تاقیگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
دیار نییە لەعێراق هەڵبژاردن دەکرێت یان نا، ئەو نادیارییە هۆکاری زۆرە، یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەیە، کە هێزە بیانییەکان، وەک هێزی هەژمونگەرای ئەمریکاو هێزە ناوچییەکانی وەک تورکیاو ئێران لەسەر عێراق لەناو ململانێی دەسەڵاتداریدان. بۆ ئەو باڵادەستی و داگیرکەرییەی، کە دەیانەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیچەسپێنن، عێراق وەک تاقیگەیەک بەکاردەهێنن.
شا فەیسەڵ لەئەنجامی رێککەوتنی هێزەکانی دەرەوەی وەک بەریتانیاو فەرەنسا کرایە پاشای عێراق. سەرەتا خواستیان شا فەیسەڵ بکەن بەپاشای سوریا، بەڵام لەبەرئەوەی هاوپەیمانی و دابەشکارییەکان لەنێوان هێزەکانی دەرەوەدا گۆڕدرا، کردیان بەشای عێراق. دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق بەو شێوەیە دامەزرا. دواتر سیستمی سیاسیی دەوڵەت گۆڕدرا، بەڵام نەیانتوانی لەژێر کاریگەریی هێزەکانی دەرەوەدا دەرچن و لەسەر هێزی جەوهەریی خۆیان سیستمێک پێشبخەن. لەڕاستیدا ئەوەی تەنها لەو دۆخەدا بوو تەنها عێراق نەبوو. دەوڵەتەکانی تریش لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخیان لەدۆخی عێراق جیاوازتر نەبوو. جیاوازیی عێراق ئەوە بوو، کە لایەنێک لەعێراق نەیدەتوانی بە تەواوەتی بەسەر لایەنەکەی تردا دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت، بۆیە دۆخی کاریگەریی هێزە دەرەکییەکان لەعێراقدا بەڕوونی دەردەکەوت.
دەستوەردانە سیاسی و سەربازییەکان بۆ سەر عێراق بەراورد بەشوێنەکانی تر زیاتر بوون. ئێستاش دەستتێوەردان دەکرێت. ئاخۆ هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە بۆ جیۆ – پۆلەتیک (جۆگرافیای سیاسی) دەگەڕێتەوە؟ کەسانێک هەن، کە لێکدانەوەی لەو جۆرە دەکەن. دۆخی جیۆ – پۆلەتیک لەژیان و سیاسەتدا یەکێک لەفاکتۆرە گرنگ و چارەنووسسازەکانە، بەڵام هەموو شتێک نییە. هەر وڵاتێک بۆ خۆی دۆخی جیۆ – پۆلەتیکی هەیە. لەناو هاوسەنگیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخێکی جیۆ – پۆلەتیک لەعێراقیشدا هەیە. بوونی نەوت لەعێراق بووەتە هۆکاری ئەوە، کە هێزە هەژمونگەراکان باڵادەستیی خۆیان بەسەر عێراقدا بسەپێنن و بیبەستنەوە بەخۆیانەوە و بەو جۆرە داگیرکەریی خۆیان برەو پێبدەن. هەر خۆی عێراق لەو پێناوەدا کراوە بەدەوڵەت و دەوڵەتی بۆ دروستکراوە.
لەسەردەمی پاشایەتیدا دەوڵەتی عێراق کۆلۆنی و داگیرکراوی هێزی هەژمونگەراو باڵادەستخوازی بەریتانیا بوو. ئەو کاردانەوانەی کە لەدژی روویاندا، زۆربەیان لەچوارچێوەی نەتەوەگەرایی و ناسیۆنالیستیدا بوون. ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و سیستمی نەتەوە – دەوڵەت هەرچەند هەموان لەژێر ئاڵایەکدا کۆدەکاتەوە و خۆی سەربەخۆ نیشان دەدات و سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت، بەڵام لەڕاستیدا زیاتر خۆی بەسیستمی کاپیتالیستەوە دەبەستێتەوە، بۆیە دەکەوێتە ناو چەرخی داگیرکەریی قوڵترو کاریگەرتر. یەکێک لەو شوێنانە، کە زیاتر لەهەموو شوێنێک بۆ ئەو سیستمە دەگونجێت عێراقە.
لەعێراقدا فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش زۆرترین یەکپەرستی (یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئایین، یەک تاکەکەسی دەسەڵاتدار)و ناسیۆنالیزم (نەتەوەگەرایی) بەسەر عێراقدا دەسەپێنرا. ئەوەی زیاتر لەهەموان ئەوەی بەسەر عێراقدا دەسەپاند بەعس بوو. لەپێش هەموویانەوە لەدژی گەلی کورد، لەدژی گەل و ئایینەکانی تریش کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا. لە ئاکامی ئەوەشدا وڵات و کۆمەڵگە زیاتر پارچە پارچە کراو لەیەکتر دوورخرانەوە. خۆڵقێنەرانی سەرەکی و بنەڕەتیی ئەو دۆخە هێزە دەرەکییەکان بوون و ئەو هێزانە ئەو دۆخەیان بۆ داگیرکەری و دەستتێوەردانی نوێی خۆیان بەکارهێنا. دەستوەردان و داگیرکەری لەسەر عێراق لەدوای ٢٠٠٣ کۆتایی پێنەهات. ئەو دۆخ و داگیرکەرییە بەردەوامە، هێرشەکانی تورکیا لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەردەوامیی ئەو رەوتەیە.
ناوەڕۆکی هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەڕوونی ئەوەی تیادا دەبینرێت، کە زۆر بەرفراوانترەو مانای ئەوە دەبەخشێت، کە داگیرکەرییەکی نوێی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست بەرامبەر بەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات. دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی دوژمنی کوردانە. عەقڵییەتی لەدوژمنایەتیکردنی کورداندا شکڵ و قاڵبی گرتووە. دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر بەبەشەکانی تری کوردستانیش دوژمنایەتیی کوردان دەکەن و دوژمنی کوردن، بەڵام دوژمنایەتیی ئەو دەوڵەتانە لەدژی کوردان تەنها سنووردارە بەو بەشەوە، کە لەناو سنوورەکانیاندایە، بەڵام دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر هەموو بەشەکانی کوردستان و هەموو کوردانە.
هێزە هەژمونگەراکانیش لەڕێگەی دەوڵەتی تورکەوە وەبەرهێنان بۆ داگیرکەری و کۆلۆنییەکی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن. یان مرۆڤ با بڵێت، دەیانەوێت ئەوە تاقی بکەنەوە. عێراق هەموو کات بۆ هێزە باڵادەستەکان بووەتە تاقیگەیەک. دیارە، کە دەیانەوێت داگیرکەرییەکی نوێ لەسەر عێراق تاقی بکەنەوە. بێگومان تێگەیشتن و پێناسەکردنی ئەو داگیرکەرییە نوێیە لەماوەکانی داهاتوودا دەخرێتەڕوو. هەندێک لەوڵاتان، کە خاوەنی کەرەستەی تەکنەلۆژیایی و ماددیی سەرکەوتنی نوێن لەهەوڵی ئەوەدان، کە بەسەر دەورووبەرەکەی خۆیاندا خۆیان باڵادەست بکەن و لەو رێگەیەوە ببنە دەسەڵاتدار. لەبەرئەوەش سەرەتا رێگری لەو بزووتنەوە سیاسییانە دەکەن، کەدوای ساڵی ٢٠١٠ بۆ داوای سیاسی لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشخرابوون. ئێستاش دەیانەوێت ئەو رەوت و بزووتنەوانە هەڵبگەڕێننەوە.
ئەگەر لەعێراق هەموو گەل و باوەڕەکان دەیانەوێت پێکەوە بژین یان داوای پێکەوە ژیان و ژیان دەکەن ئەوا لەو کاتەدا پێویستە داگیرکەریی نوێ، کە لەڕێگەی دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەدەچێت ببینرێت و لەبەرامبەریدا هەڵوێست وەربگیردرێت. ئەگەر بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان نەوەستنەوەو راینەگرن ئەوا سیستمی داگیرکەرییەکی نوێ لەعێراق دەستپێدەکات و بەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەبێتەوە. دیارە ئەو دۆخە لەلایەن رۆشنبیران، ئەنتەلەکتوئێلەکان (رۆشنبیرانی دیارو دەستەبژێر) و سیاسەتمەدارانەوە بەباشی لێکدانەوەو تێگەیشتنی بۆ دروست نەبووەو نابینرێت، چونکە هەموان بەئەنقەست و هۆشیارییەوە لەو پارچەبوونەدا دەژین. ئەگەر کێشەی عەقڵییەت چارەسەر نەکرێت هەر چۆن سەد ساڵی رابردوو لەدەستدرا ئەوا پێشگرتن بەمەترسییەکی نوێ ئەستەم دەبێت و رێگریی لێناکرێت.