترن لە بەڕوو و زەیتوونی کوردەکانی قەندیل و  عەفرین! ئایدۆلۆژیا هەڵەی سیستماتیکی عەقڵە، فاشیزم میوەی ئایدۆلۆژیایە، فاشیزم هەڵەکەی عەقڵ دەگۆڕێت بۆ کوشتار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار