جەنگی جیهانیی سێیەم‌و تایبەتمەندییەکانی

3 ساڵ لەمەوپێش



سیروان ڤیان

ئێمە لەسەردەمی جەنگی جیهانیی سێیەمدا دەژین. ئەو جەنگە بە دژوارترین شێوە لە رووی تیۆری، سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتییەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕووداندایە. جەنگی جیهانی لەهەموو شوێنەکانی جیهاندا بەهەمان ئاست لەگۆڕێدا نییە. تایبەتمەندیی بنەڕەتیی جەنگی سێیەمی جیهانی ئەوەیە، کە داهاتووی جیهانی تیادا دیاری دەکرێت. کاتێک هێزە باڵادەستە جیهانییەکان بۆ بەشکردنی جیهان، یان بۆ پەرتکردن و هەڵوەشاندنەوەی جیهان بەشداریی لەشەڕەکەدا دەکەن ئەو ئامانجە خۆی دەردەخات.

لەمێژووی نزیکدا دوو جەنگی جیهانیی لەو شێوەیە روویانداوە، ئێمە لە بارەی ئەو جەنگانەوە هەندێک زانیاریمان هەیە. ئەو دوو جەنگە شێوەو فۆرمیان بەجیهانی ئەمڕۆی سیاسیان داوە، بەڵام لەمێژوودا هەندێک جەنگی تر هەیە، کە لەئاستی جەنگی جیهانیدان. لەهەمان کاتدا جەنگی وەهاش روویانداوە، کە هێزە کۆمەڵایەتی و هێزەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش بەشێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان تیادا کردووەو چارەنووسی جەنگەکەیان یەکلایی کردووەتەوە. بۆ نموونە لەدژی ئیمپراتۆریی ئاشورو هێزی باڵادەستی ئەو سەردەمە بەرخودان بەپێشەنگایەتیی میدییەکان پێشکەوت. لەئەنجامی ئەو بەرخودانەدا هێزو سیستمی هەژمونگەراو باڵادەستخوازو داگیرکەرو چەوسێنەری ئەو سەردەمە هەڵوەشایەوە. لەمێژوودا زۆر نموونەی لەو شێوەیە، کە بەشێکیان دەزانرێت و بەشێکیان نازانرێت لە گۆڕێدا هەیە. هەڵبەت بابەتە مێژووییەکان بابەتی ئەم نووسراوە نین، چونکە ئێمە دەمانەوێت زیاتر لەسەر ئەو بابەتانە راوەستین، کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا روودەدەن.

ئێمە دەمانەوێت باسی هەندێک تایبەتمەندیی بنەڕەتیی جەنگی جیهانیی سێیەم بکەین. یەکێک لەتایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی ئەو جەنگە ئەوەیە، کە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بەردەوامیی دەبێت. جەنگە جیهانییەکانی پێش ئەم جەنگە لەکات و ماوەیەکی دیاریکراودا دەستیان پێدەکردو کۆتاییان پێدەهات، بەڵام ئەم جەنگە وا نییە. دیاریکردنی کات و تاریخی ئەم جەنگە هەندێک قورسە. بەگشتی و بەپێی بۆچوونەکان ئەم جەنگە ٣٠ ساڵ بەردەوامیی دەبێت. لەڕاستیدا هەر خۆی دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت. ئەوە خاڵێکی گرنگ و جیاوازەو هۆکاری خۆی هەیە.

جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم جەنگی ناوخۆیی هێزە هەژمونگەراکان بوو، کە ئامانج لێی دابەشکردنی جیهان بوو. ئەو لایەنانەی لەو جەنگانەدا سەرکەوتن سیستم و نەخشەی جیهانیان دیاری کرد. لەو جەنگانەدا جەمسەر، یان لایەن هەبوون و شەڕ لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەچوو. لە ئەنجامی ئەو جەنگانەدا سیستمی کاپیتالیست (سەرمایەداری) باڵادەست بوو. لەبەرئەوەی ناوەندی سیستمی کاپیتالیست ئەوروپا بوو، جیهانی دەرەوەی ئەوروپاش بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەوان دیزاین و نەخشەڕێژکرا.

سەرباری ئەوەی، کە یەکێتیی سۆڤیەت لەجەنگی جیهانیی دووەمدا بەناوی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و مرۆڤایەتییەوە بەرخودان و بەرەنگارییەکی گەورەی ئەنجامدا، بەڵام لەبەرئەوەی لەڕووی بیردۆزی و عەقڵییەت و تێگەیشتنەوە لە جەوهەری خۆی دوورکەتبووەوە  گۆڕانکارییەکان بەپێی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێکنەهاتن، چونکە سۆڤیەت و سیستمی کاپیتالیست لەگەڵ یەکتر رێکەوتبوون و لەئەنجامدا سۆڤیەت هەڵوەشایەوە. ئەوەش بابەتێکی قوڵە، کە مرۆڤ دەتوانێت لەنووسینی تردا باسی لێبکات و وانەی راست و دروستی مێژوویی لێوەربگرێت.

وەک دەزانرێت لەدوو جەنگی جیهانیی سەدەی ٢٠دا دوو بلۆک و جەمسەر هەبوون. هەر خۆی جەنگەکان لە ئەنجامی رێنەکەوتن لەسەر دابەشکردنی جیهان روویاندەدا، چونکا  تاوەکو دەچوو وەک دوو جەمسەرو کامپی جیاواز خۆیان جێگیرکردو ئەو دوو بلۆک و هێزانەی لێ دروست بوو. لەجەنگی جیهانیی دووەمدا بە ناوی کاپیتالیسم و سۆسیالیزمەوە دوو بیردۆزی و سیستمی جیاواز هەبوون. لەبەرئەوەی کاپیتالیزم و سۆسیالیزم دوو عەقڵیەت، بیردۆزی و سیستمی دژ بەیەک بوون، لایەنەکانی ئەو هێزانە بەرامبەر یەکدی وەستانەوە و شەڕیان کرد.

لەو جەنگە جیهانییەدا فاشیزم نەیتوانی بەرخودان و بەرەنگاریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێکبشکێنێت. تێکشکاندن و رووخانی فاشیزم بەمانای رووخانی سیستمی کاپیتالیست بوو، بەڵام بەهۆی نزیکایەتیی سازشکارانهو رێککەوتنی بەڕێوەبەریی سۆڤیەتەوە کاپیتالیسم هەڵنەوەشایەوە. ئەگەر هەڵوێستی سۆڤیەت جیاوازبوایە، بەو جۆرەی کە پێویستی دەکرد کاپیتالیزم دەڕووخا. ئەگەر بەخواستی خۆیان و بە ئەنقەستیش نەبووبێت ئەو جۆرە لەمامەڵەکردن و ئەو رەفتارە سیستمی سەرمایەداریی لەسەرپێ هێشتەوە.

لەجەنگی جیهانیی یەکەمدا بەهەندێک جیاوازییەوە دوو جەمسەر هەبوون و شەڕ لەنێوان ئەو جەمسەرانەدا روویدا، بەڵام لەجەنگی جیهانیی سێیەمدا جەمسەری دژ بەیەک لەگۆڕێدا نییە. ئەوەش هەم شێوازو هەم چۆنیەتیی ئەو جەنگە دیاری دەکات. ئەوەش هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە، کە وادەکات ئەو جەنگە ئەوەندە درێژە بکێشێت و هێشتاش دیار نییە، کە کەی کۆتایی پێدێت. لەبەرئەوەی جەمسەرەکانی دژ بە یەک نیین، هێزە شەڕکەرەکانیش وەک پێشتر ناتوانن پشت بە لایەنێک ببەستن.

پێشتر دوو جەمسەر هەبوون و لەهەر دوو جەمسەرەکەدا هێزی سیاسیی سەرەکی هەبوون و لایەنە شەڕکەرەکانیش پشتیان بە یەکێک لەو لایەنانە دەبەست. ئێستا دۆخێکی وەها لەگۆڕێ نییە. پەیوەندی و ناکۆکی لەناو یەکدان و ئاوێتەی یەکتر بوون، هێڵێکی روون بوونی نییە. بۆ ئەوەش هەموو کەسێک لەگەڵ کەسانی تردا هەم لە پەیوەندیدایەو هەم لە ناو ناکۆکیدایە.  لەبەرئەوەی لەو دۆخە تێنەگەیشتوون و هێشتا پێی رانەهاتوون و هەر وەک پەیوەندی و تەعامولاتی پێشوو بیردەکەنەوە.

هەندێک لایەن، کە شیکاری و لێکدانەوە بۆ ئەنجامەکان دەکەن تووشی بۆشایی و نا یەکانگیری دەبن. بۆ نموونە کۆبوونەوەی ناتۆ لەحوزەیرانی ٢٠٢١دا لەلایەن  هەندێک کەسەوە وەک سەردەمی شەڕی ساردی نوێ لێکدانەوەی بۆ کرا. ئەو لێکدانەوەیە پەیوەندیی بەبیرکردنەوە بەپێی مامەڵە کۆنەکانەوە هەبوو. شەڕی سارد لەنێوان دوو سیستمی جیهانیدا دێتە پێشەوە و روودەدات، بەڵام ئەمڕۆ وەک عەقڵیەت دوو جیهانی جیاواز بوونی نییە. جیهانێک هەیەو ئەویش سیستمی کاپیتالیستە، بۆ ئەوەش وتن و بەکارهێنانی جەنگی سارد زۆر واتای نییە.

لەم کاتەدا گرنگترین قەیران و کێشە ئەوەیە، لەبەرئەوەی یەک عەقڵیەت و یەک سیستم هەیە، باشە ئەو جەنگە لەنێوان کێدایەو چۆن بەڕێوە دەچێت؟ مرۆڤ کاتێک دەتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە، کە بزانێت ئەو جەنگە بۆو لەپێناو چیدا دەکرێت. جەنگی جیهانیی سێیەم لەئەنجامی قەیرانی سیستمی سەرمایەداریدا رووندەکرێتەوەو روودەدات. ئەو دۆخە هەموو شتەکان جیاواز دەکات و تێگەیشتن بۆ شتەکان دروست دەکات. دوای ئەوەی سیستمی رەئال سۆسیالیزم لەسۆڤیەت هەڵوەشایەوە سیستمی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست چووە ناو قەیرانەوە. لەبەر چەندین هۆکاری جۆراوجۆر سیستمی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست نەیتوانی قەیرانەکان چارەسەر بکات و جیهان بەڕێوەببات. ئەو بێچارەیەیە لەچارەسەرکردنی قەیرانەکانداو بەردەامیی قەیرانەکان هۆکاری بنەڕەتیی ئەو جەنگەیە.

بابەتی کوردو کوردستان لەجەنگی جیهانیی سێیەمدا با بمێنێت بۆ نووسینێکی تر.

 

لەم کاتەدا گرنگترین قەیران و کێشە ئەوەیە، لەبەرئەوەی یەک عەقڵیەت و یەک سیستم هەیە، باشە ئەو جەنگە لەنێوان کێدایەو چۆن بەڕێوە دەچێت؟ مرۆڤ کاتێک دەتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە، کە بزانێت ئەو جەنگە بۆو لەپێناو چیدا دەکرێت

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار