گرەوی گەورەی ئێران بۆ جەنگ لەكەنداو
كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بەپۆلیسی كەنداو دەزانێتو چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووری ستراتیژیی هورمزی كردووە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێرش بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكەی ئیسرائیل لەهەفتەی رابردوودا گومانەكانی بۆ دروستبوونی جەنگی گەورەی كەشتییەكان لەكەنداو زیندوكردەوە كەهۆكاری سەرەكیی ئەو جەنگە، ئێران و عێراق بوون و سۆڤیەت و بەریتانیاو ئەمەریكاو زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لەو جەنگەوە گلان و زیاتر لە (500) كەشتی تێكشكان و دواجاریش بەئاگربەست كۆتایی هات.
ئێران كە شەشەمین هێزی دەریایی جیهانە بەگەورەترین مەترسیی سەر كەنداو ئەژماردەكرێت، چونكە خۆی بەخاوەن و پۆلیسی كەنداو دەزانێت و لەكۆنەوە تائێستا بەكەنداوی فارس ناوی دەهێنێت و هیچ كاتێك نەیشاردووەتەوە كە ئەگەر نەوتی وڵاتەكەی لەبازاڕەكانی جیهان ساغ نەبێتەوە یان رێگریی لێبكرێت ئەوا گەرووی هۆرموز لەكەنداو دادەخات كە بەشادەماری ئابوریی نەوت و وزە لەجیهان لەقەڵەم دەدرێت و رۆژانە (15) بۆ (20) كەشتیی نەوتهەڵگرو بارهەڵگرو زیاتر لە (18) ملیۆن بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە تێدەپەڕن.
نزیكەی نیوەی نەوت و غازی جیهان كەدەكاتە (40%)ی سەرچاوەی وزەی جیهان بەكەنداوو گەرووی هۆرموزدا تێدەپەڕێت و (90%)ی نەوت و غازی كەنداو لەو رێگەیەوە بۆ شوێنەكانی دیكەی جیهان دەگوازرێتەوە، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر كێشەیەك لەكەنداوو ئەو گەرووە ستراتیژییە، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێكی گەورەی جیهانی و زیانبەخش زیندو دەبێتەوە.
جەنگی دەریایی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەكەنداو كە راستەوخۆ لەنێوان ئێران و عێراق روویداو ئەمەریكا رۆڵی هەبوو تێیدا، بە دووەم گەورەترین جەنگی دەریایی دوای كۆتایی دووەم جەنگی جیهانی ئەژمار دەكرێت و بە (جەنگی نەوتهەڵگرەكان) ناودەبرێت و لەساڵی (1985) تا (1988) بەردەوام بوو، ئەو جەنگە بووە هۆی ملیارەها زیان و تێكشكانی زیاتر لە (500) كەشتی و نەوتهەڵگری گەوەرەی وڵاتانی جیهان كەزۆربەیان ئێرانی و عێراقی بوون.
ئێران و ئیسرائیل ئاگری جەنگ لەكەنداو خۆش دەكەن..
لە رێككەوتی (29/7/2021) هێرش كرایەسەر كەشتیی بازرگانی مێرسرستریت (Mercer Street) لەدوورگەی عومان لەنزیك گەرووی هۆرموز و ئەمەش كاردانەوەی توندی ئیسرائیلی لەدژی ئێران لێكەوتەوە، چونكە ئەو كەشتییە بەریتانییە لەلایەن بازرگانێكی ئیسرائیلەوە سەرپەرشتی كراوەو بەمەبەستی بازرگانیی بەكارهێنراوەو گومان دەكرێت ئێران لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی كردبێتەسەر كەشتییەكەو بوبێتە هۆی كوشتنی دوو دەریاوانی.
لەسەر داوای ئیسرائیل، سێ وڵاتی (بەریتانیا، رۆمانی، لیبریا) دژی كۆماری ئیسلامی ئێران سكاڵایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان تۆمار كردووە و ئەو سێ وڵاتە رایانگەیاندوە بەئەگەری زۆر، ئێران لە رێگەی چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی كردووەتە سەر كەشتی (مێرسرستریت) لەباشوری دەریای عوممان و بووەتە هۆی كوژرانی دوو دەریاوان و زیانگەیاندن بەكەشتییەكە.
بەبڕوای هەندێك میدیای جیهانی دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی، پرسی هێرشكردنەسەر ئەو كەشتییە گەورەترین كێشەو تەنگەژەی دیپلۆماسی و سیاسیی بۆ ئێران لێدەكەوێتەوە.
لەساڵی (2019) تا ێستا تەقینەوەو سوتان و رووداوی رفاندنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەكەنداو و گەرووی هۆرموز روودەدات و سەرجەم ئەم رووداوانەش بووەتە فشارێكی سیاسی و سەربازیی بۆسەر ئێران.
ماوەی چەند ساڵیكە هەر كاتێك هێرش دەكرێتەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، زۆربەی میدیاكانی جیهان ئاماژە بەسەرهەڵدانەوەی جەنگی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان دەكەن چونكە لەسەردەمی ئێستادا كە نەوت و بازرگانیی پێویستییەكی سەرەكی زۆربەی وڵاتانی جیهانە، هەر جۆرە هێرشكردنەسەر كەشتیی بازرگانیی و نەوتهەڵگرەكان بەباڵاترین قۆناغی ململانێ و تەنگەژەی سیاسیی و سەربازیی ئەژمار دەكرێت.
لەساڵی (1985)و دوای فەرمانی هێرشی سەددام حسێن، سەرۆكی حزبی بەعسی عێراق بۆ سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران، كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ عێراق بەهاوكاریی ئەمەریكا هێرش دەكاتەسەر نەوتهەڵگرەكانی وڵاتەكەی لەكەنداوو بەمەش دەیەوێت ئابوریی ئێران هەرەس پێبێنێت.
لەو ساڵەدا بەهۆی هێرشەكانی عێراق و فشارەكانی ئەمەریكا لەكەنداو ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لە رۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ رۆژانە (100) هەزار بەرمیل دابەزی و بەهای نەوتی ئێرانی لەهەر بەرمیلێك (18) دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلك شەش دۆلار دابەزیی و ئەو وڵاتەی بەرەو لێواری گەورەترین داڕووخانی ئابوریی برد، بەڵام ئێران رایگەیاند: «یان نابێت نەوتی هیچ وڵاتێك لەكەنداوەوە تێپەڕێت یان دەبێت رێگە بەنەوتی ئێرانیش بدرێت لەبازاڕەكانی جیهاندا بفرۆشرێت».
دوای ئەو پەیامەش كە لە رێگەی عەلی خامنەیی، سەرپەرشتیاری بەرەكانی جەنگی ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنرا، سوپای دەریاوانیی ئێران هێرشی كردەسەر ژمارەیەك كەشتیی بەریتانیاو زیانی بەسێ كەشتیی سەربازیی سۆڤیەتی جاران گەیاندو تەنانەت كەشتیگەلێكی ئەمەریكاش بەمینی دەریایی تەقێنرایەوەو لەكارخرا، ئەمەش سەرەتای جەنگێكی شەلم كوێرم ناپارێزم بوو كە سەددام حسێن هۆكاری ئەو كاردانەوەیە بووە .
سەدام حسێن بووە هۆی ئەوەی ئێران توندترین كاردانەوەی مێژوویی خۆی لەكەنداو بنوێنێت كەئەویش زیانگەیاندن بوو بە كەشتییەكانی سێ وڵاتی (بەریتانیا، ئەمەریكا، سۆڤیەت) وەك سێ زلهێزی جیهان لەكەنداو، ئەوەی دوای ئەو كاردانەوەیەی ئێران جێگەی سەرنج بوو سۆڤییەت دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێكی هەڵەو نەخوازراوی ئێرانەوە سێ كەشتیی سەربازیی زیانی بەركەوت، بۆ هەمیشە كەنداوی جێهێشت لەكاتێكدا لەسەر داوای هەندێك وڵاتی عەرەبی كەنداو ئەو كەشتییانەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتانی عەرەبیی رەوانەی ئەوێ كردبوو، بۆیە دوور نییە لەئێستادا ئیسرائیل ببێتە هۆكارێك بۆ كاردانەوەی توندی ئێران و هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە لەكەنداو.
هەستیارترین جوگرافیای جیهان
كەنداو هێڵی پەیوەندیی و گرێدانەوەی نێوان سێ كیشوەری ئەوروپاو ئەفەریقاو باشورو باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا-یەو گرنگترین سیستمی گواستنەوەی نێوان زەریای ئەتڵەسی و دەریای سپی و دەریای سور تازەریای هیند-ە بۆیە لە رووی بازرگانیی و گواستنەوەوە جێی بایەخی زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت زلهێزە ئابوریی و سەربازییەكانی جیهانە، بەگشتی ئەم كەنداوە لە رووی جوگرافیای سیاسیی، ستراتیژیی، وزە، مێژوو شارستانییەتەوە بە رووبەڕێكی گرنگ و هەستیاری جیهان ئەژماردەكرێت.
وڵاتانی (ئێران، عوممان، عێراق، سعودیە، كوەیت، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین) لەكەنداو پشكیان هەیەو سەرجەم رووبەری ئەو كەنداوە (237) هەزارو (473) مەتر دووجایە، كە نزیكەی دوو هەزارو (440) كیلۆمەتر دووجا لە كەناراوەكانی دەكەوێتە بەشی ئێرانەوەو بەجۆرێك كە بەشی باكوری ئەو كەنداوە هەمووی دەكەوێتە جوگرافیای ئێرانەوە.
زۆربەی ئەو دوورگە ستراتیژییانەی كەنداو وەك (قشم، خارگ، كیش، ئەبو موسا، لاوان ، لارك و ...) كە نزیكەی (30) دوورگەن دەكەوێتە جوگرافیای ئێرانەوەو بەو پێیە زۆربەی دوورگە گرنگەكانی كەنداویش بەدەست ئێرانەوەیەوە.
وڵاتانی عەرەبی و ئێران لەكەنداو خاوەنی (75%)ی یەدەگی نەوت و (57%) یەدەگی غازی هەموو جیهانن، بۆیە ئەم ناوچەیە بە (عەمباری نەوتی جیهان) ناودەبرێت لەكاتێكدا ئێران بەتەنها دوای روسیا بەخاوەنی دووەم گەورەترین یەدەگی غاز لەجیهان ئەژمار دەكرێت.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كەئێران بەتەنها خاوەنی (10%)ی یەدەگی نەوتی جیهان لەكەنداوە، بۆیە بەردەوام خۆی بەپۆلیس و خاوەنی ئەو ناوچەیە دەزانێت.
بۆ ئێران پێداگریی لەناوی (كەنداوی فارس) دەكاتەوە
مێژووی ناوی كەنداو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (داریوش) پاشای یەكەمی ئیمپڕاتۆریەتی هەخامنەشی لەئێران نزیكەی (500) ساڵ پێش زایین، بەڵام لەساڵی (1950) ئەو كەنداوە بە رەسمی لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە وەك كەنداوی فارس ناوهێنراوەو لە بەڵگەنامە جیهانی و نێودەوڵەتییەكانیش ئەو ناوە تۆماركراوە.
لەساڵی (1960) بەسەرهەڵدانی جەمال عەبدولناسر لەوڵاتی میسرو بەهێزبوونی هزری نەتەوەپەرستیی عەرەب، دژایەتیی ناوی كەنداوی فارس دەستیپێكردووەو زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ئەو كەنداوە بە (كەنداوی عەرەبی) ناودەهێنن و ئەمەش بەبەردەوام ناكۆكی سیاسیی لەنێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیی لێكەوتووەتەوە.
ئێران كە خۆی بەمیراتگری ئیمپڕاتۆریەتی هەخامنەشی و داریوشی یەكەم دەزانێت، هەستیارییەكی زۆری بەرامبەر پاراستن و بەكارهێنانی ناوی «كەنداوی فارس» هەیە و هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لەو ناوە یان بەكارهێنانی ناوی «كەنداوی عەرەبی» بەدەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەكەی دەزانێت.
پێگەی سەربازیی لەكەنداو
كەنداو بەهۆی گرنگیی ستراتیژییەوە لەئێستادا بووەتە بنكەو پێگەی سەربازیی سێ زلهێزی جیهان كەئەوانیش (ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا)ن لەكاتێكدا پێشتریش كەشتییە جەنگییەكانی سۆڤییەت لەو ناوچەیە بوونیان هەبوو، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و عێراقەوە سۆڤییەتی جاران بۆ هەمیشە ئەو كەنداوەی جێهێشت.
هێزە دەریاوانییەكانی ئێران كە لە رووی پلەی سەربازیی دەریاییەوە بە بوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەكەشتی و ژێردەریایی جەنگییەوە دوای وڵاتانی (چین، روسیا، كۆریای باكور، ئەمەریكا، كۆڵۆمبیا) شەشەمین هێزی دەریایی جیهانە.
هێزە دەریاوانییەكانی ئێران لەدوو هێزی سەرەكیی پێكدێت كەبریتین لەهێزەكانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هێزەكانی سوپای رەسمیی ئەو وڵاتە (ئەرتەش)، ژمارەی ئەو دوو هێزە لەكەنداو دەگاتە نزیكەی (50) هەزار سەرباز لەكاتێكدا هێزەكانی ئاسمانی و وشكانیی ئێران هاوكات پشتیوانیی لەم ژمارە زۆرە دەكەن.
لەساڵی (2008) بە رەسمی ئاڵوگۆڕی تاكتیكیی گەورە لەنێوان هێزە دەریاوانییەكانی ئێران روویدا و سوپای پاسداران ئەركی پاراستنی كەنداوی پێسێردراو لەبەرامبەردا هێزی رەسمیی دەریاوانیی ئێران لەكەنداو بچووك كرایەوەو ئەركەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو سنوردار كرایەوە، بۆیە هەر لەو ساڵەدا سوپای پاسداران ناوەندێكی سەرەكیی خۆی بۆ كەنداو گواستەوەو بەموشەك و ئامێری پێشكەوتو و دەیان كەشتیی جەنگیی و تەنانەت ژێردەریایی روسیا جێگیربوونی هێزەكانی لەو ناوچەیە نمایش كرد.
سوپای پاسداران رایگەیاند هێزەكانی ئەوان ئەركیان پاراستنی شۆڕشی ئیسلامییە و ئەركی سەربازییان سنوردار نییە تەنها بەجوگرافیای ئێرانەوەو هێزەكانی دیكە ئەركیان پاراستنی خاك و ئاوی وڵاتەكەیە، كەئەمەش ئاماژەیەكی گەورەبوو لەگۆڕانكاریی سەربازیی لەئێران بەو واتایەی هەر لایەنێك دژایەتیی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات لەكەنداو.
سوپای پاسداران بەرەنگاری دەبێتەوە لەكاتێكدا ئەركی هێزی رەسمی دەریاوانیی هەر وڵاتێك تەنها پاراستنی سنوری ئاوییە، بۆیە لەو سەردەمەدا لەناوخۆی ئێران دەنگۆی ئەوە دروستبوو كە فەرماندە و جەنەڕاڵە دەریاوانییەكانی (ئەرتەشی ئێران) دووردەخرێنەوەو چەند جەنەڕاڵێكی دەریاوانیی ئێرانیش ناڕەزایەتیی خۆیان لەبەرامبەر ئەو گۆڕانكارییە دەڕبڕی كە بووە هۆی پەراوێزخستن و رەخنەی توندی سوپای پاسداران لەدژی ئەو جەنەراڵانە.
ئێران لەكۆنەوە خاوەنی قەڵغانێكی دژە موشەكیی دروستكراوی بەریتانیایە كە بەیەكێك لەقەڵغانە دەریاییە پێشكەوتووەكانی جیهان لە (50) ساڵی رابردودا ئەژمار دەكرێت و سەرەڕای ئەمەش خاوەنی زیاتر لە (20) كەشتیی گەورەی جەنگیی و (18) كەشتیی گواستنەوەی سەربازییە كە لەوشكانیشدا توانای گواستنەوەی هێز و ئامێری سەربازیی هەیە.
زۆربەی سیستمی دەریاوانیی ئێران لە (50) ساڵی رابردودا لەلایەن وڵاتی بەریتانیاوە بونیادنراوەو ئێران توانیویەتی لەسەر ئەو سیستمانە جارێكی دیكە كەشتی و ئامێرە پێویستییەكانی دروست بكات، یان نوێیان بكاتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیژیترین چەك و ژێردەریایی سەربازیی لەچین و روسیا بكڕێت.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەكان و هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ رێگریی لەئێران ئەو وڵاتە لەساڵی (1992) سێ ژێردەریایی لە روسیا لەجۆری (كیلو) كڕی و لەبەرامبەردا ئەمەریكا دەستبەجێ بۆ یەكەمجار لەمێژووی خۆیدا یەكێك لەگەورەترین ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانی بە ناوی (یو ئێس تۆپێكا)ی رەوانەی ئاوەكانی كەنداو كرد.
لەگەڵ ئەوەی ئێران ژێردەریایی لە روسیا كڕی هاوكات خۆیشی ژمارەیەك ژێردەریایی بچووكی جەنگیی بە ناوی (غەدیر) لەجۆری (29) مەتریی (115) تۆنی دروست كردووە كە توانای هەیە موشەكی جۆری كڕوز لەژێر دەریاوە ئاڕاستە بكات.
ئێران دوو كەشتیگەلی گەورەی بە ناوی (مەكران) و (سەهەند) هەیە كەدرێژیی مەكران (228) مەترو پانییەكەی(42) مەترو بەرزییەكی (22) مەترە و كێشەكەی (121) هەزار تۆنە و هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی جەنگی بە كێشی (950)تۆنی دەگوازێتەوە و توانای ئەوەی هەیە (24) هەزار سەعات بەبێ ئەوەی پێویستی بەوەستان بێت لەدەریا و ئاواكاندا دەمێنێتەوە و بەگەورەترین كەشتیگەلی جەنگی ئەو وڵاتە ئەژمار دەكرێت كە لەسەر جۆرو شێوازی كەشتیگەلی ئەمەریكا لەساڵی (1990) دروستكراوە، بەگشتی ئەو وڵاتە (398) كەشتی و ژێر دەریاریی جەنگیی هەیە و ئەمە وای كردووە ئێران ببێتە شەشەمین هێزی دەریاوانیی جیهان.
سەرەڕای هەموو ئەمانە سوپای پاسداران سێ هەزار بەلەمی بچووكی جەنگیی هەیە كە بەژمارەیەكی پێوانەیی لەبەلەمی جەنگیی لەجیهاندا ئەژمار دەكرێت و زۆرجار ئەم بەلەمە بچوكانە كە خێراییەكانیان زۆر بۆ گێچەڵكردن بەهێزەكانی ئەمەریكا و كەشتییە سەربازییەكانی لەكەنداو بەكاردەهێنرێت.
جەنگی ئاگر و ئاسن لەئاوی كەنداو
كاتێك ئەو ژمارە زۆرە لەكەشتی و چەك و كەرەستەی سەربازیی ئێران كە بۆ جەنگی كەنداو یان باڵادەستبونی خۆی لەو ناوچەیە تەرخانی كردووە دەخرێتە پاڵ یەكتر، هەست بەمەترسییەكی گەورە بۆ سەرهەڵدانی جەنگێكی هەمەلایەنە لە ئاگرو ئاسن لەكەنداو دەكرێت كە زۆربەی زلهێزەكان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات، بۆیە دوور نییە لەهەر ئەگەرێكی رووداوی هێرشكردنە سەر كەشتیی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت بەریتانیا، ئیسرائیل، ئەمەریكا جەنگێكی گەورە لە كەنداو روو بدات بەتایبەت كەئێران و عێراق ئەو ئەزمونەیان هەیە و لەماوەی سێ ساڵدا زیانی گەورەیان بە زیاتر لە (500) كەشتیی بازرگانیی و نەوتهەڵگری خۆیان و وڵاتان لە كەنداو گەیاند.