هەر بۆ بیرهێنانەوە، بەسادەیی
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەحمەد ڕەسوڵ
ئەم سەرۆک حزب و دەوڵەتانەی خوارەوە، مشتێکن لەخەرواری ئەوانەی خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی سەربازیی، ئابوریی و کارگێڕیی بوون بەدیپلۆماسییەت و پەیوەندیشیان بەوڵاتانی دنیاوەو دەسەڵاتدارێتتییەکی لەشکان نەهاتووی ئاسنینیان دامەزراندبوو سەرباری لایەنگیریی ملیۆنیی لەلایەن دانیشتوانەوە بۆیان. بۆ هەموویان رووخان و نووچدانی دەسەڵاتدارێتییەکەیان و دواتر بەدادگایی گەیاندن یان تیربارانکردن و تەفروتونا بوونیان، لەلای خۆیان، خەڵک و تۆ بڵێ دنیاش لەوەهمێک یان خەیاڵێک زیاتر نەبوو. ئەمانە سەرباری جیاوازییان لە ئایدیۆلۆژیای سیاسیی و شێوازی بەدەسەڵات گەیشتنیان و جۆری حوکمڕانێتییان، هەموویان هاوبەش بوون لە ئەشکەنجەدان «بە ئاست و شێوازی جیاواز» ی هاونیشتمانییان و داسەپاندنی دەسەڵاتدارێتییەکی دیکتاتۆریی بەبەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی و فشاردانان لەسەر خەڵک و هەژموونکردن بەسەر رۆح و سایکۆلۆژیای هاونیشتمانییان و دەزگاکانی راگەیاندن.
هەموویان پێکڕا، دەزگاکانی خوێندن و پەروەردەیان بەکارهێنابوو وەکو رێگایەک بۆ خۆبەرهەمهێنانەوە لەدەروون و زەینی تاک و گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا نەوە لەدوای نەوەدا بەخۆ بەگەورە و پاڵەوان کردن تا ئاستی خۆ بەپیرۆزکردن. هەموویان ناعەدالەتییان تا نێو هەناوی کۆمەڵگاو نێو قووڵایی دەزگاکان بردبوو. لەنێو هەموو سیستمە جۆراوجۆرەکانی سایەی ئەم مرۆڤە نەخۆشە دەسەڵاتخوازانەدا، گاپی نێوان خەڵک بەگشتی لەلایەک و سەرانی سەرەوەی حزب، حکومەت و دەسەڵاتدارێتیی یان بنەماڵەی ئەم عاشقە هیستیرییانەی دەسەڵات لەلایەکیترەوە هێندە گەورە بوو لەهەموو رووەکانی ئابووریی، سیاسیی، ئیداریی، شێوەی ژیان و ئاستی گوزەران، بەهاو کەرامەتی ئینسانیی لەدەرەوەی هەر پێوانە، هەڵسەندگاندن و بەراوردکردنێک بوو.
تێیاندایە، رەوایەتی شۆڕشگێڕیی و خەباتی رزگاریی نەتەوە، گەل و هاونیشتمانییانی وڵاتەکەی وەکو مێداڵی زێڕین و ئەڵماس لە ئێخەی خۆی دابوو و بەو هۆیەوە دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی وڵاتەکەیدا سەپاندبوو. تێیاندایە بەناوی شۆڕشی کۆمیونیستی و خەبات بۆ یەکسانیی و ئازادیی، دۆزەخێکی بۆ خەڵکەکەی بەرپاکردبوو.
تێیاندایە لەژێر ناوی نەتەوەچێتییەوە، سوار سەروملی نەتەوەکەی بوو بوو، وڵاتەکەی بۆ کردبوون بەزیندانێکی گەورە. تێیاندایە لە ژێر ناونیشانی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزمی جیهانی، سەرمایەداری و ...هتد وڵاتەکەی بەخاک و ئاو، سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی و تۆ بڵێ بەخەڵکەکەشییەوە لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی یان حزبەکەی «هەڵبەت سەرانی زلی حزب و بازنەیەکی هەرە تەسکی سەرەوەی حزب و دەوڵەت» تاپۆ کردبوو.
تێیاندایە بەدروشمگەلی قەبەی وەکو پارێزەری ئایین، یەکپارچەیی ووڵات، زمان و نەتەوە یان خۆشگوزەرانیی و ئازادیی گەل و نیشتمانەکەی، هەژاریی و گوزەرانێکی خراپ، ستەم، زیندان و سێدارەی بەهاونیشتمانییانی پێشکەشکردبوو.
تێیاندایە لەهەموو بۆنە گەورەو گرنگە جیهانییەکاندا وەکو پیاوێکی گەورەو بەهێزی جیهان و سەرۆکی دەوڵەت یان ئیمپراتۆریەتێکی گەورە رێز و ستایشی پێشکەشدەکراو هەموو دنیا دۆست و دڵسۆزی بوو، بەڵام هەر ئەوەندەی خەڵک لێی هەستاو راپەڕی، هەموو دنیا بەدۆستان و دڵسۆزانییەوە نەوەکو هاوکارییان نەکردو پشتیان تێکرد بەڵکو تەنانەت خۆیان لێ نەبان کردو پیرۆزباییان لەخەڵکی راپەڕیوی وڵاتەکە و شۆڕشەکەیان کردو تەنانەت هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو بیگرێتە خۆی و مافی مانەوەو پەنابەریی پێببەخشێت.
تێیاندایە لەدوای سەرەولێژبوونەوەی دەسەڵاتدارێتتیە ستەمگەرە گوایا لەشکان نەهاتووەکەی، نەوەک ئەندامان و لایەنگرانی حزب و حکومەتەکەی یان هەوادارانی خۆی و بنەماڵەکەی پشتییان تێکردو لە پێناویدا خۆیان بەخت نەکرد، بەڵکو لەخەڵکە راپەڕیوە داخ لەدڵەکە زیاتر ئاگری شۆڕشیان بڵێشە پێدەداو زیاتر لەڕاماڵین و کۆتاییپێهێنانی بەپەلەتر بوون.
تێیاندایە لەدوای نووچدان و کەوتنی دەسەڵاتدارێتییە هەواڵگرییە سەربازییە پۆڵایینەکەیدا، نەوەکو تەنها خۆی و بنەماڵەکەی، بەڵکو بەشێک لەوەزیر، دەستڕۆیشتووە حزبی و حکومییەکان، ژەنەڕاڵ و پلەدارە سەربازییەکانی چوار دەوریشی بەدادگا و سزای خۆیان گەیێنران.
•پۆڵ پۆتی سکرتێری حزبی شیوعیی و سەرۆکی کەمبۆدیا سەرباری ئەو هەموو جەبەڕوت و مێژووە درێژەی لەجەنگ و بواری سەربازیی، سەرباری ئەو هەموو هەژموونەی بەسەر دەزگا حزبیی و دەوڵەتییەکان و خەڵکی وڵاتەکەیدا، دوای ئەوەش کە بەهەزاران و تۆ بڵێ بەملیۆن خەڵکی لەئافرەت، پیر و منداڵ کۆمەڵکوژ کرد، دواجار بەدیلگیراو خرایە زیندانەوە و لەزینداندا بەزەلیلی و بە نەخۆشیی دڵ مرد.
•ئۆگۆستۆ پێنۆشێی - جەنەڕاڵی سەربازیی- سەرۆکی دیکتاتۆریی چیڵڵیی، سەرباری دەسەڵاتە ئاسنینە تۆقێنەرەکەی کە چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، دواجار سەرباری هەڵاتنی بۆ بەریتانیا، ماوەیەک لە مانەوەی ناچارییدا لەماڵەکەی خۆیدا «اقامە جبریە House arrest» و دواتر گەڕانەوەی بۆ چیڵڵی و لەوێش لە مانەوەی ناچارییدا، بەزەلیلیی دووچاری دڵوەستان هات و مرد.
•نیکۆڵای چاوسیسکۆ سەرۆکی خۆداسەپاوی رۆمانیا لەدوای ئەوەی خۆپیشاندانی خەڵک فراوان بوو لەدژی، لەوتەیەکیدا بۆ خەڵکی خۆپیشاندەر وتی کە ئەوانە گێرەشێوێن و یاخیین و دەیانەوێت شکست بەکۆمارە سۆشیالیستییەکەی بهێنن، بەڵام نەوەکو گوێی لێنەگیرا بەڵکو خۆپیشاندان فراوانترو گشتگیرتر بوو. کە ویستی بەهێلیکۆپتەرێک لەگەڵ هاوسەرەکەی هەڵبێت، لەلایەن هێزی هەوایی و سەربازیی وڵاتەکەوە ناچار بەنیشتنەوە کراو دەستگیرکرا. لە داداگاییکردنیدا هێشتا خۆی بەسەرۆکی وڵات دەزانیی و باوەڕی بەداداگاکە و دادگاییکردنەکەی نەدەکردو دانیپێدانەدەنا، تا سزای مەرگی بەسەردا دراو تیرباران کرا.
•موعەممەر قەزافی، سەرۆکی دیکتاتۆریی لیبیا، بە پلەیەک مەغرور بوو لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتییدا کەڕاپەڕینی خەڵک سەرکەوتنی مسۆگەر کردبوو، لەدواهەمین وتاریدا هێشتا خۆی بەسەرکردەی شۆڕش دەزانیی و دەیگوت شۆڕش بەردەوامە و هەموو خەڵکی راپەڕیوی بەدەستی دەرەکی و بێگانەو تەڵەی دوژمنانی گەل و نیشتمانی لیبیا دادەنا. تەنانەت ئەم سەرۆکە لە خۆڕازییە بەڕاددەیەک مەغرور بوو لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاریانا ڤالاچێی رۆژنامەنووس و نووسەری بەنێوبانگی ئیتاڵیی و جیهانی دەیگووت: هەموو ئەوروپا و ووڵاتانی ڕۆژاوا دەتوانن کتێبی سەوز وەکو کەتەلۆگێک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی وەکو لیبیا پێشبکەون. هەڵبەت کە کتێبی سەوز لەنوسینی خۆیەتی «موعەممەر قەزفییە» و پڕە لەوڕێنە و قسەی هەڵیت و پەڵیت وەکو زۆربەی کتێب و یاداشتەکانی سەرۆکە دیکتاتۆر، خۆسەپێن و نارسیستەکان. ئەوە بوو دواجار کەوتە دەستی خەڵک و بوو بەژێر دەست و پێی منداڵان و گەنجانەوەو لێیان دەپاڕایەوە کە ئازاری نەدەن و لێی نەدەن و سەرئەنجام دوای ئازارپێگەیاندنێکی زۆری بەفیشەکێک کوشتیان.
•عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەنیش تا دواجار رایکرد و لەترسی خەڵک و خۆپیشاندەران بەجێی هێشت.
•زین العابدین بن علی سەرۆکی تونس فریاکەوت هەڵبێت بەرەو سعودیە.
•حوسنی موبارەکی سەرۆکی سی ساڵەی میسر، لەبەرئەنجامی خۆپیشاندانی درێژ ماوەی خەڵک ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراو دواتر دادگایی کراو ئەویش سەرئەنجام بەزەلیلی و زەبوونی مرد.
•محمد رەزا شای ئێران لەبەرئەنجامی شۆڕشی گەلانی ئێران لەدژی دیکتاتۆرێتیی ئیمپراتۆرێتییەکەی لەگەڵ هەژارییەکەی کە بەسەر خەڵکدا دایسەپاندبوو، ناچار بەجێهێشتنی تەختی پادشایی کراو کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆرێتتیە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵییەکەی. پێی سەیر بوو کە ئەو خەڵکەی تادوێنێ دەست و قاچییان ماچ دەکردو بەهاتوهاوار بەسەر شاهەنشاهدا «شاهەنشاه واتا پادشای پادشاکان کە ئەو نازناوەی لەخۆی نابوو» دنیایان کاس کردبوو، بەڵام وائێستا دژ بەدەسەڵات و تەخت و تاراجی ئەو هوتاف دەکێشن و بڕوخێ بڕوخێ دروشمی نەبڕاوەیانە. هیچ وڵاتێکی دنیا وەرینەگرت و ئامادەنەبوو مافی مانەوەی بداتێ بەئەمریکای دۆست و هاوپەیمانیشییەوە، تا میسر رێگای پێدا بچێتە وڵاتەکەی، هەڵات بۆ میسرو دوای ساڵێک لە ناکاو بەدڵوەستان مرد.
•سەدام حسین دیکتاتۆری بەزەبروزەنگ و خاوەنی سوپایەکی یەک ملیۆن سەربازیی و هێزێکی گەورەی چەکدارو چەکوچۆڵەی جەنگیی لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستداو خاوەنی هێزێکی گەورەی خۆبەختکەرانی سەددام «فیدائیین صدام» و شەڕکەر، ئەوە بوو لەکوردستان لە ماوەیەکی کەمدا بەڕاپەڕینێک دەسەڵات و سوپاکەی راماڵرا لەلایەن ئەو خەڵکەوە کە بەردەوام چەپڵەیان بۆ لێدەداو گۆرانی و سروودیان پێدا هەڵدەگوت. دواترو سەرئەنجام بێکەس و بە تەنیا لەکونە مشکێکدا دۆزرایەوەو بەدیل گیراو سەرئەنجام دادگاییکراو لەسێدارە درا.
•بێنیتۆ مۆسۆلینی، سەرۆکی دیکتاتۆریی فاشیستیی ئیتالیا، کە لەخۆڕازییبوون و غروریی وایلێکردبوو خۆی بەپیاوی هەرە گەورەو بەهێزی جیهان و تەنانەت مێژووش بزانێت و دەیگوت کەئەو لەپێناو ئیتاڵیا و خەڵکەکەیدا بووەتە سەرۆک و خەڵکی ئیتاڵیا بەختەوەر و شەرەفمەندن کە سەرۆکێکی وەکو ئەویان هەیە. سەرئەنجام کە لەگەڵ هاوسەرەکەی و چەند ئەندامێکی پارتیی فاشیست ویستیان هەڵبێن بۆ ئیسپانیا، بەڵام دەستگیرکران و گوللـەباران کران، خەڵک هێندە لێی پڕبوو بوو دوای ئەوەی کەوتنە دەستیان لاشەکانیان بە شەقامەکاندا رادەکێشا و دواتر بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە هەڵواسراویی هێشتیاننەوە.
هەموو ئەمانە کە دەڵێی کۆمەڵێک منداڵی لەدایکبووی هەمان منداڵدان، گۆشکراوی هەمان ئامێز، پەروەردەکراوی هەمان ئاکار و مێنتاڵێتیی و هەمان شیریان دەرخوارد دراوە، چەند نموونەیەک و بەشێک بوون لەو جۆرە سیستم، سەرۆک و بنەماڵانەی کە پێیان وابوو هەموو خەڵک و وڵاتانی دنیا لە پشتیانن و دەیانپارێزن و خۆشیان دەوێن و دەسەڵاتیی ئەوان هەتا هەتاییە و بۆ سەرەولێژبوونەوە و رووخان نییە، لەمێژووی نزیکی حەفتا ساڵی رابردوودا.
گرنگ و پێویستە ئاگاداربوون لەمێژوو و خۆگێلنەکردن لەئاستییدا.