ئەمریکاو ئەفغانستان
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
ئایا ئەوەی لەڕۆژانی رابوردودا لەئەفغانستان روویدا چیمان پێدەڵێت دەربارەی ئەمریکا؟ بێگومان پرسیارێکی وەها چەندین جۆر لەوەڵام لەخۆی دەگرێت. وەڵامی ئایدۆلۆژی، وەڵامی سیاسی، وەڵامی لایەنگریی، لەگەڵ وەڵامی زانستی یان واقیعی. بۆ هەندێک ئەمریکا شکستی هێنا، بۆ هەندێکی تر نەک تەنها لەئەفغانستان شکستی نەهێنا، بەڵکو لەئاستی دونیادا لاوازبوە. لای هەندێکی تر گۆڕانکارییە لەبایەخ و رۆڵی ئەمریکا.
با سەرەتا لەناوەوەی ئەمریکا دەستپێبکەین. بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان ٧٠%ی خەڵکی ئەمریکا پشتیوانی دەکەن. لەئەمریکایەکی ئەمڕۆدا، کە بەدەست جەمسەرگیریی و نەیارێتی یەکترەوە دەناڵێنێت، هیچ پرسێکی تر نیە ٧٠%ی ئەمریکاییەکان کۆک بن لەسەری. ئەم رێژە زۆرەی پشتیوانی گەلێک هۆکاری هەیە. بەڵام دەرئەنجامی دیاری ئەوەیە کە هیچ پارتێکی سیاسی نیە کە بتوانێت دژایەتی بکات. بەتایبەتی لەسیستەمی سیاسی ئەمریکیدا کە بەردەوام هەڵبژاردن لەئارادایە، نەک تەنها چوار ساڵ جارێک، بەڵکو هەموو دوو ساڵ جارێک، بەجۆرێک ئەندامێکی کۆنگریس زۆربەی زۆری وزەو کاتی بۆ کەمپەینی بەردەوامە.
هۆکاری پشتیوانی نەکردنی خەڵک، دۆخی ناوەوەی ئەمریکاییە، کە ئەمریکاییەکان هەستدەکەن، ئەمریکا پێویستی بەئەوەیە ئاوڕ لەناوەوەی خۆی بداتەوە لەبری ئەوە هەوڵی باشترکردنی وڵاتانێک بدات کە زۆرینەی ئەمریکاییەکان نازانن لەکوێی دونیادایە. بەڵام پاڵنەری سەرەکی ئەوەبوو کە دەمێکە ئەمریکاو نوخبەی واشنتۆن گەشتونەتە ئەو باوەڕەی کە هەوڵەکانیان لەئەفغانستان هیچی لێ سەوز نابێت. دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەیدا، ژمارەی سەربازەکانی بۆ دوو هەزارو ٥٠٠ سەرباز کەمکردەوە. بۆ ئامادەسازی ئەم پرسە بەبێ پرس و راوێژی حکومەتی ئەفغانی کەوتە دانوستان لەگەڵ تاڵیباندا. بۆ ئامادەکاری دانوستان، ئیدارەی ترەمپ عبدالغنی برادەر کە لەنزیک کابول دەستگیرکرا، لە بەندیخانە رزگارکرد. برادەر زاوای مەلا عومەرەو زاوا پێگەیەکی گرنگی هەیە لەهەناو ئەم رێکخراوانەدا. نەک تەنها ئەو بەڵکو پێنج هەزار گیراوی تریش ڕزگارکران. لەڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا تاڵیبان پەیمانی داوە کەداڵدەی هیچ بیانییەک نەدات، مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک دروستنەکات، هەڵوێستی بەرامبەر ئافرەتان بگۆڕێت، ببێت بەهێزێکی کۆنزێرڤەتیفی ئەفعانی. تاڵیبان لەژێر فشارێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەم پەیمانانە دەباتە سەر. ئەم رۆژانە بۆ نیشاندانی بوارنەدان بەئیسلامییە دەرەکییەکان ئەبو عومەری خۆراسانیان لە بەندیخانەی پۆلی چەرخی دەرهێناو کوشتیان.
ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن هێزە ئیسلامییەکانی ترەوە وەها دادەنرێت کە وەرچەرخانە بەرەو ناسیونالیزم، وەک داعش لەڕەخنەیدا لەتاڵیبان. بەم پێیە ئەمریکا لە ئەفغانستان دەمێکە گەشتبووە ئەو باوەڕەی کە هیچی پێناکرێت. لەهەمانکاتدا دەمێک بوو گەشتبووە ئەو دۆخەی کە دەبێت شەڕی ناکۆتا کۆتایی پێبهێنێت. لەئەفغانستان بەبێ رێککەوتن لەگەڵ تاڵیباندا ئەگەر بکشایەتەوە، ئەوا ئەگەری شەڕی ناوخۆ لەئارادابوو. هەرچەندە ئەمریکاییەکان بڕوایان وەهابوو، یان خۆیان وەها فریودابوو کە حکومەتی ئەفغانی چەند مانگێک بەرگە دەگرێت و پاشان زستان دێت و ئیتر بواری شەڕ نابێت. بەڵام وەک شارەزایانی ئەفغانستان ئاماژەی پێدەدەن، هەمیشە لەنێوان لایەنەکانی شەڕدا رێککەوتن و بازرگانی و بەرژەوەندی هەبووە. بۆیە بە نەمانی پشتیوانی ئەمریکی و دۆلاری ئەمریکی هیچ بەهانەیەک نەماوە بۆ چەکدارانی حکومەت شەڕ بکەن. شەڕ لەئەفغانستان جۆرێکە لەپیشەو بازرگانی . ئەم کەلتوری بەبازرگانیکردنەی شەڕ سی ئای ئەی هێندەی تر تۆخی کردەوە. یەکێک لەمیتۆدە باوەکانی سی ئای ئەی بۆ مامەڵەی لەگەڵ نوخبەی سیاسی وڵاتانی تردا، کڕینە. ئەمە لەعێراق لە ٢٠٠٣وە بەچڕی بەڕێوە دەچێت. کەم سیاسی عێراقی هەیە گونییە پارەی لە سی ئای ئەی وەرنەگرتبێت لەبەرامبەر خزمەتێکدا. سی ئای ئەی لەلایەک وەها دەبینێت کە ئەم نوخبەیە نیشتمانی و نەتەوەیی و دەوڵەتی نین، بەڵکو خۆپەرستن و تەنها ئامانجی خۆیان لەلا گرنگە. بەڵام دەرئەنجامی ئەم مامەڵەیە ئەوەیە، سی ئای ئەی تەنها بەرتیل و دیاری بەسیاسییەکان نادات، بەڵکو گەندەڵیان دەکات و چاوپۆشی لەبەردەوامییان لەگەندەڵی دەکات. ئەوەی ئەمە تۆخ دەکاتەوە ئەو سیستەمە ئالۆزەیە کە بەدوانەی سەربازیی و پیشەسازیی ناسراوە military industrial complex. کاتێک حکومەتی ئەمریکی ملیار ملیار دۆلار خەرج دەکات، ئەوا ئەوانەی سودمەندن لێی لەڕێگای سیستەمی لۆببیکردنی ئەمریکییەوە بەملیونان دۆلار لۆبی بۆ دەکەن و نوخبەی ناو وڵات گەندەڵ دەکەن. بەدۆلارکردنی هەموو شتێک هەر هێندە بڕ دەکات هەتا دۆلارەکان بەردەوامییان هەیە، پاشان درێژەی نابێت. رەنگە شەڕڤانەکانی رۆژئاڤا تاکە هێزبن کە داوای پارە ناکەن لەئەمریکا. بەڵام با بگەڕێیینەوە سەر پرسیارەکەمان، ئایا کشانەوەی ئەمریکا نیشانەی لاوازبوونیەتی؟ ئەگەر لەئاستێکی فراواندا بیری لێبکەینەوە، بەڵێ، لاوازبونی رێژەیی ئەمریکا، دەرئەنجامی سەرقاڵی بەشەڕی ناکۆتای تیرۆرو بواردان بەهەڵکشانی ئەوانیترو پەرتبوونی کۆمەڵگای ئەمریکییە لەناوەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە ئەمریکا هێشتا بەهێزترینە لەدونیادا. ئەوەی گرنگە بۆ ئەوەی لەئەم پرسە تێبگەین ئەوەیە کە تاک جەمسەری دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە لەمێژوی جیهاندا. سی ساڵی رابوردوو کە ئەمریکا تیایدا تاکە زلهێزی دونیابوو، ساتەوەختێک بوو کە مرۆڤایەتی لەچەند هەزار ساڵی رابوردودا بەخۆیەوە نەدیوە.
مێژوی مرۆڤایەتی هەمیشە مێژوی ململانێی زلهێزەکان بووە. بۆیە گەڕانەوە بۆ دۆخی ململانێی زلهێزەکان دۆخێکی ئاساییە، نەک نائاسایی. ئایا ئەمریکا دەیەوێت بەهێزبێتەوە، یان گڵۆڵەکەی کە کەوتووەتە لێژی رایبگرێت؟ بەهێزبون و لاوازبون رێژەییە. بۆ نموونە گەر ئەمریکا لەدۆخی خۆیدا بوەستێت و چین هەڵکشێت، ئەوا ئەمریکا لاواز دەبێت. لاوازبونی ئەمریکا و سەرقاڵبونی زیاتری بەخۆیەوەو کەمکردنەوەی بایەخی بەدەرەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر هەموو دونیا دەبێت. یەکێک لەو بوارانەی کەزیانی پێدەگات ئەوەیە کە چیدی ئەمریکا وەک جاران برەو بەدەزگا لیبراڵەکان و بەهاکان و کۆمەڵەکان نادات. وەک جۆن مێرشمایەر پێمان دەڵێت، هەناردەکردنی دیموکراسی و لیبراڵیزم تەنها کاتێک دەبێت کە ئەمریکا تاکە جەمسەر بێت.
دەمێکە ئەمریکاو نوخبەی واشنتۆن گەشتونەتە ئەو باوەڕەی کە هەوڵەکانیان لەئەفغانستان هیچی لێ سەوز نابێت. دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەیدا، ژمارەی سەربازەکانی بۆ دوو هەزارو ٥٠٠ سەرباز کەمکردەوە. بۆ ئامادەسازی ئەم پرسە بەبێ پرس و راوێژی حکومەتی ئەفغانی کەوتە دانوستان لەگەڵ تاڵیباندا
بەبوونی رکەبەری ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی هاوسەنگی هێز. رەهەندێکی تری پرسی ئەفغانستان لەدۆخی نێودەوڵەتی ئەمڕۆدایە. لەکاتێکدا کە ئەمریکا دەکشێتەوە، ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان خوازیارن ئەو بۆشاییە دروستبوە پڕبکەنەوە، ناتوانن بە دژایەتی ئەمریکا بەکاری بهێنن. هەریەکە لەچین و روسیا و پاکستان و وڵاتانی تر، ناتوانن و نایانەوێت تاڵیبان بە ئاراستەیەکدا بەرن کە ببێتە لانکەی تیرۆر یان مەترسی لەسەر وڵاتانی تر، چونکە مەترسی سەرەکی خۆیان لەهەمانشتە کە ئەمریکا لێی دەترسێت. لەلایەکی ترەوە، وڵاتێکی وەک چین، کە سنورێکی ٩٠ کیلۆمەتری شاخاوی سەختی لەگەڵ ئەفغانستاندا هەیە، ناچارە هاوکاری دارایی تاڵیبان بکات هەتا لەبەرامبەردا ئەویش داڵدەی چینیە تورکمانەکان نەدا کە دژ بەچین شەڕ دەکەن.
ئەم ترسە بۆ ڕوسیاش ڕاستە ، ئەمریکا بەشێوازێکی خراپ دەستبەرداری ئەفغانستان بوو. بەڵام ململانێی ئەو وڵاتە هەر دەمێنێت. ئەفغانستان زۆرینەی زۆری خەڵکەکەی لەگوندەکاندا دەژین، بەزۆری دابڕاون لەدەسەڵات و هیچ هاوکاریی و خزمەتگوزارییەکیان پێناگات. ئەم خەڵکانە سەرەتا پشتیوانی کۆمۆنیستەکانیان کرد، پاشان موجاهیدەکان، ئەمڕۆش تاڵیبان، ئەم خەڵکانە بێباکن لە بوونی حکومەت، چونکە هیچ سودێکی بۆیان نیە.