وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵا لەسەر سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە تۆمار دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند:" ئەم لێدوانە و لێدوانی هاوشێوە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە گەلی عێراق و پاراستنی یەکڕیزی ناکات. وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئەرکی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی لە دژی ناوبراو [رەحیم عەبودی] بگرێتەبەر".
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئابی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە بەناوی رەحیم عەبودی، لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقی، "سوکایەتیی بە ناوی پێشمەرگە دەکات، ئەو کەسە بەو دەربڕینە شۆڤێنیانەی دەیسەلمێنێت، کە یەکێکە لەوانەی مەبەستیان نییە عێراق ئارام بێت و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەیەکەوە بژین و هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکانی عێراق پارێزگاریاین لێ بکەن".
وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە:" "بەتوندی ئیدانەی ئەو قسانەو تەواوی ئەو دید و بۆچوونانە دەکەین، کە لە چوارچێوەی شۆڤێنیەت و خۆفەرزکردندا دەیانەوێت رای گشتی بوروژێنن. هێزی پێشمەرگە بەپێی یاساو دەستوری عێراقی و لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراقدا کار دەکات و بەردەوامیش دەبێت. هەموو لایەکیش لەوە تێدەگەن، کە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە، ئاسایش و ئارامی بەشێکی زۆری ناوچەکان تا ئێستاش لەمەترسی زیاتردا دەبوون".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزی پێشمەرگە بەپێی یاسا و دەستووری عێراقی و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عێراقدا کار دەکات و بەردەوامیش دەبێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئەم لێدوانە و لێدوانی هاوشێوە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە گەلی عێراق و پاراستنی یەکڕیزی ناکات. وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئەرکی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی لە دژی ناوبراو [رەحیم عەبودی] بگرێتەبەر".
