زیـندهبهچـاڵــکـردنی دوو پــڕۆژه دهســتـــووری ئامادهکــراو بۆ هه‌رێمی کوردستان!
د.نوری تاڵەبانی
3 ساڵ لەمەوپێش
د.نوری تاڵەبانی
له مانگی ئه‌یلوولی 1991 ده‌زگاکانی حکومه‌تی به‌عس له «ناوچه‌ی حوکمی زاتی» کشانه‌وه، حوکمڕانیکردنی ئه‌و ناوچانه که‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی «به‌ره‌ی کوردستانی» که ده‌سه‌ڵاتی قانووندانانی له‌ناوچه‌یه به‌خۆی دابوو جگه له ده‌سه‌ڵاتی ڕاپه‌راندن، ئه‌وه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی پرنسیپێه سه‌ره‌کیه‌کانی قانوونی ده‌ستووری یه، چونکه ده‌سه‌ڵاتی حوکمرانیکردن و قانووندانی نابێت به‌ده‌ست هه‌مان لاینه‌وه بێت. ئه‌و سیسته‌مه له‌سه‌رده‌می حوکمی به‌عس کاری پێ ده‌کرا، «ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش» ده‌سه‌ڵاتی حوکمرانیکردن و قانووندانانی به‌خۆی دابوو. ئه‌و بارودۆخه‌ی له کوردستان هه‌بوو ده‌بوو له‌ڕووی قانوونییه‌وه چاره‌سه‌ربکرێت. پێشنیازێکم خسته به‌رچاو چه‌ند به‌رپرسێک به‌وه‌ی قانوونی حوکمی زاتی کاری پێ بکرێت تا قانوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌لایه‌ن به‌ره‌ی کوردستانیه‌وه په‌سند ده‌کرێت. ئه‌و پێشنیازه بۆ ئه‌و ده‌مه‌ی کوردستان گونجاوبوو. «ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌راندن»یش له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه سه‌رۆک و ئه‌ندامه‌کانی دیاری بکرێن له‌که‌سانی تێکنۆکرات و رابوردووپاک. قبووڵکردنی ئه‌و پێشنیازه ده‌بووه هۆی ئه‌وه کاروباری وڵات به‌پێی قانوون به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌روه‌ها راده‌یه ک بۆ ده‌ستێوه‌ردانی حزبه‌کان له کاروباری حکومه‌تیدا دابنرێت. ئه‌و حیزبانه تازه له‌شاخه‌وه هاتبوونه ناو شاره‌کان، ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا بوون به‌عه‌قڵییه‌تی شاخ به‌ڕێوه‌یان ده‌بردن. ئه‌م پێشنیازه‌م بۆ یه‌کێک له‌سه‌رکرده‌کانی ئه‌و دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی کوردستان ڕوونکرده‌وه، ئه‌ویش پێی باش بوو و له‌کاتی به‌ستنی کۆنگره‌ی حزبه‌که‌ی پێشنیازه‌که‌ی خستبووه به‌رچاو، به‌ڵام په‌سند نه‌کرابوو. حوکمڕانیکردنی کوردستان له‌لایه‌ن به‌ره‌ی کوردستانیه‌وه بووه هۆی ئه‌وه پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ودامه‌زراندنی حکومه‌تیش، ئه‌و حزبانه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیان به‌رده‌وام بوون له‌ده‌ست خستنه ناو کاروباری حکومه‌ت. له‌و هه‌لومه‌رجه نائاساییه‌دا پڕۆژه‌ی دهستوورێکم بۆ هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌کرد به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی په‌سند بکرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه و ببێته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و دیارده نامۆیه، چونکه بنبڕکردنی کارێکی مه‌حاڵ بوو. ده‌ستوور شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری حکومه‌تی و ئه‌رکی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی دیاری ده‌کات، له‌گه‌ڵ ماف وئه‌رکه‌کانی هاوڵاتیان. پڕۆژه‌که له‌مانگی حوزه‌یرانی 1992دا ئاماده‌م کرد، پێش ڕاگه‌یاندنی سیسته‌می فیدڕاڵی، چونکه فیدڕاڵی دروشمی به‌شی زۆری ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه بوو که به‌شداریان له هه‌ڵبژاردنی ئایاری 1992دا ده‌کرد، په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێراو له‌مانگی ئۆکتۆبه‌ری 1992 سیسته‌می فیدڕاڵی ڕاگه‌یاند. پڕۆژه‌که له چاپخانه‌ی زانکۆی سه‌لاحه‌دین چاپکراو دابه‌شکرا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر له قانوونناسانی کوردستان، تا ڕاوسه‌رنجی خۆیان ده‌ربڕن و ده‌وڵه‌مه‌ندتری بکه‌ن. له‌مانگی ته‌مموزی 1992 به بڕیاری په‌رله‌مان ده‌سته‌یه‌کی قانوونی دروستکرا، ئه‌ندامه‌کانی خوالێخۆشبوو کاک ره‌شید عه‌بدولقادر و به‌نده‌و دکتۆر عه‌بدولره‌حمان ره‌حیم بووین، ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌و ده‌سته قانوونیه ئاماده‌کردنی پڕۆژه‌ی قانوون بوو بۆ په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ پێشکه‌شکردنی ڕاوێژکاری قانوونی بۆ حکومه‌ت و په‌رله‌مان. ئه‌و پڕۆژه‌یه به شێوه چاککراوهکهی خستمه به‌رده‌م ئه‌و ده‌سته قانوونییه، ئه‌ویش به‌هاوکاری چه‌ند قانوونناسێکی تر جارێکی تر پێیداچووهوهو به‌نووسراوێکی فه‌رمی ناردی بۆ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکی هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌کی. له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه سیاسیه‌ی کوردستان پێیدا تێده‌په‌ری، پڕۆژه‌که نه‌خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان وتهماشانهکرا، هه‌رچه‌نده 33 په‌رله‌مانتار له‌هه‌ردوو فراکسیۆنه سه‌ره‌کیه‌که‌ی داوایان له‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کرد پڕۆژه‌که گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت په‌سند بکرێت. خه‌ڵکێکی زۆر له‌ناوه‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان داوای په‌سندکردنی ده‌ستووریان ده‌کرد، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆیی که له‌نێو ساڵانی 1994 تا 1998 درێژه‌ی کێشا بووه هۆی ئه‌وه پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ساڵی 1992 له‌بیر بکرێت. به‌و جۆره یه‌که‌مین پڕۆژه‌ی ده‌ستوور که له‌سه‌ر بنه‌مای فیدڕاڵی بۆ هه‌رێمی کوردستان پێشنیازکرابوو، زینده‌به‌چاڵ کرا. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان پڕۆژه‌که کاری له‌سه‌رده‌کرا. بۆ نموونه، له کۆنفرانسێکی زانستی نێوده‌وڵه‌تی که له زانکۆی (پرنستن)ی ئه‌مریکی له ئه‌یلوولی 2004دا به‌سترابوو بابه‌تێکم ده‌رباره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه پێشکه‌شکردو گفتوگۆی له‌سه‌رکراو چه‌ندین پسپۆڕی ئه‌مریکایی پێشنیازی چاکیان پێشکه‌شکرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی، به‌ڵام به‌شی زۆری ئه‌و عێراقیانه‌ی سه‌ر به لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن بوون، ناره‌حه‌تبوون له‌پێشکه‌شکردنی بابه‌ته‌که. له‌بریتانیا پڕۆژه‌که کرایه ئینگلیزی ودابهشکرا به‌سه‌ر چه‌ند ناوه‌ند و زانکۆێکدا، چه‌ند بابه‌تێک له‌سه‌ر پڕۆژه‌که له‌سه‌ر سایته‌کان بڵاوکرانه‌وه.
له‌نیسانی 2002دا سه‌ردانی کوردستانم کرد بۆ به‌شداریکردن له کۆنفرانسێکی تایبه‌ت به ئه‌نفال. پێش به‌ستنی کۆنفرانسه‌که دیداری جه‌نابی کاک مه‌سعود بارزانیم کرد، له‌و دیداره‌دا ئاگاداری کردم دوو پڕۆژه ده‌ستووریان بۆ عێراق وکوردستان ئاماده‌کردووه، کۆپیێک له‌و پڕۆژه ده‌ستووره‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌کرابوو پێیدام، گوتی له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌که‌ی ساڵی 1992 دارێژراوه، داوای لێکردم هه‌ر تێبینییه‌کم له‌سه‌ر پڕۆژه‌که هه‌بێت به نووسراو بۆی بنێرم. له‌و ماوه‌ی له کوردستان بووم تێبینیه‌کانم به نووسراوی بۆنارد، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کدا تێیدا ئاماده‌یی خۆم پیشاندابوو بۆ هاوکاریکردنی ئه‌و لیژنه‌ی پڕۆژه‌که‌ی ئاماده‌کردووه. له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2002 ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه بڵاوکرانه‌وه، خۆم به پڕۆژه ده‌ستووری عێراق مه‌شغووڵ نه‌کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ کوردستان ئاماده‌کرابوو که‌موکوڕی تێدابوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو پڕۆژه‌که به‌زمانی عه‌ره‌بی دارێژرابوون، تێبینیه‌کانم له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان له‌هه‌فته‌نامه‌ی (الاتحاد) له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌یلوولی 2002 بڵاوکرایه‌وه. ئه‌و پڕۆژه‌یه له په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌درا وه‌ک ده‌ستوور هه‌تا وه‌ک ده‌ستوورێکی کاتی، هه‌ر به «پڕۆژه‌یی»مایه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌ڕووی قانوونییه‌وه کارێکی سه‌یربوو، چونکه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک بخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مان ده‌بێت بریاری له‌سه‌ربدرێت وه‌ک قانوون یان بریار، بۆیه ئه‌و پڕۆژه‌یه هیچ سیفه‌تێکی قانوونی وه‌رنه‌گرت. له‌و ماوه‌ی له هه‌ولێر بووم په‌یامنێری گۆڤاری (گوڵان) چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ کردم وپرسیاری پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ساڵی 92 ی لێکردم، له‌وه‌ڵامدا گوتم»په‌رله‌مانی کوردستان سیسته‌می فیدڕاڵی په‌سندکردووه، ده‌بوو ماوه‌یه‌کی که‌م پاش ئه‌و بریاره ده‌ستوورێک بۆ هه‌رێمی کوردستان په‌سند بکات، چونکه ناتوانین ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌هه‌رێمی کوردستان هه‌ن به‌شێوه‌ێکی قانوونی بهرێوهیانبهرن ئه‌گه‌ر ده‌ستوور نه‌بێت، ده‌ستوور وه‌ک ده‌گوترێ باوکی قانوونه‌کانه، هه‌موو قانوونێک ده‌بێت به‌پێی ده‌ستوور بێت» (گوڵان، ژماره‌ی 378، 18ی نیسانی 2002). پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه، پرسیار له سکرتێری په‌رله‌مان کرابوو که ئێستا سه‌رۆکی لیژنه‌ی ده‌ستووره ده‌رباره‌ی بۆچوونه‌کانم، ئایا پێویسته هه‌رێمی کوردستان ده‌ستووری هه‌بێت؟ وه‌ڵامی ئه‌وه‌بوو پێویست به ده‌ستوور نییه، چونکه چه‌ندین قانوونی ده‌ستووریمان هه‌یه!
له مانگی دیسه‌مبه‌ری 2003 پڕۆژه‌ێکی سێهه‌م ئاماده‌کرا، که له‌ڕاستیدا هه‌مان پڕۆژه‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2002 بوو، به‌ڵام به چاککراوی. ئه‌و پڕۆژه تازه‌یه به‌هاوکاری لیژنه‌ی قانوونی په‌رله‌مانی کوردستان و به‌نده‌و کاک فورسه‌ت ئه‌حمه‌د ئاماده‌کرا، به‌داخه‌وه ئه‌ویش پاشتر وه‌ک پڕۆژه‌ی ساڵی 1992 زینده به‌چاڵ کرا! پاساوی زینده‌به‌چاڵ کردنی زۆر سه‌یربوو، کورد ده‌ڵێت «عوزر له قه‌باحه‌ت خه‌راپتربوو»! به‌بۆچوونی به‌شێک له‌وانه‌ی ئاماده‌یانکردووه ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه وه‌ک «پڕۆژه« په‌سندکراوه، هه‌روه‌ها له کۆیه کۆنفرانسێک به‌ستراوه به‌به‌شداری کردنی زیاتر له 20 حیزبی کوردستانی وده‌نگیان بۆداوه وه‌ک «پڕۆژه«. به‌ڵام له‌ڕووی قانوونییه‌وه ئه‌و پڕۆژه‌یه سیفه‌تێکی قانوونی وه‌رنه‌گرت، هه‌ر وه‌ک هه‌موو پڕۆژه‌ێکی تر که بڕیاری لهسهرنهدرابێت ته‌ماشا ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی کوردستان نیازی په‌سندکردنی ئه‌و پڕۆژه‌ی هه‌بوایا ده‌بوایا ده‌نگی له‌سه‌ربدات لانی که‌م وه‌ک ده‌ستوورێکی کاتی. پڕۆسه‌که له‌ڕووی قانوونیه‌وه هه‌مووی هه‌ڵه‌بوو. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سیفه‌تی قانوونی به‌و»پڕۆژه‌یه«درابێت بۆچی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شداریان له‌ئاماده‌کردنی کردبوو به‌شداریان له پێداچوونه‌وه‌ی کرد له‌و لیژنه‌ی له‌هاوینی 2003 دامه‌زرا بۆ ده‌ستکاریکردنی؟ قانوونناس ئه‌گه‌ر به‌گومان بێت له‌کارێک یان له‌شێوه‌ی کارکردنی لیژنه‌یه‌ک پێویسته بێ ده‌نگ نه‌بێت. هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی قانوونی په‌رله‌مان که سه‌رۆکه‌که‌ی خوالێخۆشبوو کاک سه‌عید یه‌عقووبی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیکه‌ی لیژنه‌که، به‌تایبه‌تی کاکه ڕه‌ش نه‌قشبه‌ندی و کاک نیعمه‌ت محه‌مه‌د و چه‌ندین ئه‌ندامی تر چالاکانه به‌شداریان له کاره‌کانی ئه‌و لیژنه‌یه ده‌کرد، ته‌نیا کاک فورسه‌ت ئه‌حمه‌د نه‌بێت که به‌بیانووی جیاواز هه‌وڵی ده‌دا کاره‌کانی لیژنه‌که سه‌رنه‌گرێت.
له‌کۆتایی مانگی حوزه‌یرانی 2005دا، پێش ئاماده‌کردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری عێراق، (59) په‌رله‌مانتار له‌هه‌موو گرووپه‌کان داوایان کرد پڕۆژه‌ی ده‌ستووری ساڵی 2003 به‌و شێوه‌ی ئاماده‌مان کردبوو بکرێته بنه‌ما بۆ داڕشتنی پڕۆژه‌ێکی نوێ بۆ ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان. ئه‌و داواکاریه نه‌خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان تا ده‌ستووری عێراق په‌سندکرا. کاتێکیش خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی پێشنیازی کرد پڕۆژه‌که‌ی 2002ی، واتا پڕۆژه کۆنه‌که بکرێته بنه‌مای کاره‌کانی ئه‌و لیژنه‌ی بریاری دامه‌زراندنی درا. بۆ مێژوو پێویسته هه‌ندێ رووداو هه‌ن بخرێنه به‌رچاو ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ئاماده‌کردنی پڕۆژه‌ی دیسه‌مبه‌ری 2003.
له ئه‌یلوولی 2003 یاداشتنامهیهکم پێشکه‌ش به سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردی کرد، تێیدا داوای: (1) یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌که (2) دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆچاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی که‌رکوک (3) چاوگێڕانه‌وه به پڕۆژه‌ی ده‌ستووری نۆڤه‌مبه‌ری 2002 بۆئه‌وه‌ی بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی له عێراقدا ڕوویاندابوو به هۆی ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه، تا سه‌قفی داواکاریه‌کانی کورد زیاتر بکه‌ین، که له‌پڕۆژه ده‌ستووری نۆڤه‌مبه‌ری 2002 به‌وجۆره نه‌بوو چونکه له‌سه‌رده‌می حوکمی به‌عسدا ئاماده‌کرابوو، هه‌روه‌ها که‌موکورتی تێدابوو. هه‌روه‌ها پێشنیازکرابوو ئه‌و پڕۆژه‌یه پاش چاککردنی په‌سندبکرێت پێش په‌سندکردنی ده‌ستووری عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی داواکاریه‌کانی گه‌لی کورستان به ڕوونی له ده‌ستووری کوردستاندا دابرێژرێن. سه‌رۆکی ئه‌ونجومه‌نی وه‌زیران له‌وه‌دا هاوکاری کردین، هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی قانوونی په‌رله‌مان و کاک فورسه‌ت ئهحمهدو به‌نده بانگکراین بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. له‌و کۆبوونه‌وه‌دا ئاماده‌بوان هه‌موو هاوڕابووین له‌سه‌ر پێویستی ده‌ستکاریکردنی پڕۆژه‌ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2002 تا بگونجێت له‌گه‌ڵ بارودۆخی تازه‌ی عێراق، هه‌روه‌ها بڕیاردرا ڕۆژی پاشتر له په‌رله‌مان لیژنه‌که کۆببێته‌وه. له ڕۆژی دیاریکراودا به‌ئاماده‌بوونی به‌شێکی زۆر له ئه‌ندامانی لیژنه‌که، کۆبوونه‌وه سازکرا، له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێکدا به‌تێکڕای ده‌نگی ئاماده‌بوان بڕیاری ده‌ستکاری کردنی چه‌ند مادده‌یه‌ک درا. بۆ نموونه، مافی دیاریکردنی پاشه‌ڕۆژی گه‌لی کوردستان به‌ڕوونی له پڕۆژه‌که‌دا چه‌سپێندرا، ناوی (ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی کوردستانی) کرا به«په‌رله‌مانی کوردستان»، له‌گه‌ڵ ده‌ستکاریکردنی چه‌ند مادده‌یه‌کی دیکه. کاک فرسه‌ت ئه‌حمه‌د له‌سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که ئاماده‌نه‌بوو، پاش هاتنی ئه‌و ده‌ستکاریانه‌ی بڕیاریان له‌سه‌ردرابوو بۆمان ڕوونکرده‌وه. له‌وه ده‌چوو ناره‌حه‌ت بێت له‌و ده‌ستکاریانه، داوای لێ کردم به‌نووسراوی دیراسه‌یه‌ک به‌و ده‌ستکاریانه‌ی پێشنیازیان ده‌که‌م ئاماده بکه‌م. پرسیارم لێی کرد بۆچی له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و داواکارییه‌ی نه‌خسته به‌رچاو، ئێستا هه‌موومان پێکه‌وه خه‌ریکین مادده به مادده به پڕۆژه‌که‌دا ده‌چینه‌وه، ئه‌و مادده‌ی پێویست به‌ده‌ستکاریکردن بکات له‌پاش بیروراگۆرینهوهو به تێکڕای ده‌نگی ئاماده‌بووان، ده‌ستکاری ده‌کرێت. ئاماده‌کردنی ئه‌و دیراسه‌یه کاتی ده‌وێ، که ده‌بێته هۆی دواکه‌وتنمان له ته‌واوکردنی ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێمان سپێررابوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر داواکاریه‌که‌ی. بۆ نه‌هێشتنی بیانگهکهی ناچاربووم له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ئه‌و دیراسه ئاماده‌بکه‌م به‌چاپکراوی بۆ لیژنه‌که‌م نارد، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کدا پێشنیازکرابوو پاش هه‌فته‌یه‌کی تر لیژنه‌که کۆبێته‌وه. له ڕۆژی دیاری کراودا چوومه‌وه بۆ په‌رله‌مان، ئه‌مجاره کاک فورسه‌ت بیانوێکی تری هه‌بوو، گوتی ناتوانین له‌سه‌ر کاره‌کانمان به‌رده‌وام بین، چونکه ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆکی په‌رله‌مان وه‌رنه‌گیراوه! جارێکی دی پێم گووته‌وه بۆ له‌و کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کرا ئه‌و ئیعترازه‌ی نه‌خسته ڕوو؟ ئه‌و به‌یته شیعره‌ی شێخ ڕه‌زام بۆ هات که به شوکری فه‌زلی ده‌ڵێت: «من ده‌زانم کێ له‌خشته‌ی بردویی ئه‌مما چ سوود...». په‌رله‌مان له‌و کاته‌دا له‌پشوودا بوو، د. ڕۆژ شاوه‌یس سه‌رۆکی په‌رله‌مان و د. که‌مال فواد جێگره‌که‌ی هه‌ردووکیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، 35 ڕۆژ چاوه‌ڕێی گه‌رانه‌وه‌ی یه‌کێ له‌و دوو به‌رپرسه‌ی په‌رله‌مانمان کرد، پێم گووتن ئایا ده‌بێت کاروباری دامه‌زراوه‌یه‌کی وه‌ک په‌رله‌مان له‌به‌ر سه‌فه‌ری سه‌رۆکه‌که‌ی و جێگره‌که‌ی هه‌مووی ڕابوستێ؟ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی دکتۆر ڕۆژ، ئاگادارکرام ده‌یه‌وێ چاوی پێم بکه‌وێت، زۆر خۆشحاڵ بوو به‌و کاره‌ی ده‌ستمان پێ‌کردبوو، داوای لێ کردم به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری تا ته‌واوی ده‌که‌ین. هه‌رچه‌نده ئه‌و ماوه زۆره‌مان له‌ده‌ست چووبوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ێکی که‌مدا ئه‌و به‌شه‌ی له پڕۆژه‌که‌دا تهماشانهکرابوو پێیداچووینه‌وه وکاره‌کانمان ته‌واوکرد. له‌مانگی دیسه‌مبه‌ری 2003 به چاپکراوی پڕۆژه‌که‌م دایه لیژنه‌ی قانوونی و سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و چه‌ند لایه‌نێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار. ئه‌و پڕۆژه‌یه له کۆتایی حوزه‌یرانی 2005 دا، 59 په‌رله‌مانتار داوایان له‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کرد گوفتوگۆی له‌سه‌ربکرێت، به‌ئومێدی په‌سندکردنی، به‌ڵام پێش په‌سندکردنی ده‌ستووری عێراق. هۆی پهلهکردنمان له په‌سندکردنی ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی کوردستان پێش په‌سندکردنی ده‌ستووری عێراق ئه‌وه‌بوو ده‌ستووری کوردستان بکرێته بنه‌ما بۆ داواکاریه‌کانمان و هه‌وڵبدرێت له ده‌ستووری عێراقدا بیانچه‌سپێنین. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درا، له‌پاش په‌سندکردنی ده‌ستووری عێراق بهستراینهوه به‌و مادده حه‌سریانه‌ی له‌و ده‌ستووره‌دا هاتبوون، چونکه ناکرێت مادده‌یه‌ک له ده‌ستووری هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مادده حهسریانه بێت.
پڕۆژه‌ی ساڵی 1992 و پڕۆژه‌ی دیسه‌مبه‌ری 2003 هه‌ردووکیان له‌به‌ر هۆکاری جیاواز زینده به‌چاڵ کران، «هۆکاری» زینده‌به‌چاڵ کردنی پڕۆژه‌ی دووه‌م زاتی بوو، په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخی کوردستانه‌وه نه‌بوو. هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌چۆنیه‌تی ئاماده‌کردنی ئه‌و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌وه هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ده‌قه‌کانیان له نامیلکهێکدا له‌لایه‌ن ده‌زگای (ره‌نج) له‌ساڵی 2005 بڵاوی کرده‌وه. ئه‌و نامیلکه‌یه‌م دابه‌شکرد به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌و داواکاریه‌ی ئه‌و 59 په‌رله‌مانتاره که پێشکه‌شیان به سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردبوو.
له هه‌ردوو پڕۆژه ده‌ستووری 1992 و دیسه‌مبه‌ری 2003 دا ڕه‌چاوی ئه‌و ڕاستییه کراوه له‌سیستمی فیدڕاڵی‌دا هه‌ندێک ده‌سه‌ڵات تایبه‌تن به حکومه‌تی ناوه‌ند، له‌پاڵ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ی تایبه‌ت به هه‌رێمه‌کان. له پڕۆژه‌ی ده‌ستووری نۆڤه‌مبه‌ری 2002 دا چه‌ند مادده‌یه‌ک بوونه مایه‌ی کێشه دروستکردن بۆ کورد، بۆ نموونه که‌رکوک له‌و پڕۆژه‌یه کرابووه پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان، که ناحه‌زانی کوردی به‌جارێک هارکردبوو. بڕواناکه‌م له کوردستان که‌سێک هه‌بێت له‌من پێی خۆشتربێت که‌رکوک بکرێته پایته‌ختی هه‌رێم، به‌ڵام له پڕۆژه‌که‌ی ده‌ستووری ساڵی 92 دا پێشنیازکرابوو هه‌ولێر پایته‌خت بێت، چونکه تا که‌رکوک نه‌خرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ناکرێت به پایته‌خت، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر کاغه‌ز! ناحه‌زانی کورد پڕۆپاگهندهێکی زۆریان بڵاوکرده‌وه له‌باره‌ی ئه‌و پێشنیازه، هه‌موویان له‌دژ کورد بوون، کوردیش له‌و پێشنیازه هیچ ئیستفاده‌یه‌کی نه‌کرد.
ئه‌و لیژنه‌ی خه‌ریکی پێداچوونه‌وه بوو به‌و پڕۆژه ده‌ستووره‌ی له ئه‌یلوولی ساڵی 2006 بڵاوکرایه‌وه، له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا یهکجارێک کۆ نه‌بووه‌وه بۆ ته‌ماشاکردنی ئه‌و پێشنیازانه‌ی چه‌ندین ڕێکخراوی سیاسی و مه‌ده‌نی و که‌سانی پسپۆر و شاره‌زا بۆیان ناردبوو. له‌وباوه‌ڕه‌دام چاکتره ئه‌و لیژنه‌یه ڕێگا چۆڵ بکات بۆ لیژنه‌یه‌کی تر، تا به وردی ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و پێشنیازانه بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیازانه‌ی لایه‌نێکی بیانی ئاماده‌ی کردووه بۆ چاککردنی پڕۆژکه. به‌م شێوه‌یه ده‌توانین پڕۆژه‌ێکی گونجاوتر بۆ ئه‌مڕۆ و پاشه‌ڕۆژی کوردستان ئاماده‌بکه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگدانی له‌سه‌ر بدرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه. ده‌ستوور هه‌ر بۆ ئه‌مڕۆی کوردستان نانووسرێت، به‌ڵکو بۆ نه‌وه‌کانی پاش ئێمه‌یه. هه‌ندێ خاڵی سه‌ره‌کی هه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌توانین به‌و شێوه‌ی ده‌مانه‌وێت دایانبرێژین، وه‌ک دیاریکردنی سنووری هه‌رێمی کوردستان، چاکتره باس نه‌کرێت، چونکه ده‌ستنیشانکردنی له ده‌ستووری کوردستاندا وه‌ک دانپێدانانی یه‌کجاره‌کی به‌و سنووره ته‌ماشاده‌کرێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق نه‌توانین هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی به به‌شێک له‌خاکی کوردستانی ده‌زانین، بیانخه‌ینه سه‌ر سنووری هه‌رێم. له‌م حاڵه‌ته‌دا نه‌وه‌ی پاش ئێمه پابه‌ند ده‌بن به‌و سنووره‌ی له ده‌ستووری کوردستاندا دیاریکراوه، که ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه سنووری ڕاسته‌قینه‌ی کوردستان نه‌بێت. یه‌کێ له‌و هه‌ڵانه‌ی له پڕۆژه‌ی ئه‌یلوولی 2006 دا کراوه ئه‌وه‌یه مادده‌ی 140ی کراوه‌ته بنه‌ما بۆ دیاریکردنی سنووری هه‌رێمی کوردستان، له‌کاتێکدا ئه‌و مادده‌یه بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واری سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بکردن له‌کوردستان دارێژراوه به‌پێی ئه‌و میکانیزمه‌ی له‌و مادده‌دا دیاریکراوه. ئاماژه‌کردن بۆ ئه‌و مادده‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بێته هۆی بچوککردنه‌وه‌ی، له‌کاتێکدا ریژهێکی زۆر له ده‌نگده‌رانی کوردستان له‌به‌ر ئه‌و مادده‌یه ده‌نگیان بۆ ده‌ستووری عێراق داوه. چاکتره له پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان سنووری کوردستان به‌چه‌ند ده‌سته‌واژه‌ێکی گشتی دیاری بکرێت، بۆ نموونه بنووسرَت: «سنووری هه‌رێمی کوردستان ئه‌و ناوچانه ده‌گرێته‌وه له ڕووی مێژوو و جۆگرافیاوه به‌شێکن له خاکی کوردستان». ده‌وڵه‌ت هه‌یه 60 ساڵه هه‌یه به‌ڵام تا ئێستا سنووری سیاسیی بۆ خۆی دیاری نه‌کردووه، وه‌کو ئیسرائیل. فه‌ره‌نسا له سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا هه‌ردوو لیوای ئه‌سکه‌ندرونه و ئه‌نتاکیای دایه تورکیا، به‌ڵام سوریا ئێستاش ئه‌و دوو لیوایه به به‌شێک له خاکی خۆی ده‌زانێت و ده‌ستکاری سنووری وڵاته‌که‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی فه‌رمی نه‌کردووه.
سه‌باره‌ت به مافی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له کوردستاندا ده‌ژین، چاکتره له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌و نهتهوانانه دانیشتن بکرێت بۆ بیروڕاگۆرینهوهو ئاگاداربوون له داواکاریه‌کانیان. ناوچه‌ی که‌رکوک له پڕۆژه‌که‌دا پێویسته به به‌شێک له هه‌رێمی کوردستان پێناسه بکرێت، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی حوکمێکی ئۆتۆنۆمی فراوان. له دانیشتنێکدا له‌گه‌ڵ سه‌فیری ئه‌مریکا بۆکاروباری (باکووری) عێراق و مادده‌ی 140، سه‌فیر (تۆماس کراجێسکی) که له کۆتایی مانگی ئابی 2008 سه‌ردانی کوردستانی کرد، له‌سه‌ر داوای ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆی و تیمه‌که‌ی پێکه‌وه دانیشتین بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچه‌ی که‌رکوک، ڕاشکاوانه پێمڕاگه‌یاند کورد له‌وه‌ی که‌متر قبووڵ نییه که ناوچه‌ی که‌رکوک ببێته به‌شێک له هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام وه‌ک ناوچه‌ێکی ئۆتۆنۆم و ده‌سه‌ڵاتێکی فراوانی پێ بدرێت.
ئه‌مانه چه‌ند بۆچوونێکن ده‌یانخه‌مه به‌رچاو ئه‌و لیژنه قانوونیه‌ی پێشنیازی دامه‌زراندنی ده‌که‌م، که ده‌توانێت زیاتر لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکات. گۆێ شل نه‌کردن بۆ ڕاوبۆچوونی که‌سانی په‌یوه‌ندیدار، به تایبه‌تی له‌بواری داڕشتنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور کارێکی باش نییه‌و ئه‌نجامه‌که‌ی خراپ ده‌بێت بۆ ئه‌مڕۆی کوردستان و بۆ دواڕۆژی. پاشه‌ڕۆژی ناوچه‌ی که‌رکوکمان له‌به‌رچاوه به چ قۆناغێکی مه‌ترسیداردا گه‌یشتووه، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی بوونه دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره.
له(هاوڵاتى)، ژماره‌ی (461)ی یه‌کشه‌ممه‌ی 28ی ئه‌یلوولی 2008 بڵاوکراوه‌ته‌وه.