عێراقو کێشەى کورد
سیروان ڤیان
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
لەبەرئەوەى لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کێشەکان چارەسەر نەکراون، بەتەنها شیکارکردن و لێکدانەوە بۆ بابەتێک و دیاردەیەک قورسە. ئەو کێشانەی، کە لەکاتی خۆیدا چارەسەر نەکراون دەرەنجامی گەورەتر بە دوای خۆیاندا دەهێنن. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دۆخێکی لەو شێوەیە هەیە. چارەسەرنەکردن بووە بە رەفتارو رێبازێکی بنەڕەتی لەبەرامبەر کێشەکاندا. ئەو رەفتارە ماوەیەکی دوور و درێژە هەیە و لە ئەنجامی ئەو رێبازەدا کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بوون. کێشەکان ئاوێتەى یەکتر بوون و گەیشتووەتە دۆخێکی ئاڵۆز. لەبەرئەوەش مرۆڤ ناتوانێت دیاردەکان لەچوارچێوەیەکی بەرفراواندا شیکار بکات. چوارچێوەیەکی بەرفراوانیش بەش ناکات، بۆیە پێویستە مرۆڤ قۆناغ و رەوتی مێژووی لەبەرچاو بگرێت.
بێگومان کێشەکانی کۆمەڵگە هەموو کات لەچوارچێوەیەک و قۆناغ و کاتێکی مێژوویدا روو دەدەن، بۆیە پێویستە مرۆڤ ئەو بابەت و کێشەیە بەپێی ئەو راستییە شیکار بکات. ئەوە راستە، بەڵام لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو سنوورە کۆمەڵایەتی و مێژووییە زۆر بەرفراوانە. بۆ نموونە تاوەکو کاتی دروستبوونی دەوڵەت لەعێراق و بەدوای ئەوەدا دروستبوونی کێشەى کورد لەبەرچاو نەگیرێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنها لەکێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسیی و رۆشنببیرییەکان لەباشووری کوردستان تێبگات و ناتوانێت چارەسەرێکی راستەقینەیان بۆ بدۆزێتەوە. ئەو دۆخەى ئێستا روودەدات لەو چوارچێوەیەدایە. کێشەکان لەمانا راستەقینەکەیاندا پێناسە و چارەسەر ناکرێن.
هێشتا لەسەروبەندی ساڵیادی رێککەوتننامەى لۆزانداین. بەو رێککەوتنە کوردستانیان دابەشی چوار پارچە کردو کێشەکانی کوردیش لەو چوارچێوەیەدا دەستیانپێکرد. لە راستیدا دروست نییە مرۆڤ بڵێت، دەستیان پێکرد، بەڵکو راستتر ئەوەیە مرۆڤ بڵێت کۆتاییان پێهێناوە. لەگەڵ لۆزان کێشەى کورد کۆتایی پێهات، لە راستیدا کۆتایی پێهێنرا. پێش لۆزان کێشەى کورد هەبوو و لەو سەردەمەدا هێزە باڵادەستەکان وەک هەر یەک لە بابەتەکانی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کێشەى کوردیان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لێکدایەوە.
ئەوەی ئەو سیاسەتەى بەڕێوەدەبرد دەوڵەتی بەریتانیا بوو. بەریتانیا، دەوڵەت و ئیمپراتۆریی وەک عوسمانی، ئێران و میسری بێکاریگەر کردبوو و دوای ئەوەش دەیخواست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین بکاتەوە. لەو چوارچێوەیەدا لە کێشەى کورد نزیک دەبووەوە. لەبەرئەوەی جارجار کورد دەبوویە بابەتی هەندێک لەمشتومڕ و گفتوگۆکانی هاوپەیمانان، دوای چەند قۆناغێک و روودانی هەندێک پێکدادن و دروستبوونی ناکۆکی رێککەوتننامەى لۆزان ئیمزا کراو بەئیمزاکردنی رێککەوتننامەى لۆزان کێشەى کورد لە رۆژەڤی سیستمی نێونەتەوەییدا دەرهێنرا. ئەوە دەرەنجام و پێویستییەکی ئەو رێککەوتنە بوو. لەپێش هەموانەوە بەریتانیاو دەوڵەتی تورک، هێزە پەیوەندیدارەکان بەو بابەتەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ یەک رێکنەدەکەوتن، بەڵام لەئاکامدا رێککەوتن، کە کورد وەک گەل، یان نەتەوە پێناسە نەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا رێککەوتننامەى لۆزانیان ئیمزا کرد.
دۆخ و راستیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمڕۆشدا بەزۆری لە لۆزانەوە شکڵ و فۆرمی وەرگرتووە. رەنگە هەموو سنوورەکان، دۆخ و هاوسەنگییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لۆزاندا دیاری نەکرابێت، بەڵام رەسمیەتەکەى خۆی لە لۆزانەوە وەردەگرێت. هەموو رێککەوتنە ئاشکراو نهێنییەکانی پێش ئەوەش، بەپێی لۆزان بەردەوامیی پێدرا، یان هەڵوەشێنرایەوە. گرنگی و یەکلاکەرەوەی و چارەنووسسازبوونی لۆزان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
کێشەکانی تر لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بەو شێوەیە کاریان لەسەر کرا. بابەتی وەک ئەوەى ئاخۆ سنووری دەوڵەتی عێراق چۆن و کوێ بێت قسەى لەسەر دەکرا. مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرا، کە ویلایەتی موسڵ، کە باشووری کوردستانیش لەخۆدەگرێت، بلکێنن بەعێراقەوە، یان نا. بەهۆی گرنگیی نەوتەوە بەریتانیا نەیدەخواست موسڵ بلکێنرێت بەتورکیاوە. هاوکاتیش لەئەنجامی ئەو رێککەوتن و هاوپەیمانییانەی لەگەڵ تورکیادا ئەنجامیاندابوو، پێویست بوو سیستمێکی جیاوازو خۆبەڕێوەبەریش دروست نەکرایە. بۆیە لەدوایدا موسڵ وەک بەشێک لەعێراق قبوڵکرا. یانی لەسەرەتادا دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لەچوارچێوەی ویلایەتەکانی بەغداو بەسرە پلانی بۆ دانرابوو، باشووری کوردستان کە بەویلایەتی موسڵ دەناسرا، لە چوارچێوەی ئەو عێراقەدا نەبوو، بەڵام دواتر لەئەنجامی رێککەوتنەکاندا باشووری کوردستانیان لکاند بەعێراقەوە. لەبەرئەوەش دەوڵەتی بەریتانیا بەرامبەر بەسەرهەڵدان و راپەڕینی کورد بەتایبەتی لەعێراقدا دژبەریی دەکرد و هەوڵی تێکشکاندن و لەناوبردنی دەدا، چونکە بەپێی ئەو رێککەوتننانەى ئەنجامیان دابوو، دەبوایە کورد هیچ مافێکی نەبێت و وەک بەشێک لەدەوڵەتە پەیوەندیدارەکان بمێنێتەوە. کاتێک ئێمە دەڵێین، کێشەى کورد کۆتایی پێهێنرا، مەبەستمان ئەوەیە، کە سەرنجەکان بخەینە سەر ئەو راستییە.
بەڵام لەڕاستیدا کێشەى کورد کۆتایی پێنەهاتبوو، بەڵکو لەو سەردەمەدا لەبەر ئەوەی سیستمی نێونەتەوەیی ئەوەى لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی خۆیدا دەزانی، بەو شێوەیە نزیک دەبووەوە و رەفتاری دەکرد، بەڵام چەند پێشهاتێکی نوێ و گرنگ رەفتاری ئەوانی بەرامبەر بەکێشەکە گۆڕی.
یەکەم: نەیانتوانی کاردانەوە و جوڵانەوەکانى رزگاریی نەتەوەی و ئازادیی کۆمەڵگەى کورد لەناوببەن. لەبەرئەوەى لەناو نەبرابوون، نەشیانتوانی جینۆسایدی کورد تەواو بکەن و کوردبوون لەگۆڕێدا نەهێڵن.
دووەم: بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، لە نێوان سۆڤیەت و ئەمریکادا کار بۆ هاوسەنگی و هەوڵ بۆ هەژمونگەراییان گەشەى سەندبوو. لەو چوارچێوەیەدا لەدژی رژێمە نۆکەرەکان لەسوریا، میسر، عێراق و ناوچەکانی تردا کودەتا و ئینقلاب روویاندا. زۆربەی کودەتاکان لەچوارچێوەی نەتەوەپەرەستیی عەرەبیدا ئەنجامدرابوون و سۆڤیەت بۆ ئەوەى باڵادەستی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بکات، دەیخواست هاوکاریی ئەو رژێمانە بکات و رایانکێشتە لای خۆی. لەدوایین پێشهاتدا دەوڵەتی ئێسرائیل دروستکرابوو و سەرەتا بەریتانیا و بەدوای ئەویشدا ئەمریکا دەیانخواست دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر عەرەبەکاندا بۆ هاوسەنگی بەکاربهێنن. ئیسرائیلیش بۆ ئەوەى خۆی لەسەر پێ رابگرێت، هەوڵی دەدا لەبەرامبەر عەرەبەکاندا هاوسەنگی دروست بکات. کاتێک هەموو ئەوانە روویاندا، هێزو سیستمی کاپیتالیست بەپێویستی زانی، کە سیاسەتی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکایەتی و رەفتاری خۆی بەرامبەر بەکێشەى کورد هەندێک بگۆڕێت. دەرکەوتنی کێشەى کورد بۆ هێزو سیستمی کاپیتالیست ئەو مانایەی هەبوو.
سیستمی کاپیتالیست، کە پێشەنگایەتی و سەرۆکایەتیی لەلایەن ئەمریکاوە دەکرێت، هەروەها پێویستیشە مرۆڤ ئیسرائیلیش لەو چوارچێوەیەدا ببینێت و بۆ ئەوەی پێشخستنی نەتەوە پەرەستیی عەرەب راوەستێنێت، کە پێشتر بەپێشەنگایەتیی جەمال عەبدولناسرو دواتریش بە پێشەنگایەتیی بەعس بەرەوپێش برا. هەروەها رێگری بکات لە رێککەوتنی ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ سۆڤیەت هەندێک سیاسەتیان پێشخست. یەکێک لەو سیاسەتانە ئەوە بوو، کە لەبەرامبەر عێراقی کۆماریدا، کەدوای ساڵی ١٩٥٨ دامەزرابوو و سۆڤیەت پەیوەندیی لەگەڵ پێشخستبوو، پشتیوانی لەجوڵانەوەى کورد لەو کاتەدا بکەن و تاوەکو لەو رێگەیەوە رژێمی نوێی عێراق لاواز بکەن. لەعێراق، کە دواتر بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو سیاسەتە بەردەوامیی پێدرا.
لەدەستپێکدا رێبەرایەتیی بزووتنەوەى کورد لەو دۆخەو ئاستەدا نەبوو، کە ئەو راستییە ببینێت و بۆ ئازادی و رزگاریی گەلی کوردی بەکاری بهێنێت. بەپێچەوانەوە بەپێشەنگایەتیی بارزانییەکان رێبەرایەتی و سیاسەتی خۆبەستنەوە بەهێزە دەرەکییەکان بەڕێوەچوو. تاوەکو هات ئەو خۆبەستنەوەیە وەرچەرخا بۆ نۆکەرایەتی و خیانەت. ئەو کەس و لایەنانەى لەباشوور لەدژی ئەو سیاسەتە نۆکەرایەتییە وەستانەوە بەفێڵ و پیلانگێڕیی جۆراجۆر پاکتاوکران. رێبەرایەتییەک، کە ئەو دۆخەى بینی و چارەسەری بکات و ئیرادەی تێپەڕاندن لە خۆی نیشان بدات لەباکووری کوردستان سەریهەڵداو خۆی پێشخست، بەڵام رێبەرایەتیەکی وەها لەباشووری کوردستاندا سەریهەڵنەدا. لەئەنجامی ئەوەدا و بەهۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەعێراق لەساڵانی ١٩٩٠ و ٢٠٠٣دا لە باشووری کوردستان دەسەڵاتدارییەکی پشتبەستوو بەهێزەکانی دەرەوە دامەزرا.
لەبەرئەوەى لەو عەقڵییەت و سیاسەتەدا دیموکراسی و ئازادی نییە ناتوانن کێشە نەتەوەییەکان و کێشەکانی تری کۆمەڵگە چارەسەر بکەن. سەرباری ئەوەش ئەو سیاسەتەى، کە بەڕێوەی دەبەن بووەتە رێگر لەبەردەم هەموو پێشکەوتنەکاندا. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا پێوەرەکانی رۆشنبیری، وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕی بینینی ئەو راستییەیەو تێکۆشانە لەو چوارچێوەیەدا. لەو بابەتەدا پێشکەوتن و خەباتی ئەرێنێ هەیە، بەڵام بەش ناکات. چونکە تێگەیشتن و عەقڵییەتی نەژادپەرەستیی تەسک و لیبراڵی باڵادەستە و رێگا نادەن تێکۆشان و خەباتێکی وەها بەرەوپێش بڕوات. ئەگەر ئەو لەمپەرە چارەسەر بکرێت و ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنە هەڵەیە تێکبشکێنرێت، ئەوا لەو کاتەدا مرۆڤ دەتوانێت کێشەکان بەشێوەی راست و دروست پێناسەو چارەسەر بکات.