ئایا شۆکی هاتنەوەی تالیبان زوو دەڕوێتەوە؟
دلشاد تالەبانی
3 ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
ئەوەی لە ئەفغانستان بەو خێراییەی رویدا ، لە بەرگری نەکردنی سوپا زەبەلاحە پڕ چەکەکەی و داتەپینی دەسەڵات ، تەنانەت کۆمەڵێک لە چاودێرە سیاسیەکانیشی توشی شۆک و حەپەساندن کرد.
پێشبینی ئەوە دەکرا بتوانن تا پاش چەند مانگ لە کشانەوەی سوپای ئەمریکا بەرگری بکەن. سەرۆکی ئەمریکا سەرسوڕمان و نیگەرانی پێشان دەدات بە رواڵەتی، بەڵام پێم وایە پشت کەوالیسەکان نهێنی تر هەبێت کە ئێستا دەرکی پێ ناکرێت. بە دوریشی نازانم ئیعازی خودی ئەمریکیەکان بێت بۆ سەرۆکی ولات بۆ دەرچوون و بەرگری نەکردنی سوپای ئەفغانستان، ئەگینا لای کەمی لە چەند شوێن روبەروبونەوە دەبوو، زیاتریش ئەوە وەک ئەوەی موسل و داعش دێتە بەرچاو. کە سەرۆکی ولات و زۆر لە سەرکردەکان هەڵاتن، ئیتر سوپاش بە دڵنیایەوە بەرگری ناکات.
دەلیلیش بۆ ئەوانە ، تا ئەمڕۆش سەرانی تالیبان لە گەڵ ئەمریکیەکان لە قەتەر کۆبونەوە دەکەن و نەگەڕاونەتەوە ئەفغانستان. سوپای ئەمریکی و هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی کابول و چەندین شوێنی تری ئەفغانستان هێشتا ماونەتەوە و تەماشاکەرن بۆ هەموو روداوەکان. باس لەوەش دەکریت، کە پاش کۆبونە وراوێژ لە گەڵ باڵوێزی ئەمریکی سەرۆکیکی کاتی دانراوە. ئەمەش جێگای پرسیاری زۆرە و وا دەکات هەموو مەبەستەکان بە تەم و مژاوی بێتە بەرچاو. ئەمریکاش ئەمە یەکەم کرداری لەم بابەتەی نیە، لە ١٩٧٥ هەمان سیناریۆ بە شیوەی توندتر ودرواماوی تر لە سایگۆن رویدا. راستە حکومەتی ئەفغانستان گەندەڵ بوو تا سەر ئێسقان، هیچ پلانی نەبوو بۆ پاش کشانەوەی سوپای ئەمریکا، هەرچەندە ٥ ساڵە ئەو دانوستاندنەی ئەمریکا لە گەڵ تالیبان بەردەوام بوو و ولایەتە یەکگرتوەکان هۆشداری دابوو کە دەکشێتەوە.
سەرۆکی ولاتێش پێش گەیشتنی تالیبان بە کابول قوچانی بەو پارە نەختینەی کە لە بەردەستی بوو، سەرداری سوپاکەش بە هەمان شیوە ، بۆیە سوپا کەسێک نەبوو فەرمانی لێ وەرگرێت داتەپی بە یەکدا. تەنها لە ناوچەی پەنجشیر نەبێت، کە مەلبەندی شامەسعودی دژ بە تالیبان نەبێت کە وەک خۆیەتی و تالیبان دەستیان پێ نەگەیشتوە. ئەفغانیەکان، وەک کۆمەڵێک لە یەکی دەدەنەوە ، ترسنوک نین. بە درێژایی مێژوو بەرەنگاری داگیرکەران بونەتەوە ، بەرامبەر بە سۆڤیەت وئەمریکاش جەنگاون، بەڵام یەکەم لە حکومەتەکەی غەنی رازی نەبوون، دووم زۆر لە پڕ روداوەکان هاتنە پێشەوە.
پێم وا نیە ئەم باری گەشکەی گرتنی کابول بە خێرایی هەر وا بمێنێت . ئەوان روبەروی بەرهەرڵستی پاشماوەی هیزە چەکدارەکان و ئەو سەکردانەی خۆیان نەداوەتە دەستەوە و لە ئەفغانستان هەڵنەهاتون، دەبنەوە . بەرەنگاری خەڵکی شارەکانیش و روبەروبونەوەیان بەرامبەر بە تالیبان، پەیوەستە بەوەی ئەوان چۆن هەڵسووکەوت لە گەڵ خەڵک دەکەن. راستە رژێمی پێشوو گەندەڵ بوو ونەوەک هەر خەڵکی ولات، بەڵکو ئەمریکاش لێێان بێزار بوو و تاقەتی لەوان چوبوو و ئەوەشی بە ئاشکرا دەردەبڕی کە دەستبەرداریان دەبێت، بەڵام خەڵک لەو ٢٠ ساڵە چێژیان لە هێندێک دیموکراتی بینیبوو، هەرچەند دیموکراتیەکی رەوالەتی و پڕ لە کەلێن و نوقسانیش بێت، بۆیە چەند نەوە لەو کەشەدا پەروەردە بوون ، ئەنتەرنێت و سەتەلایتیان بینی و چونە ناو سوسیال میدیاوە، بۆیە بروا ناکەم بە ئاسانی دەستبەرداری ئەوە بن و بتوانن لە پڕ چەند سەدە بڕۆنە دواوە ، بە پێ ئەقلیەتی تالیبان، کە نەوەک رەوتێکی زۆر توند و رادیکالی ناو ئیسلامی سیاسیەوە، بەڵکو پێشێلی هەموو ئازادی و دروشمەکانی سەرەتای ئیسلامیش دەکات ، کە تەنانەت لە سەردەمی راشدی ، ئەمەوی، عەباسی، سەلجوقی و عوسمانیش پەیرەو دەکرا و ئەو کراوەیەی کە لەو سەردەمانەدا هەبووو تەنانەت تا سەدەکانی ناورستیش خەڵکی ئەوروپا چاویان لە رۆژهەڵات و زانستی ناوچە موسلمانەکان و لە ئەندەلوس بوو. ئەفغانستانیش لە زەمانی پاشایەتیش ئازادی کۆمەڵایەتی هەبوو، هەرچەندە تالیبان بەپشتگیری ئەمریکاو پاش کشانەوەی سۆڤیەت دەسەڵاتیان گرتە دەست و کۆمەڵگایان بەرەو دواوە برد.
تا ئێستا بە تەواوەتی نازانرێت ئەوان بە تەمان چین و چۆن حوکمڕانی دەکەن و ئایا فشارە کۆنەکان لە سەر خەڵک دوبات دەکەنەوە؟ یان خۆیان دەگۆڕن و واقعیانە تر دەبن و هێندێک ئازادی رێگا دەدەن، گەر تا ماوەیەکیش بێت؟ بۆیە زووی یان درەنگی روبەروبونەوەی خەڵک بۆ ئەوان پەیوەندی بە کرداور و هەڵسوکەتی ئەوان هەیە لە گەڵ خەڵک.هەرچەندە پێم وایە لە چەند هەفتەی داهتوو لە زۆر لە ناوچەکان جوڵانەوەی چەکداری بەرامبەر بەوان ریک بخریت و گەر لە شارەکانیش نەبێت، لە شاخەکانەوە دەستپێ دەکات، بەتایبەت ئەفغانستان لە چەند نەتەوەی جیاوازو تەنانەت مەزهەب و ئاینی جیاوازیش پێک دێت. کێش دەڵێت ئەوە داوێک نیە بۆ ئەوان و دەرپەراندنیان لە شاخەکان؟ با قوربایش هەبوبێت ، ئەوە لای رۆژئاوا و ئەمریکا دور نیە ، بۆ ئەوەش خەڵک هەموو بزانێت کە ئەوان چۆنن و خەلکی ئەفغانستانیش قەبوڵیان ناکەن. چەند هەفتەی داهاتوو زۆر مەبەستی نوی لەو یاری و سیناریۆیە دەخاتە روو.