‌سلێمانی لەبەردەم دووڕیانی (پاشەكشە یان بووژانەوە)دایە؟

ئەلەند مەحوی

3 ساڵ لەمەوپێش



 

ئەلەند مەحوی

لەدوای هەموو ئەو رووداوو قەیرانانەی كە لە(2014 تا 2021) لەهەرێمی كوردستان روویانداوە، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر لەڕووی ئابوورییەوە پاشەكشەی كردووە، ئەگەر قەیرانەكان لەسەر شارێكی وەك هەولێر یان دهۆك كاریگەربووبن، لەسەر سلێمانی بەهۆی ململانێی سیاسییەوە دووجار كاریگەربوون.

دواجار لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵ بەگشتی لەهەرێمی كوردستان ئومێدێك گەڕایەوە بۆ خەڵك، كاتێك بودجەی 2021 لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكراو پشكی كورد دیاری كرا، بازاڕەكان بەرەو بووژانەوە هەنگاویان هەڵبڕی، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەستیانپێكردەوە، حكومەت لەپڕۆژە تەواونەبووەكاندا دەستی بەجووڵە كردەوە.

بەڵام رووداوە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە لە 8ی تەمموز دەستیپێكرد، بارودۆخی سەقامگیری سیاسی و ئابووری سلێمانی دووبارە خستەوە دۆخی چەقبەستوویی، زۆربەی وەبەرهێنەران و بازرگانان كەوتوونەتە دڵەراوكێوە، تەنانەت بەشێكیان هەر سلێمانیان بەجێهێشتووەو چوونەتە دەرەوەی وڵات. ئێستا پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین لەبەردەم دووڕیانێكی نادیاردان، كە رەنگە ئەوسەری تونێلەكە تەنها كوڕانی تاڵەبانی بە روونی بیبینن.

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەبەردەم دەرفەتێكی مێژوویدان، كە دەتوانن وەبەرهێنان لەم دەرفەتەدا بكەن و بیكەن بەسەرمایەیەكی گەورە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بۆ خۆشیان بەشەخسی، ئەویش بە دەستپێكردنی زەمەنێكی نوێ كە تێیدا ئارامی و جێگیری سیاسی و ئابووری بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و زۆنی سەوز، بە پێچەوانەشەوە ئەگەری بەردەوامبوونی دڵەڕاوكێكان پاشەكشەی زیاتر بەم زۆنە دەكات.

خەڵكی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بەدەستگێڕو جوتیارو بازرگان و وەبەرهێنەرییەوە بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن، دەیانەوێت ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف و دادپەروەری هەبێت، دەیانەوێت یاسا سەروەربێت و هێزە ئەمنییەكان دەستوەردان لەبازاڕدا نەكەن، دەیانەوێت داهات و خاك و ئاوو هەوای ئەم وڵاتە بۆ هەمووان بێت.

خەڵكی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە نایانەوێت لەنائارامیدا بژین، نایانەوێت هەر رۆژەی یەكێك چاویان لێ سووربكاتەوەو سەرانەیان لێ بسێنێت، نایانەوێت قاچاخچێتی و بازرگانی نایاسایی گیرفانەكانیان بەتاڵ بكاتەوە.

ئاماژەكان ئەوەمان نیشان دەدەن كەهەنگاوەكان بە ئاڕاستەی بوژانەوەی سلێمانی و ئیستقراریەتی سیاسی و ئابووری ئاڕاستەیان گرتووە، لەراستیدا خەڵك ئەنجامی ئەرێنی و واقعی و بەرچەستەی دەوێت، هەر كەس و لایەنێكیش بتوانێت خۆشگوزەرانی دەستەبەر بكات، بەدڵنیاییەوە پێشوازی لێدەكرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار