سەمای خوێندنەوەو نووسین
سەردار عەزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
لەساڵی ١٩٨٥ بەسەرپەرشتی ریتچارد ئەندەرسن، پرۆفیسۆر لە ناوەندی توێژینەوەی خوێندنەوە لەزانکۆی ئێلەنۆی، کۆمەڵێک لێکۆڵەر راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە لە ژێر ناونیشانی بوون بە گەلێکی خوێنەر. لەڕاپۆرتەکەدا خوێندنەوە بەسیمفۆنیا دەچوێنن، وەک سیمفۆنیا خوێندنەوە کارێکی فرەییە، تەنها یەک کردارنیە، بەڵکو کۆمەڵێک کارو کرداری زۆرە کە پێکەوە خوێندنەوە بەرهەمدەهێنن. دووەم، وەک سیمفۆنیا، خوێندنەوە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە ماوەیەکی زۆر پیادەکرابێت. چۆن کەسێک ناتوانێت لە پڕ ببێت بە سیمفۆنیا ژەن، بە هەمانشێوە هیچ کەسێک ناتوانێت لەپڕ ببێت بە خوێنەر. سێیەم، وەک مۆسیقا دەقیش هەمیشە چەندین تێگەیشتن و مانای جیاواز لەخۆی دەگرێت، هەروەها خوێندنەوەش بە چەندین مانا خۆی دەنوێنێ. لەڕاستیدا هیچ دەقێک چەندێک سادەش بێت، لە توانایدا نیە هەموو ماناکانی لە خۆیدا پەنهان بکات، بۆیە دەق هەمیشە لەمیانەی پرۆسەی خوێندنەوەدا دەکەوێتە گفتوگۆو بەریەککەوتن لەگەڵ خوێنەردا. بەزمانێکی تر، پرۆسەی خوێندنەوە لەپێناو تێگەیشتن لەدەق راستەوخۆ پەیوەستە بەپاشخان و کەلتورو ئاگایی کەسی خوێنەرەوە. ئەمەش یانی خوێندنەوە پرۆسەیەکی ناکۆتایەو هەتا مرۆڤ زیاتر بخوێنێتەوە باشتر لەماناکانی دەق تێدەگات. بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە خوێندنەوە بە گشتی چەند خەسڵەتێکی هەیە:
یەکەم، پرۆسەیەکی بونیادییە، هەروەها هەڵوێستێکی رەخنەییانەیە کە لە هەناو کەلتوری کۆمەڵایەتیدا پیادە دەکرێت.
دووەم، خوێندنەوەی ڕەوان پەیوەستە بەئاستی زمان، رێژەی ئاگایی لەزمان و پەیوەندی کەسەکان بەزمانە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماناوە.
سێیەم، خوێندنەوە دەبێت ستراتیژیانە بێت.
چوارهەم، خوێندنەوە پێویستی بەپاڵنەرە، ئایا ئەو پاڵنەرە چیە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر سروشتی خوێندنەوە.
پێنجەم، خوێندنەوە پرۆسەیەکی ناکۆتایە، خوێنەری کامڵ بوونی نیە، هەموو خوێنەرێک بەردەوام لەگەشەدایە لەمیانەی پرۆسەی پیادەکردنی خوێندنەوە . کەواتە خوێندنەوە پرۆسەیەکی ئاسان نیە، وەک وەرزش یان هەر توانایەکی تر، دەبێت لە میانەی کات و پیادەکردندا، خوێنەر بە ئاگاییەوە توانای خوێندنەوەی خۆی بونیادبنێت و پەرەی پێبدات. ئەمە ئاسان نیە و لە هەناو کەلتورو کۆمەڵگاکاندا وەک یەک بەڕێوە ناچێت. لەڕاپۆرتە ئاماژە پێکراوەکەدا جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە خوێندنەوە لەپێش چونە قوتابخانە، لەماڵەوە لای باوانی مناڵان دەستپێدەکات. بۆ ئەوەی مناڵێک ببێت بە خوێنەر دەبێت لەزۆر سەرەتاوە بەخوێندنەوە ئاشنا بکرێت. ئەمە رەهەندێکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئێجگار لاوازە. ئەمرۆ گەر کەسێک بۆ چەند خولەکێک لەهەر خێزانێکی کوردی بنواڕێت دەبینێت مۆبایل جێگای کتێبی گرتووەتەوە، بینین و گوێگرتنە لەبری خوێندنەوە. خوێندنەوە نوێترین ئامرازی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لەدونیا بەتایبەتی لە ئاستی گشتیدا. ئامرازەکانی تری وەک گوێگرتن و بینین کۆنترن. یەکێک لە دەرئەنجامە راستەوخۆکانی چاکسازی ئاینی مارتن لوتەر کینگ ئەوەبوو کە شوێنکەوتوانی ناچارکرد ببنە خوێنەر. ئەم کارە لەدوو ئاستدا بەڕێوەچوو، یەکەم، لەنێوان خوداو مرۆڤدا ناوەندی نەهێشت، بەم پێیە مرۆڤەکان دەبێت راستەوخۆ قسەکانی خودا بخوێننەوە، نەک لە کەسێکی ترەوە پێیان بگات، دووەم، کتێبی ئینجیلی وەرگێڕا بۆ سەر زمانی قسەپێکراو لەبری لاتینی یان یونانی. ئەمەش هۆکاری گەشەی پرۆتستانەکانە، زیاتر لە ئەوانیتر. لە ماوەی ڕابوردودا پرسی خوێندنەوەو چیەتی خوێندنەوەم بە ناڕاستەوخۆیی لە نوسینێکی کورتدا وروژاند، بە ناوی نوسینی کورت یان درێژ. بە ڕامان لە پەرچەکردارەکانی نوسینەکە وەها دیارە کۆمەڵگای ئێمە دابەشبوە بە سەر دوو بەرەدا، بەرەیەک کە کەمینەن، نوسینی درێژ یان خوێندنەوە قوڵ بەگرنگ و پێویست دەزانن، بەرەیەکی تر، بە پێچەوانەوە، خوازیاری نوسینی کورت و سادەو بێ گرێ و گۆڵن، بەهانەی ئەوانەی کە خوازیاری نوسینی کورتن ئەوەیە کە نوسینی درێژ دووبارەی تیادایە و کاتی زۆر دەوێت و ماندوکەرە. هەروەها ئەو نوسەرانەی کە پاڵپشتی کورتە نوسینن، وەهای دەبینین لە پێداویستیەکانی سەردەمەکەیە و خوێنەری کورد بە زۆری نوسینی کورتی دەوێت، بۆیە نوسەران دەبێت پەرە بە بەهرەی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بە کورتی بنوسن. لێرەدا جگە لە چەمکی خوێندنەوە، چەمکی نوسینیش ناڕوونە. بەڵام لە هەمانکاتدا کورت و درێژیش ناڕونە. لە کۆمەڵگای کوردیدا کاتێک کەسێک دەڵێت نوسینی کورت، مەبەستی ئەوەیە کە نابێت لە پەراگرافێک یان دوان زیاتر بێت. نابێت خوێنەر ماندوبکات و بەدوای مانای وشەو مانا پەنهانەکانیدا بگەڕێت. وەک بەرهەمی سەردەمی خێرایی، دەبێت خێرا لێی تێبگەین. ئەم خوازیاریانە گومان دەخاتە سەر هەردوو پرۆسە و چیەتی نوسین و خوێندنەوە. ئایا دەتوانین ئەوەی لە فەیسبوک دەنوسرێت بە نوسین ناوی ببەین؟ ئایا هەموو دەربڕینێک نوسینە؟ ئایا ئێمە توانای جوداکردنەوە ژانرەکانی نووسینمان هەیە؟ ئایا زاڵبونی ئەمجۆرە بەناو نوسینەوە و پەراوێزخستنی هەموو نوسینەکانی تر، مانای ئەوەنیە کە ئێمە لە بڕی نوسین نوسین دەکوژین؟ بۆ نمونە لە هەناو کەلتوری ڕۆژئاوادا نوسینێکی ٧٠٠ یان ١٠٠٠ وشەیی بە نوسینێکی کورت لە قەڵەم دەدرێت بەڵام لە دونیای کوردیدا بە نوسینێکی درێژ لە قەڵەم دەدرێت، کەواتە، کورت و درێژ پەیوەستە بە کەلتورو ئاگایی و هەڵوێست بەرامبەر خوێندنەوە و تێگەیشتن، ئەگەر دەربارەی دووبارە بپرسین، ئایا هەموو نوسینێکی درێژ دووبارەیە؟ بە پێی ئەم دەرئەنجامە بێت ئەوا هەموو گەلانی دونیا دوبارە خوێنن، کورد نەبێت! بێگومان ئەمە هەڵەیە. ئەوە نوسینی خراپە کە دوبارەیە، دەکرێت نوسینێکی کورتیش بە هەمانشێوە دوبارە بێت. دەکرێت نوسەرێک زیاتر لە سەد نوسینی کورت بنوسێت بە هەمان زمان و دید و ئاگایی و تێگەیشتنی دوبارەوە. ئەمە لەدونیای کوردیدا ئێجگار باوە. ئەگەر توانا و تاقەت و چێژی خوێنەر لە بەرچاو بگرین. یەکەم، هەموو خوێنەران خوازیاری نوسینی کورت نین. دووەم، نەبونی تاقەتی خوێندنەوەی کورت پەیوەندی بەکات و خێرایی و سەردەمەکەوە نیە. خوێنەری کورد چەندین قات لەخوێنەرێکی ئەڵمانی و ئینگلیزی و ژاپۆنی کاتی زیاتر، بەڵام زۆر کەمتر دەخوێنێتەوە. کەواتە ئارگومێنتی کات و خێرایی و خوێندنەوە، رستەیەکی بێ بنەمای دوبارەی بیرلێنەکراویە، نەک واقیع. لە هەموو شتێک زیاتر کڵێشەیەکی ئاڵۆزی سایکۆلۆجییە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە نوسین، لەهەموو ساتێکی تر زیاتر بوەتە ئامرازی لە خشتەبردن و فریودان و بەندکردنی کەسەکان. ئەمرۆ لە هەم ساتێک سەختترە نوسینێکی جیدیی لە نوسینێکی ساختە جودا بکەیتەوە. نوسین ئامرازی دەسەڵاتە، هەمیشە وەهابوە، بەڵام ئەمرۆ ئاراستەی زۆرینەی خەڵک دەکرێت. رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی دیموکراسی. کاتێک دیموکراسی دەنگ و هەڵوێستی هەموانی دەوێت، ئەوا دەسەڵات دەیەوێت کاریگەری لەسەر هەموان هەبێت. نوسینی کورت، یانی خوێندنەوەی کەم. بەم پێیە یانی پیادەکردنی کەمترو لاوازبون لە توانای تێگەیشتن. لە نوسینی کورتدا بنەماکانی نوسین نیە، بواری ئارگومێنتی جیاواز بونی نیە، رەهەندە جیاوازەکانی بابەتە قسە لە سەر کراوەکە شەن و کەو ناکرێت. سەرچاوەکان و چۆنێتی بە دەستهێنانی زانیاری ناخرێنە ڕوو. بە گشتی نوسینی کورت، خوێنەری کورتبین بەرهەم دەهێنێت. دوا رەهەندی نوسین و خوێندنەوە پرسی زەوقی خوێنەرە. زەوقی خوێنەر لەهەموو شتێک زیاتر چەمکێکی ئابورییە. ئەگەر بە زمانی ئابوری بدوێین زەقی خوێنەر حەزی موشتەری یان کڕیارە. دەبێت نوسەر وەک هەر خاوەن کار و پیشەسازییەکی تر بزانێت کڕیارەکانی حەزیان لە چیە و ئەوەیان بۆ بەرهەم بهێنێت. ئەمە دونیا ئاڵۆزەکەی بەکاربردن یان کۆنسمپشنە. بەرخۆرێتی لە پرۆسەی نوسین و خوێندنەوەدا کوشندەیە. نوسین و خوێندنەوە نابێت خوێنەر لاواز و ئالودە و چێژدۆستی بکەن دەبێت توشی ئالنگاریی و پرسیار و ڕامان و پیاداچونە و کنە و پشکنینی زیاتر بکەن، دیارە بێگومان نوسینی کورت بونی هەیە، بە جۆرو شێوازی جیاواز. بەڵام نەک پەرەگرافێک یان دوان. لە وڵاتانەی کە نوسینی زۆر کورت بڵاوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگا هاوشێوەکانین، کە مەعریفە بەشێک نیە لە بەڕێوەچونی ژیان و ژیار. دەکرێت دەقێکی کورت هەبێت بۆ ناسینی دەقێکی درێژ، بۆ نمونە بەشی مۆنکی کەیج لەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، یان ئەو کۆمێنتەرییانەی لە سایتی ناسراوی ۆر ۆن ڕۆکدا بڵاودەبنەوە. نوسینی کورت بۆ سەرنجڕاکێشانە بۆ بابەتێکی تری درێژ، چونکە بە تەنها وەک خۆی نابێتە نوسین. بڕەودان و بەهانە هێنانەوە بۆ کورتی بۆ هەمووان دەست بدات بۆ کورد دەست نادات. کە دونیا لە تاک جەمسەرییەوە وەردەچەرخێ بۆ فرە جەمسەریی: ئالۆزی و ئاشوب و نادڵنیاییەکی زۆر دەخاتە ناو ماڵی کوردەوە، دۆخێکی وەها بە چەند سەرقەڵەمێک شەرح نابێت. ئەمە تەنها وەک نمونەیەک. کە دونیا خێراتر دەبێت مانای ئەوەنیە ئێمە دەبێت کەمتر یان تەنکتر بیربکەینەوە.