لووتکەی دراوسێکانی عێراق لەنێوان دەرفەت و ئاستەنگدا
هیوا سەید سەلیم
3 ساڵ لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
چەند رۆژێکە عێراق دەستی داوەتە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆک و پاشای وڵاتانی دراوسێی، هەر بۆ هەمان مەبەست چەندین وڵاتی دیکەی پەیوەندار بەکێشەکانی عێراق و ناوچەکە دیاریکراون کە لەو کۆبوونەوەیە بەشداری بکەن، کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگەدا (ئابی 2021 ) لەبەغدای پایتەختی عێراق ببەسترێت.
هەر بۆ ئەم مەبەستە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کارتی بانگهێشتنامەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی گەیاندە هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە خالید بتال وەزیری پلاندانانی عێراق بۆ هەمان مەبەست چۆتە هەریەک لەوڵاتانی کوێت و سعودیە، هەروەها جومعە عناد وەزیری بەرگری رەوانەی لای عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کراوە.
شایانی باسە هەموو ئەو جووڵە دبلۆماسیانەی وەزیرەکانی عێراق لەیەک کاتدا پێی هەڵساون، بۆ ئەوەیە کە وڵاتەکەیان دڵنیا بێت لەبەشداری و دواتر سەرکەوتنی کۆبوونەوەکە.
ئەگەرچی کۆبوونەوەکە ناوی (لوتکەی دراوسێکانی عێراقی) لێندراوە، بەڵام لەڕووی بەشدارییەوە زۆر لەوە بەرفراوانتر دەبێت کە تەنیا ئەو وڵاتانە بەشداری تیا بکەن کەهاوسێی عێراقن.
تائێستا ئەو وڵاتانەی بانگهشتکراون جگە لە (ئێران و تورکیا و ئوردن و کوێت و سعودیە) کە پێنج وڵاتن لەڕووی جوگرافییەوە دراوسێی عێراقن، ئەوا هەریەک لەمیسرو فەرەنسا بانگهێشتنامەیان پێگەیشتووە، قسە هەیە هەریەک لەئیمارات و قەتەریش بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت بکرێن.
دوای ساڵی 2003 یەکەمین جارە کە بەغدا دیداری لەم شێوەیە لەخۆدەگرێت، بۆیە عێراقییەکان ئەو دیدارە بەدەرفەت بۆ خۆیان دەبینن تاجارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو نێوەندە سیاسی و دبلۆماسیەکان لەئاستی جیهانی و هەرێمایەتی.
جێگای ئاماژەیە ئەرکی عێراق لەسەرخستنی دیدارێکی وا ئاسان نابێت، چونکە زۆرێک لەوانەی بانگهێشتی دیداری لوتکە کراون، بڕیاریشە بەشداری تیادا بکەن، بەشێکن لەو قەیرانانەی ناوچەکە بەگشتی و ئەو قەیرانانەی بەرۆکی سیستەمی سیاسی عێراقیان گرتووە، هەروەها بەشێکیان لەگەڵ یەکتریش کێشەی جدییان هەیە.
لەنموونەی ئەو کێشانە ململانێی نێوان ئەمەریکا - ئێران لەناوچەکە، هەروەها کێشەکانی نێوانی سعودیە - ئێران، ناکۆکییەکانی میسر - تورکیا، تەنانەت ئیمارات و تورکیا، ئەوانە هەموو ئەو کێشەو ناکۆکیانەن، کە دەبنە ئاستەنگ بۆ دبلۆماسیەتی عێراقی کە چۆن بتوانرێت لەدیدارێکی لەو شێوەیە هەموو ئەو جەمسەرە ناکۆکانە لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە.
قورسترینیان ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکاو ئێرانن، چونکە ئەو دوو وڵاتە لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی 2003 بەشی هەرە زۆری ناکۆکییەکانی خۆیان گواستۆتەوە بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق.
لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەریەک لەو دوو دەوڵەتە لەسەر حسابی شکۆو سەروەری عێراق، زۆرترین دەستوەردانیان لەکاروباری عێراق کردووە، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی هەردوولایان گروپ و پێکهاتەکانی عێراق بۆ شەڕی بەوەکالەتی خۆیان بەکاربهێنن.
شایانی باسە ناکۆکییەکانی ئەمەریکا – ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکەش داناوە، لەنموونەی پەیوەندی خراپی نێوان سعودیەو ئێران، کە ئەمەشیان گرفتیک دەبێت بۆ کۆبوونەوەکە.
یەکێکی دیکە لەئاستەنگەکانی دیداری لوتکەی بەغدا بریتی دەبێت لەناکۆکییەکانی نێوان سیسی و ئەردۆغان، تێڕوانینی ئەو دوو دەوڵەتە بۆ کێشەکانی ناوچەکە، بەتایبەت دەستوەردانی تورکیا لەکاروباری وڵاتانی عەرەبی وایکردووە میسرو تەنانەت رای گشتی ئەو وڵاتە دژی دەستوەردانەکانی تورکیا بوەستنەوە، نموونەی دەستوەردان لەکاروباری (عێراق، سوریا، لیبیا، سۆماڵ... هتد).
بۆیە بەهۆی ئەو ناکۆکییانە تائێستا نەتوانراوە ئەو دوو سەرۆکە (سیسی و ئەردۆغان) لەسەر مێزێک کۆببنەوە، واش پێشبینی دەکرێت کە ناکۆکی ئەو دوو سەرۆکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەو دیدارە هەبێت، تا بگاتە ئاستی ئەوەی یەکێکیان لەبەر ئەویتر بەشداری لەدیدارەکە نەکات.
هەموو ئەو ناکۆکییە دەولی و فرە جەمسەرییە، ئەرکی عێراق لەبەستنی ئەو لوتکەی قورس دەکات، هەروەها ئەجێندای ئەو وڵاتانە لەناوچەکە، دەبنە ئاڵنکاری بەردەم خواستەکانی عێراق لەو کۆنگرەیە.
وەک دەزانرێت ئەجێندای سەرەکی عێراق وەک خانەخوێی ئەو کۆبوونەوەیە بریتییە لە داواکردنی پشتیوانی ئەو وڵاتانە لەبوارەکانی سەرپێخستنی پڕۆسەی سیاسی لەعێراق و گەشەی ئابوریی لەوڵاتەکەی. لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی، شەڕو تیرۆرو دەستوەردانی دەرەکی عێراق بەدەست قەیرانی گەوەرە دەناڵێنێت.
بۆیە عێراق لەماوەی رابردوو بۆ هەمان ئامانج لەئاستی بەرتەسکتر کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ هەریەک لە (میسر و ئوردن) ئەنجامداوە.
دوایین کۆبوونەوەش کە بەدیداری شامی نوێ ناسرا هەر لەبەغدا سازدرا، کە تواندرا هەریەک لە (عەبدولفەتاح سیسی و مەلیک عەبدوڵا و بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی) بەیەکەوە کۆبکاتەوە. شایانی باسە هەموو ئەو دیدارو کۆبوونەوانە بەئامانجی گەیشتن بوو بەوەی عێراق بتوانێت لەدەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی لەشێوەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێ میوانداری لێبکات.
زۆرێک لەچاودێران پێیان وایە لەئەساسدا ئەجێندای کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان لەماوەی رابردوو و هەروەها دیداری لوتکەی بەغدا لەدیداری نیوان (کازمی و بایدن) پلانی بۆ داڕێژراوە.
شایانی باسە دوو وڵات تانووسینی ئەو وتارەمان دیار نییە لە دیداری لوتکەی بەغدا ئامادە دەبن یان نا؟ ئەویش بریتین لەهەریەک لە (ئەمەریکا و سوریا).
سەبارەت بەیەکەمیان کە ئەمەریکایە پێدەچێت بەشدارییەکەی ناڕاستەوخۆ بێت یان ئەوەیە وەک سوپرایزێک بەشدارییەکەی لەکۆتا رۆژەکانی دوایی رابگەیەنرێت.
هەرچی سوریایە وەک وڵاتێکی دراوسێی عێراق بەشداری پێکردنی ئاسان نابێت، چونکە ئەو وڵاتە بەهۆی سیاسەتەکانی لەناوخۆی وڵاتەکەی دەمێکە لەئاستی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئیقلیمیش ئابڵوقەی سیاسی، دبلۆماسی خراوەتە سەر. وێرای ئەوەی کە کێشەکانی سوریا بەشێک دەبن لەئەجێندای دیدارەکە، بەڵام بۆ عێراق وا چاکترە کە ئەو نەبێتە هۆکاری شکاندنی ئەو ئابڵوقە دبلۆماسیەی سەر سوریا، چونکە عێراق کێشەی خۆی کەم نین هی سوریاشی بێتە سەر.
لایەنێکی گرنگی کۆبوونەوەی لوتکەی بەغدا بریتیە لەبەشداری ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە هەرزوو لەڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی رەزامەندی نیشانداوە کە لەو کۆبوونەوەیە بەشداری دەکات.
شایانی باسە بەشداری ماکرۆن بۆیە گرنگە چونکە یەکێکە لەو سەرۆکانەی کاری جددی کردووە بۆ گێڕانەوەی سیادەی عێراق، لەدوا سەردانیشی بۆ بەغدا بە روونی رووی قسەی لەتورکیا کرد کە پێویستە دەست لەسیاسەتی دەستوەردان لەدەرو دراوسێ هەڵگرێت.
هەموو لایەک دەزانین تورکیا لایەنێکی سلبی گرژییەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستانە بەتایبەت، ئەگەر کۆبوونەوەی لوتکە یەکێک لەئامانجەکانی گێڕانەوەی سەروەری بێت بۆ عێراق، ئەوا دەبێت یەکەم جار ئەو داوایە لەتورکیا بکرێت، چونکە تورکیا لەپێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لەپێشەنگی وڵاتانی دراوسێی عێراقدایە
جێگای ئاماژەیە عێراق لەساڵی ١٩٥٥ میوانداری کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەی ئێستای کرد، کەهەریەک لە (بەریتانیا و پاکستان و تورکیا و ئێران) بەشداربوون تیایدا، ئەنجامەکەشی بریتی بوو لەڕاگەیاندنی پەیمانی بەغدا، کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پەیمانی سەنتۆ لەوساوە تائێستا کۆبوونەوەی لەم شێوەیە لەعێراق ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێویستە بووترێت نە ئێمە لەو سەردەمەی جارانین، کە ئەوسا هەریەک لەو وڵاتانە لەململانێ جیهانییەکان پێگەی خۆیان هەبوو، نە عێراق ئەو سەنگە سیاسییەی جارانی هەیە، بۆیە پێدەچێت دیدارەکە وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانەی ئاماژەمان پێکردن هەر دیدارێکی ئاسایی لێی بکەوێتەوە.
ماوە بپرسین کە ئایا پرسی کورد لەکوێی دیداری لوتکەی بەغدا دەبێت؟ بە تایبەت کەدەزانین لەدیدارەکەدا هەریەک لەتورکیا و ئێران بەشدارن تیایدا، دوو وڵات کە هەمیشە هەوڵ دەدەن بەشێوازێکی نەرێنی کاریگەرییان لەسەر ئەو پرسانە هەبێت.
هەموو لایەک دەزانین تورکیا لایەنێکی سلبی گرژییەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستانە بەتایبەت، ئەگەر کۆبوونەوەی لوتکە یەکێک لەئامانجەکانی گێڕانەوەی سەروەری بێت بۆ عێراق، ئەوا دەبێت یەکەم جار ئەو داوایە لەتورکیا بکرێت، چونکە تورکیا لەپێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لەپێشەنگی وڵاتانی دراوسێی عێراقدایە.
بۆیە ئەگەر کۆبوونەوە ئەو داوایە لەتورکیا بکات، بەدڵنیاییەوە ئەویش سەبارەت بەشەڕو راوەدوونانی هێزەکانی PKK داوای خۆی لەعێراق دەبێت، کە ئەمەشیان هێندەی دیکە قەیرانەکان لەناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات.
سەبارەت بەئێرانیش هێشتا هیچ نەبووە ئێران لەدیداری نێوان فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و عەلی شەمخانی، داوا لەعێراق کراوە، کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لەهەرێمی کوردستان وەدەربنێت.
بۆیە دەبێت بزانین کە بەهێزبوونەوەی عێراق، گەڕانەوەی بۆ نێو سەکۆی نێودەوڵەتی ئەگەرچی بەشێکی لەسەر دەستی کارەکتەرە کوردەکان دەبێت، کە لەپۆستە هەستیارەکانی وەک سەرۆک کۆمارو وەزیری دەرەوەن، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کەکوردو پرسی کورد لەو دیدارە قسەی خێری لەبارەیەوە نەکرێت.