دووتــــــــــــاگـــــــــــــەریی Dualism
سامانی وەستا بەکر
3 ساڵ لەمەوپێش
سامانی وەستا بەکر
دوالیزم: دوتایی، دووتاگەریی و بەبێ خاترگرتن واتە «دووڕووی»، «الپنائیە» Dualism
درۆی هەمووان لەگەڵ هەمووان یان ماسکی دەمووچاو «پێرسۆنا» کە زیاتر بەماسکی شانۆی گرێکی ناسراوە، ئەمە ساناترین پێناسەیە بۆ چەمکی دوالیزم.
دوالیزم یان دووتایی بەشێکە لەبوونی مرۆڤ واتە مرۆڤ لەباشترین کاتەکانیا هەم دووتاگەرە هەم دوو دووتاگەریشی پێخۆشە، تەنها ئەوە نەبێ بەگشتی خەڵک کەمتر هەست بە دووتایی خۆی ئەکات و زیاتر چاوی لەسەر بەرامبەرە، دووتایی بوونی مرۆڤەکان زیانبەخشنین ئەگەر خودی کەسەکە بەمەبەست دووڕووی بەبارە خراپەکەیا بەکارنەهێنێ ، بەڵام لەڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتتر لەوڵاتی ئێمە ئێستا دوالیزم زۆر بەئاشکرا هەستی پێدەکرێ و لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بەگشتی و چینی سیاسی بەتایبەتی، بۆیە لێرەیا هەوڵئەدەم زیاتر دوالیزم یان دووتاگەریی بناسێنم و چەند نمونەیەکی دیاری هەنووکەیش بکەم بەبەشێک لەبابەتەکە هەتا روونترو ئاسانتر بگاتە خوێنەر.
مرۆڤ و دووتایی: هیچ کاتێ مرۆڤ ناناسرێ تا بەرژەوەندییەکانی نەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، مرۆڤ کاتێک بوونەوەرێکی میهرەبانە هەتا بەرژەوەندییەکانی پارێزراوبێت، بەڵام هەر کە بەرژەوەندییەکانی کەوتە بەر هەڕەشە ئیتر دیوە راستەقینەکەی خۆی پشانئەدا کە «دڕندەی»یە. مرۆڤ خۆویسترین بوونەوەرە بۆ نمونە، سەگێک هەرئەوەنەی هۆگری کەسێ بوو ئیتر بەژیانی خۆی پارێزگاری لێدەکا و بێ هیج دوودڵییەک خۆی دەکا بە خواردنی دڕندەیەک تا خاوەنەکەی پارێزراوبێت و رزگاربێت، کەچی مرۆڤ کڕین و فرۆشتن بەسەگەوە دەکات! ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی بەرژەوەندی پەرستە نەک چاکەکار.
مرۆڤ کۆی کایەکانی ژیان لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێ بۆ نمونە هاوسەرگیری، هاوڕێیەتی، کارکردن، بەخشین، هاوکاریکردن، خۆ ئەگەر هەریەکێ لەمانە لەبەرژەوەندی نەما ئیتر راستەوخۆ دەستبەرداری دەبێت و دیوە رەشەکەی مرۆڤ بوون دەرەکەوێ، کاتێ مامۆستا قوتابیەکەی دەرناچێنێ ئنجا دەتوانێ دیوی راستەقینەی ئەو فێرخوازە بناسێ، یان کاتێک کەسێک لەکارەکەی دەرەکرێ ئینجا دەتوانێ کەسەکە بەباشی بناسێ، واتە مرۆڤ خاوەنی دوو دیوە دیوێکی ئاشکراو بینراو دیار، لەگەڵ دیوێکی شاراوە کە ئەم دوو دیوەی مرۆڤ پێکەوە کەسێکی تەواو پڕمان پێدەناسێنێ و ئەمەش دوالیزمی مرۆڤ بوونە.
راستگۆی و دەستپاکی و بەخشندەیی و مرۆڤدۆستی و سەرڕاستی...هتد ئەمانە هەموو کۆمەڵێ رەهەندی جوانی مرۆڤە، بەڵام مرۆڤ کاتێک ئەم شتانە جێبەجێ دەکات کە بۆی دەگونجێ و هیچ لەسەر خۆی ناکەوێ و دژایەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی ناکات، بەڵام کاتێک کەمترین زیان بەر خودی مرۆڤ بکەوێ ئەوا راستەوخۆ ماسکەکەی دەموچاوی فڕێدەدات و دەکەوێتەوە سەر بنچینە یان ئەسڵی خۆی و تەنها لەوکاتەشدا دەتوانرێ مرۆڤ وەک خودی بنچینەی خۆی کە هەیە بەبێ ماسک ببینرێ.
مرۆڤ هەمو شتێ دەکا لەپێناوی خۆشبەختییا، واتە کۆی ئاکارە باشەکانی مرۆڤ هەموو لە پێناو خۆشبەختی خودی خۆی و کەسە نزیکەکانیەتی چونکە مرۆڤ بۆی نالوێ خراپبێ، لەئەگەری خراپی مرۆڤا ئەوا خۆشبەختی لەدەستدەدا. هەربۆیە مرۆڤ دەبێ بەناچاری باشبێ تا خۆشبەختی بەدەستبهێنێ.
مرۆڤ دژی درۆیە، بەڵام یەکێک لە ئارەزووەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە درۆی لەگەڵدا بکرێ، بۆ نمونە کەسێکی بەدڕەوشت کاتێک خۆی دڵنیایە ئەوەی دەیکا بەدڕەوشتییە، بەڵام پێی خۆشە درۆی لەگەڵدا بکرێ و بە جوانڕەوشت ناوزەندبکرێ، یان مرۆڤی ناشرین بەگشتی و خانمان بەتایبەتی پێیانخۆشە پێیانبوترێ جوانن، ئەی چ سیاسییەکی گەندەڵ و دیکتاتۆر پێیخۆش نیە پێی بوترێ تۆ کاریزما و فریادڕەسی؟
دووتاگەریی لەگەڵ یەکتر: تۆی پیاو جوانی خانمان بەلاتەوە گرنگترین شتە کەچی دەڵێی جوانی مەرج نیە! دەفەرموو بڕۆ چەندین ئافرەتی رەشت بەرزو سەرکەوتوو خاوەن بڕوانامە ....هتد هەن کە لەزکماگەوە خاوەن پێداویستی تایبەتن و وەک هەر خاتوونێکی تر دەشتوانن ببنە دایک، تۆی پیاویش کە جوانیت بەلاوە گرنگ نیە بڕۆ بیخوازەو بیکە بەهاوبەشی ژیان. لێکۆڵینەوەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئەو خانمانە هەمیشە ماڵیان پۆشتەیەو باشترین پێشکەشی مێردو خێزانەکەیان دەکەن، بەڵام تۆی پیاو کە جوانیت بەلاوە گرنگ نیە هەر بە هۆکاری جوانی ئامادەنیت ببی بەهاوبەشی ژیانی، ئەمەش دووتاگەریی پیاو دەسەلمێنێ کە کۆی رەگەزی مێ لەتای تەرازوویەک دادەنێ و جوانیەکەشی لە تاییەکی تر، کەچی دەشڵێ جوانی گرنگ نیە. ئەمە بۆ خانمانیش راستە بەڵام ئافرەت لەپاڵ جوانیدا گرنگی بەلایەنی تری پیاوان دەدات و دەشڵێ گرنگ نیە کە لێرەیا باسکردنی گرنگ نیە، ئەمەش دووتاگەریی هەردوو رەگەزە بەرامبەر یەک.
یان ئۆتۆمبێل، بێگومان دەڵێی هۆکارێکە بۆ گەیاندن و ئاسانکردنی کارەکان، بەڵام تۆی مرۆڤ ئەگەر بۆت بلوێ گرانترین و بەرزترین مۆدێلەکان هەڵدەبژێری.
دووتایی و یاسا: هەمووان پێیانخۆشە یاسا هەبێت و جێبەجێش بکری، بەڵام لەسەر ئەوانیتر نەک خودی کەسەکە خۆی، هەمووی داوای جێبەجێکردنی یاسا دەکات کەچی کەسی جێبەجێکاری یاسا زۆر بێزراو ناشرین و پیاوخراپە. کاتێ رووی راستەقینەی خود دەردەکەوێ کە یاسا بەسەر خۆیدا جێبەجێکرا.
بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی پەرلەمانی لەدەسەڵات یان حکومەت بەلاوە پەسەندترە، پەرلەمان یاساکان دروست دەکات و دەریان دەکا پاشان حکومەت جێبەجێیان دەکا، بەڵام کاتێک یاسایەک لەبەرژەوەندی کۆمەڵێک خەڵکدا نەبێت ئەوا راستەوخۆ خەڵک و میدیاش زیاتر هێرش دەکەنە سەر حکومەت و کەمتر ناوی پەرلەمان دەهێنرێ، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە خەڵک یاسای پێباشە بەمەرجێک دژی بەرژەوەندییەکانی خودی خۆی نەبێت، بۆیە دژی جێبەجێکاری یاساکە دەوەستێتەوە.
لێرە بەدواوە دوالیزمی کۆمەڵگە بەجێدەهێڵم و هەندێ دووتایی سیاسی وەک نمونە بۆ بوونی دوالیزم وەردەگرم.
ئەمریکا هەرگیز دۆستی کورد نەبووە، بەڵکو دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لەبەرامبەریشدا کورد هەمیشە شاگەشکەی پەیوەندی باش بووە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و بە دۆستی خۆی زانیوە، بەڵام ئەمریکا هەمیشە کوردی وەک ئامرازێک دژی نەیارەکانی بەکارهێناوە.
دوالیزمی ئەمریکاو خۆشباوەڕی کورد:
ئەمریکا هەرگیز دۆستی کورد نەبووە، بەڵکو دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لەبەرامبەریشدا کورد هەمیشە شاگەشکەی پەیوەندی باش بووە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و بە دۆستی خۆی زانیوە، بەڵام ئەمریکا هەمیشە کوردی وەک ئامرازێک دژی نەیارەکانی بەکارهێناوە.
لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا دۆستایەتی کوردی دەکرد بۆ دورخستنەوەی لەسۆڤیەت و بەکارهێنانیشی دژی سۆڤیەت، لەبەرامبەر عێراق لە دوای ساڵی ١٩٩١وە کورد ئەو ئامرازە بووە کە ئەمریکا دژی عێراق پەنای بۆبردووە، لە جەنگی سوریاش جارێکیتر کورد ئەو چەکە بووە کە دژی سوریاو راگرتنی هاوسەنگی هێز لەدژی روسیا بەکاریهێناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمیشە کورد لە خەوی شیرینی دۆستایەتی ئەمریکایەو ئەو وڵاتەش هەرگیز بیریان بۆ دروستکردنی جوگرافیایەکی سەربەخۆ بەناوی دەوڵەیی کوردییەوە نەچووە، بگرە هەرگیز لە ئەجندای ئەمریکادا سەربەخۆیی کورد بوونی نیە.
دووتاگەریی ئەمریکا لەگەڵ کوردا لەوەدایە کاتێ دەبێ بە هاوڕێی کورد کە دۆستە دێرینەکانی پشتی تێدەکەن و شوێن پێی لەناوچەکەدا لاوازدەبێ ئیتر بەناچاری قاچێکی لەسەر خاکی کورد جێگیردەکاو قاچێکیشی هەر لە هەوادایە بەئومێدی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆستە دێریینەکانیدا ئاسایی بێتەوەو بە هەردوو قاچ لەسەر خاکی دوژمنانی کورد راوەستێ و کوێرانە تەماشای چەوسانەوەی نەتەوەی کورد بکات. بەڵام دووتاگەریی کورد لەگەڵ ئەمریکا لەوەدایە کە کورد هەر دەرس لەمێژوو وەرناگرێ و دەست لەگەندەڵی و خۆخۆری هەڵناگرێ و هەموو هێلکەکانی خستۆتە سەبەتە کونەکەی ئەمریکاوەو لەبری ئەوەی پشت بەتوانای ناوخۆی خۆی ببەستێ هەمیشە چاوەڕوانی دۆستێکە کە بەردەوام میوانی ماڵی دوژمنانی کوردە.
تورک و درۆ: سەرەتا دەبێ ئەوە بوترێ کە تورک دووڕووی بەمەبەست و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەپەرستی بە دیوە خراپەکەدا بەکاردەهێنن.
دوالیزمی تورکە مەنگۆلییەکان و حکومەتەی ئەوەیە کە بە بەرنامە رەگەزپەرستی دەچێنن و رق لەناو تورکەکاندا بەرامبەر کورد بەپلەی یەکەم و ئەرمەن و نەتەوەکانی تریش بە پلەی جیاواز دەچێنن ،کەچی کاتێ کەسێکی رەگەزپەرستی تورکی تۆرانی هێرش دەکاتە سەر ماڵێکی کورد لە کوردستان و لە شاری کۆنیای کوردستان و حەوت ئەندامی خێزانەکە “ باوک، دایک، سێ خوشک و دوو برا” دەکوژێ، وەزیری ناوخۆی تورک دەڵێ بابەتەکە پەیوەندی بە نەتەوەو رەگەزپەرستییەوە نیە و کێشەی کۆمەڵاتییە، ئەمە دووڕووی و دوالیزمی تورکە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی کە خۆیان لەسەردەمی کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرستی فاشییەوە بە بەرنامە کاری بۆدەکەن.
لەوەش خراپتر دووتایی و دووڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و ستراتیژی خۆیان بێدەنگی لە بەرامبەر هەموو ئەو تاوانانەدا هەڵەبژێرن کە تورکە مەنگۆلی و حکومەتەکانیان دەیکەنە سەر کورد لەژێر ناوی جیاوازدا.
دووتاگەریی هاوسەرۆکانی یەکێتی:
ئەنجامی دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی و دەرکەوتنی دوو هاوسەرۆک ناواقیعی و جێگای پرسیاربوو، بەڵام ئەوەی کە لە ٨ی تەمموزو رۆژانی دواتر تا ئێستاش روودەدەن واقیعیتر و ئەنجامی راستگۆیانەی دوای کۆنگرە بوو بەکەمێک درەنگ کەوتنەوە. هاوسەرۆک بۆ راگرتنی هاوسەنگی جەندەرییە واتە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان نێرو مێ تا دیوە درۆزنەکەی دیموکراتی پێداپۆشرێ، بەڵام کاتێک کۆنگرە بە هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆکی یەک رەگەز کۆتاییەت ئیتر راستەوخۆ گوێبیستی پەیامێکی نەبیستراو، نەوتراو بێدەنگ و کپکراو دەبێت کە بوونی کێشەی دەسەڵاتە لەنێو ماڵباتی جەلال تاڵەبانی لەسەر میراتی موڵکداری سیاسی ، هێزو ماددی یەکێتی.
هۆکاری گیرا کرد «قبوڵ»کردنی هاوسەرۆکی لەلایەن ماڵی تاڵەبانییەوە لە کۆنگرەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لاهور جەنگی پێشتر ئیشی بۆ ئەوە کردبوو کە بەڕەکە لەژێر پێی ئامۆزاکانی راکێشێ، بەکوردیەکەی لە کۆنگرەدا غافڵگیری کردن. هەرچی ماڵی تاڵەبانیە چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە زۆرینەی سەرکردایەتی دەنگ بە ئامۆزاکەیان بدات، بەڵام لەناو کۆنگرەدا هیچ بژاردەیەکیان نەبوو، بەڵکو زۆر هێمن و بەسیاسەت و بەناچاری بەسیستەمی هاوسەرۆکی رازی بوون و بەڵام هەر لەو ساتەوە دانەجیڕێ لە ئامۆزاکەیان دەستیپێکرد.
هەرچی لاهور جەنگیشە بەهەمان شێوەو بەناچاری سیستەمی هاوسەرۆکی گیراکرد لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی زۆری دەنگی سەرکردایەتی بەدەستهێنا، چونکە دەیزانی پارەو کلیلی قاسەی یەکێتی لای ماڵی مام جەلالە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لەهەوڵی دروستکردن و بەدەسهێنانی سامانێکی بارتەقای ئەوەی ماڵی مام جەلال بوو بەڕێگەی جۆراوجۆر، هاوشێوەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و بەرپرسانی تری هەردوو زۆنی زەردو سەوز کە زۆرترین کارە بازرگانییەکانیان نایاسایی و یاساغ و قاچاغە، ئەو کارەی لاهور جەنگی بۆ ئەوەبوو کە هەروەکچۆن ئاسایش و دژەتیرۆری کۆنترۆڵ کردووە، هەرواش بتوانێ سامانی یەکێتی بکەوێتەلا تا لەو رێگەیەوە چاڵەکە قوڵتربکات و هێدی هێدی کوڕانی مام جەلالی تیا نوقمکات و یەکێتی بۆ ماڵی شێخ جەنگی یەکلا ببێتەوە.
هەڵەکەی لاهور جەنگی لەوەدابوو کە نەیزانی بەپارە چەک و هێز دەکڕێ، پارەکەش لای کوڕانی تاڵەبانی بوو، هەربۆیە ئەمان دەستیان زووتر وەشان و لاهور جەنگیان لە نیوەڕۆیا خوارد پێش ئەوەی ئەو بیانکات بەژەمێکی چەوری ئێواران.
بەمە دەوترێ (دوالیزمی «دوو ڕووی» خێزانی) کە لەیەککاتدا رازی و هاوسەرۆک بیت و لەهەمان کاتیشدا چاڵ هەڵکەنی و دانەجیڕێت بێت لەیەکتری و یاری بە بەرژەوەندی شارێک و هەرێمێکەوە بکەی.
دووڕووی بەرامبەر سلێمانی: جێی نیگەرانییە کە شەڕی بەرژەوەندی خێڵ و بنەماڵە لەسەر هێزو پارە و پۆست و کەسی یەکەم بێت بەڵام لە میدیاکانەوە باس لەوە بکرێ کە ئەمە لەبەر بەرژەوەندی سلێمانییە، لەکاتێکدا هیچ یەکێک لە بنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی خەڵکی رەسەنی سلێمانی نین هەر لەبەر ئەو هۆکارەش هیچ بەزەی و سۆزێکیان بۆ ئەو شارە نیە، ٣٠ ساڵی حوکمڕانی ئەوان گەواهی ئەوە دەیات کە چیان بەو شارە کردووەو چۆن رەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی ئەو شارەیان لەبەر قاچاخچێتی و بەرژەوەندی تەسکی حزبی و خێزانی خۆیان راگرتووە کە هەر خۆیان باڵادەست و تاکەهێز و بڕیاردەری ئەو شارە بوون، ئیتر ئەم دووڕووی دوالیزمە بەرامبەر سلێمانی لەپای چی کە ئێوە پەنجەکانی یەکتر ئەشکێنن و ئەو پەنجەیەی نەشکابێ دەیکەن بەچاوی سلێمانیدا.
ئەوەی لە ٨ی مانگی رابردوو روویدا لە سلێمانی دوورو نزیک پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندی خەڵک و سلێمانیەوە نیە هێندەی چەسپاندنی دەسەڵاتی خێزانێکەو دوورخستنەوەی خێزانێکی ترە لە دەسەڵات، هەڵبەتە نەک لەبەر هاووڵاتی و بەرژەوەندی گشتی بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی.
ئەوەی لە سلێمانی روویدا دووبارە کردنەوەی مۆدێلەکەی سعودیە بوو کە لەوێش یەکێک لە نەوەکانیی دوو برا، کودەتای کۆشکی کردو دەسەڵاتی بۆ خێزانەکەی خۆی چەسپاند و لەوێش سیناریۆکە هەر ئەوەی سلێمانی بوو کە دواتر بەسترایەوە بە گەندەڵی قۆرخکردنی بازرگانی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.
دوالیزمی زۆرینەی حزبیەکانی هەرێم: دەبێ ئەوە بزانرێ یەکێتی، سۆسیالیست، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوە.....هتد هەروەک پ.د.ک وان و لەلایەن ماڵبات و لەناو ماڵباتیشدا لەلایەن خێزانێکی بچوکەوە خاوندارێتی دەکرێن تەنها جیاوازی ئەوەیە کە پ.د.ک راستگۆیانە و بێ شەرم و سڵەمینەوە ئەوەی لای هەموو ئەندام و لایەنگرو خەڵکی و سەرکردایەتی حزبەکە چەسپاندووە کە سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی ئەو حزبە تەنها بۆ خێزانی بارزانیە و لە ئێستاشدا هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کە بۆ کوڕانی مەسعود بارزانی یەکلابێتەوە، حزبەکانی تریش هەرهەمان رێچکەیان گرتووە، بەڵام شەرمن و ترسنۆکن، راستەوخۆ دانی پێدانانێن ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ کاریشی بۆدەکەن. هەرچی گۆڕان و نەوەی نوێشە لەژێر پرسیاردان، تەنها حزبی شوعی خۆی لە بە ماڵباتبوون پاراستووە.
زیادبوونی ماڵبات و دواڵیزمی حزبی:
کورد ئەڵێ (ماڵ لەخۆ نەبوو میوانیش رووی تێکرد)، لە ساڵی ١٩٩-ەوە باشوری کوردستان گیرۆدەی سیاسەتی چەوت و خۆپەرستی و قۆرخکردنی دەسەڵاتی دوو ماڵباتە و هیوا و ئاواتی خەڵکی کۆتایی هاتنی حوکمی ماڵباتی و خێڵەکی بوو کەچی نەک ئاواتی خەڵکی رۆژی بەچاو نەبینی، بەڵکو بەپێجەوانەوە ماڵبات رەگی داکوتا و چەکەرەی کردو ئێستا هەر ماڵباتێکیان بوون بە دوو یا سێ ماڵبات و خێزانی هەمان خێڵ، هەریەکێ لەو خێزانانەش ئامادەسازی دەکا بۆ دەسەڵات، جا لەڕێی کودەتای کۆشکەوە (إنقلاب القصر)ەوە بێت یان تەسفیەکردن و خوانەخواستە هێزی چەکدارییەوە بێت.
دووڕووی بەهاری عەرەبی: ئەوەی لە تونس روویدا ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە ئەمریکا و زلهێزەکان پاشگەزبوونەتەوە لە بەهاری عەرەبی، زستان و هاوین و پایزەکانیان زۆر لە بەهار پێخۆشتربوو بەتایبەتی لەکاتێکدا لەبەهاردا تەنها ریشی درێژو جبە و عەمامە و لەچک و باڵاپۆشی و پاشەکشەی دیموکراسی راستەقینە و کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆربوونی هێزی میلیشیاو لێکترازان و گەندەڵی و بێ یاساییان دەبینی، هەربۆیە هاوشێوەی ئەوەی لەمیسر روویدا لە تونسیش هەروا تێدەپەڕێ و لێی بێدەنگ دەبن.