کابول کەوت، ئەگەرەکانی کەوتنی بەغدا و هەولێر

شێرکۆ کرمانج

3 ساڵ لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

سەرۆکی پێشوی ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی، کابولی بەجێهێشت ‌و هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان چوونە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی ‌و کۆتاییان بەو دەسەڵاتە هێنا کە ئەمریکییەکان بیست ساڵە لەو وڵاتە دروستی دەکەن‌ و پشتیوانیی لێدەکەن. هۆکارەکانی پشت ڕوخانی حکومەتەکەی کابول بۆ هەمووان ڕوونە، پشت نەبەستن بە خۆ و گەندەڵی‌ و ململانێی نێوخۆیی‌، بۆیە لەم کورتە بابەتە باس لەم ڕەهەندەی پرسەکە ناکەین بەڵکو قسە لەسەر کاریگەرییەکانی هاتنە سەر حوکمی تاڵیبان دەکەین لەسەر ناوچەکەو جیهان‌ و ئەگەرەکان ‌و سیناریۆکانی هاتنەپێشی هەمان ئەزمون لە عێراق، بەناڕاستەوخۆش لە کوردستان.

پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین تاڵیبانی ئەمجارە تاڵیبانی بیست ساڵ پێش ئێستا نیە، نەک هەر لە ڕووی هێز و ڕێکخراوییەوە بەڵکو لە ڕووی ئەزمون‌ و تێڕوانین‌ و تێگەیشتن ‌و پۆلەسییەوە. تاڵیبانی ئەمجارە ئەزموندارترن. بۆیە پێش زەمانەت ‌و سەقامگیرکردنی خۆیان لە ناوخۆدا لەگەڵ دەوروبەر قسە و گفتوگۆیان کردووە. لەگەڵ چین، لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ پاکستان، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ڕوس، تەنانەت لەگەڵ تورکیاش گفتوگۆی سەرەتاییان هەبووە. گرنگترین شت کە تاڵیبان ئەمجارە کردویەتی خۆی وەک دوژمن‌ و هەڕەشە لەسەر کەس نیشاننادات. هەوڵیانداوە نە لە ناوخۆ نە لە دەرەوە نەیار بۆ خۆیان دروست نەکەن. بۆ نمونە، بە ئەمریکییەکانیان وتوە چیدیکە ئەفغانستان نابێتە مۆڵگە و پێگەی هێزگەلی گڵۆباڵی جیهادی وەک قاعیدە و داعش. ئەمەش بۆ ئەمریکا زەمانەتێکی چاکە، ئەمریکا کێشەی لەگەڵ ئەوە نییە وڵاتێک لەناوخۆیدا چۆن بەڕێوەدەچێت، بەڵکو کێشەی لەگەڵ ئەوە هەیە وڵاتێک چەندە هەڕەشەیە لەسەر ئەو، یان داخۆ ئەو وڵاتە هێزگەلی وا داڵدەدەدات هەڕەشە بێت لەسەر ئەوان.

وەک ئاماژەیپێکرا، تاڵیبان، لانیکەم تا ئێستا لە کورتمەودادا، پێناچێت سەرئێشە بۆ ئەمریکییەکان دروستبکات. بۆیە ئەمریکییەکان بەهاتنی تاڵیبان زۆر نیگەران نین لەبەر ئەم هۆکارانە:

یەکەم، ئەمریکا لە کۆڵ تێچوو و سەرقاڵبوون‌ بە شەڕێکی درێژخایەنی بێهودە و بێبەرهەم دەبێتەوە. چیدیکە سەقامگیری ‌و ئیدارەی ئەفغانستان کێشەی ئەمریکییەکان نابێت، تاڵیبان لە جیاتی ئەوان ئەو کارە دەکەن!

دووەم، هێزێکی سوننی ڕادیکاڵ هاتووەتە سەر کار کە ئەگەری دروستبوونی کێشەی لەگەڵ چین ‌و ئێران ‌و ڕوسیا زۆر زیاترە لەوەی کێشەی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دروست بێت. لەوانەیە هاتنەوەی تاڵیبان جموجۆڵ لەناو موسڵمانەکانی چین زیاتر بکات‌ و بەمەش تاڵیبان لەگەڵ چین پەیوەندیان ‏ئاڵۆزبێت.‏ هاوکات، ئەگەری هەیە تاڵیبان هەزارە شیعەکانی ئەفغانستان ئەزیەت بدات، ئەوە ئەگەر وەک جاران قڕیان نەکات، ئەوکاتیش ئەفغانستانی تاڵیبان پێش هەر وڵاتێکی دیکە کێشەی لەگەڵ ئێران بۆ دێتەپێش.

سێیەم، یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵکشان‌ و باڵکشانی ئێران، کە نەیارێکی ئەمریکایە، لە بیست ساڵی ڕابردوو پەیوەندیی بە لەناوبردنی دوو ڕژێمی سوننەی دژە-ئێران، ڕژێمی تاڵیبان لە ڕۆژهەڵات ‌و ڕژێمی سەدام لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە هەبووە. هاتنەوە سەر کاری تاڵیبان بۆ ئەمریکییەکان هەنگاوێکە بۆ بەرزەفتکردنی، ئیحتیواکردنی، ئێران.

ئەوە بەو مانایە نیە کە تاڵیبان بەڵێنەکانی خۆیان بەجێدەهێنن‌ و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە کردنەوەی بنکە و بارەگای قاعیدە و داعش نادەن، یان ناڕاستەوخۆ نابنە مایەی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونی ئەو دوو ڕێکخراوە، یان ڕێکخراوی جیهادیی دیکە، ئەوەی زیاتر ڕێی تێدەچێت ئەوەیە تاڵیبان لە سەرەتادا هەوڵدەدات خۆی لەم دوو ڕێکخراوە جیهادییە وەدووربگرێت، بەڵام ئەوە چەند دەخایەنێت، ئەوە پرسیارێکی کراوەیە.

لێكچووی زۆر هەن لە نێوان ئەفغانستان‌ و کوردستان ‌و عێراق. بۆ نمونە، هەر سێ یەکە غەرقی گەندەڵی ‌‌و خزمخزمێنەن کە لاوازی نەک هەر حکومەت‌ و سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی لێکەوتووەتەوە، بەڵکو لاوازیی هەستی نیشتیمانیش، هاوکات، پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌ و کۆمەڵگەشی بەرەو هەڵوەشانەوە بردووە.

سەرەڕای ئەمە، جیاوازیی ئێجگار زۆر لەنێوان هەر سێکیاندا هەیە، لە هەموویان گرنگتر ئەمانەن:

یەکەم، عێراق وڵاتێکە کە زۆرینەی شیعە تێیدا باڵادەستە و ئۆپۆزسیۆنی شیعی، بەتایبەتی گروپی چەکدار، بوونی نیە و هەموو گروپە شیعییەکان کەم تا زۆر لە دەسەڵات بەشدارن‌ و پشکێکیان لە کێکەکە بەرکەوتووە. لە ئەفغانستان پەشتوەکان کە گەورەترین گروپی مەزهەبی ‌و نەتەوەیین لە ئۆپۆزسیۆن بوون‌ و تاڵیبان نوێنەری پەشتوەکانە.

دووەم، کوردستان هەرێمێکە سەرەڕای تەشەنەی گەندەڵی‌ و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ‌و لاوازی هەستی ئینتیما بەڵام نەک هەر ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی، وەک تاڵیبانی ئەفغانستان، بوونی نیە هێزەکانی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، یەکێتیی ‌و پارتی، ئەگەر وەک بەرگریکەر لە گەل‌ و نیشتیمانیش نێنە بەرچاو ئامادەن بەرگری لە حیزب‌ و سەرکردەکانیان بکەن کە لەوانەیە پاراستنی یەکە سیاسییەکەی لێبکەوێتەوە.

سێیەم، لە ناوچە سوننەنشینەکان ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش ‌و کۆنترۆڵکردنی ناوچە سوننییەکان جارێکی دیکە هەیە بەڵام دیسان سنور و قەڵمڕەوییەکەیان لە سنوری جاری پێشوتر تێپەڕناکات. هەم ناوچە شیعەنشینەکان هەم کوردنشینەکان توانای بەرگریان لە دژی داعش لە حاڵەتی کشانەوەی ئەمریکادا هەیەو ئەگەری زۆری هەیە ئێران بە هانای شیعە و ئەمریکا، لە دوای دەرچونیشی، بە هانای کوردەوە بێت. ئەمەش وا دەکات نە هەولێر نە بەغدا نەکەوێت.

بە تێگەیشتنی من، لە حاڵەتی دەرچونی ئەمریکا، ئەگەرەکانی ڕوخانی حکومەت لە بەغدا نایەتە پێش بەڵکو ئەگەری هەڵوەشانەوە و دابەشبوونی عێراق هەیە، بۆ؟ چونکە:

یەکەم، نەک ئەمڕۆ بەڵکو دەیان ساڵە ئەوە خۆشەویستیی عێراقییەکان بۆ عێراق نیە یەکپارچەیی وڵاتەکەی پاراستوە بەڵکو ئەوە هێزە ئیقلیمی‌ (ئێران‌ و تورکیا) و زلهێزەکانن (ئەمریکاو بەریتانیا) عێراقیان بە یەکگرتوویی هێشتووەتەوە.

دووەم، کورد و سوننە و شیعە لە ناوچەی جوگرافی تاڕادەیەک لێک جیاو سنور دیاریکراو دەژین. سنورە جوگرافییە مەزهەبی ‌و نەتەوەییەکان ئەگەر تا ٢٠٠٣ زۆر زەق نەبووبن ئەوە لەگەڵ شەڕە ناوخۆییەکانی دوای ٢٠٠٥ بە تەواوی دەرکەوتوون، ئەویش لە ئاکامی کۆچی بە زۆرەملێ‌ و هەڵهاتن. لە ئەفغانستان هەزارە، کە گروپێکی شیعەن، لە تەواوی ئەفغانستان پەرشوبڵاون‌ و لەنێو پەشتو و تاجیکەکان وەک ئاردی نێو دڕکیان لێهاتوە.

سێیەم، هەموو گروپە مەزهەبی‌ و نەتەوەییەکانی عێراق، سوننە تا ڕادەیەکی کەمتر، هێزی نەتەوەیی‌ و مەزهەبی خۆیان هەیە. لەگەڵ دەرچونی ئەمریکا، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش (یان گروپێکی دیکەی سوننە) و کۆنترۆڵکردنی ناوچە سوننییەکان دێتەگۆڕێ، ئەوکات سوننەکانیش دەبن بە خاوەنی هێزی خۆیان.

بۆیە لەبەر ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، هاوکات لەبەرئەوەی بە دەرچونی ئەمریکا ئەگەری زۆر هەیە شیعەکان هەوڵی توندترکردنی دەسەڵاتیان لە بەغدا بدەن، ئەمەش دوو گروپەکەی دیکە، کورد و سوننە، هێندەی دیکە پەراوێز دەکات. بەمەش بەغدا وەک کابول ناکەوێت بەڵام ئەگەری هەڵوەشانەوەی عێراق دێنێتە گۆڕێ.

لە ئەگەرێکی وادا، ئەوەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر کوردستان ئەوە هێزێکی ناوخۆیی وەک تاڵیبان نییە بەڵکو حەشدی شیعی ‌و ئێران‌ و تورکیان، یان هەر سێکیان بەیەکەوە. بۆیە بۆ کوردستانیان زۆر گرنگە کە وانەیەک لە ئەفغانستان وەرگرن. دەسەڵاتدارانی هەرێم نابێت دڵیان بەوە خۆش بێت کە ئەزمونی تاڵیبان لە هەرێم دووبارە نابێتەوە لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی نیە، بەڵکو دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە هێزی دەرەکی هەیە دەکرێت ببێتە هەڕەشە لەسەری. بۆ ئەمەش یەکڕیزیی گەلی کوردستان‌ و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش‌ و بەدامەزراوەییکردنیان ئەرکێکی نەک هەنوکەییە بەڵکو لە مێژە کات بە سەریدا تێپەڕبووە. کوردستانیان وانە لە شکستی ئۆکتۆبەر و کەوتنی کابول و کەرکوک وەرنەگرن زوو یان درەنگ هەولێر و سلێمانی دەکەون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار