متمانەی سیاسی لەنێوان (لەدەستدان وبنیادنانەوە)

گۆران قادر

3 ساڵ لەمەوپێش



گۆران قادر

نەمان و لەدەستدانی متمانە وەك زاراوە نوێ نیە، زۆربەی كات لەئەدەبیاتی زانستە سیاسییەكاندا باس دەكرێت و نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە یەكەمین كۆنفراسی خۆیدا سەبارەت بە ”دروستبوونی متمانە بەحكومەت”، كە ساڵی 2006 لەشاری ڤییەننای پایتەختی وڵاتی نەمسا بەسترا، ئاماژەی پێداوە بەوەی بریتیە لەبەرهەمی ”كۆكبوون و تەوافوق لەڕاوبۆچوونەكانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و ئیلیت و دەستەبژێرە سیاسییەكان كە پێشەنگی دۆخ و دیمەنی سیاسی و دەسەڵاتن لەسەر چۆنیەتی گرنگیپێدان و دیاریكردنی ئەركە لەپێشینەكان لە بەرنامەی كارەكان و لەبواری ئیدارەی حكومیدا و كارلێكی ئەرێنی لەنێوان دامەزراوە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا”.

لەدەستدانی متمانەی سیاسی

هۆكارەكانی  لەدەستدانی ”متمانەی سیاسی” بریتیە لە بەهەمیشەیی بوونی قەیرانەكان و فراوانبوون و گەورەتر بوون و بەردەوامبوونیان بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، چ لەلایەن كەسانی ناڕازی لێیان و چ لەلایەن دەستەبژێرانی سیاسییەوە، بەهۆی كەڵەكەبوونی نەهامەتییەكان كە هەردەم وەك دەمی برینێكی بێ چارەسەر، كراوەن.

لەمەشەوە لەدەستدانی متمانە بەچینی سیاسی سەرهەڵدەدات كە بنەما سەرەكییەكانی مانەوە و بەردەوامبوونیان لەدەستچووە لە ئەنجامی شكستهێنانیان لەدروستكردنی پردو رایەڵەی متمانەپێكردن لەنێوان خۆیان و جەماوەردا.

لەدوای دیاردەی نەگریسی گەندەڵی، پشك پشكێنە و بەش بەشێنە و حزب حزبێنە و كۆبوونەوەی كەسانی هەلپەرست و ماستاوچی و خود بەرژەوەندخواز لەدەوری پیاوانی سیاسی و كەسانی بڕیار بەدەست و خۆخزاندنی ئەم تاكە ئینتیهازیانە بۆ ناو ریزەكانی حزبە سیاسییەكان و كاریگەری خستنە سەر بەرپرسان بەهۆی مەحسوبیەت، یان پێدانی شیرینی یان هەندێ ئۆڤەری دیكەی نەشیاوو نامۆ بەئاكاری كۆمەڵگە، بۆ دانانیان لەجومگەیەكی هەستیاری حكومی یان پۆستێكی دیار، بە مەبەستی دەستخستنی داهات و قازانجی كەسی و تایبەت بەخۆیان، بەسوود وەرگرتن لەسیستماتیك نەبوونی دەوڵەت و بە دامەزراوەنەكردنی كۆی جومگەكانی حكومەت.

پشتگوێخستن و نەبوونی هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی كەسانی دڵسۆز و شارەزا و لێهاتوو بۆ سوودوەرگرتن لەتواناكانیان و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لەماوەی كارو تەمەنی حكومەتە یەك لەدوایەكەكان هۆكارن بۆ دروستبوونی هەستێك لەلای تاك بەتاكی هاووڵاتیان كە حكومەت ناتوانێت خواست و ویست و ئاواتەكانیان لەخۆبگرێت و بۆیان بەدیبهێنێت، ئەمەش ڕێكارێكی ڕێخۆشكەر بووە بۆ لەدەستدانی متمانە لەنێوان هاووڵاتیان وحكومەتدا، بەجۆرێك كەهاووڵاتیان لەدۆڵێك و حكومەتیش لەدۆڵێكی دیكەیە.

لەگەڵ ئەمانەشدا سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو سەرقاڵبوونی حكومەت بەئاڵنگارییە سیاسییەكانی دیكەی بەردەمی، كە بووەتەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی بەرانبەر هاووڵاتیان، زیاتر قوڕەكەیان خەستتر كردووەتەوە.

بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی

ئەم قەیرانەش چارەسەر نابێت تەنها بەگەڕاندنەوە و بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی نەبێت، بنیادنانەوەی ئەم متمانەیەش لەژێر هەڕەشەدایە بەهۆی شێوازی دابەشكاری سامانە گشتییەكان و سەرمایە كۆمەڵایەتییەكان.

پردی بەیەكگەیشتن لەنێوان چینی دەسەڵاتداران وهاووڵاتیان دەپسێت و دادەتەپێت كاتێك چینی سیاسی دەسەڵاتدار كەهەر خۆیان سەرمایەداری گەورەی وڵاتن، توانای بەڕێوەبردنی حكومەت و ئیدارەدانی میللەتیان نابێت بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەكانیان.

دروستكردن و بنیادنانەوەی متمانەی سیاسی كاتێك دەبێت كە تاكەكانی كۆمەڵگە و هاووڵاتی هەست بكەن كە بەرنامەی كاری حكومەت لێكەوتەی پێداویستییەكانی كۆمەڵگەیەوهاوتەریبە لەگەڵ خواستەكانی و بەخێرایی وەڵامیان دەداتەوە، كە ئەمەش بەدەركەوتنی كەسایەتییەكی كاریزمی دەبێت چ لە لوتكەی دەسەڵاتی سیاسی، چ لە لوتكەی ئیدارەی حكومەتدا، كە شێلگیرانە هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی و رێگرتن لەگەندەڵی بدات، خەمی سەرەكی بەدیهێنانی ژیانێكی شكۆمەندانە بێت بۆ هاووڵاتیان، ئەگەر نا ئەوا ناكۆكی و كەلێن و كەموكورتییەكان دەبنە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان دەسەڵات و جەماوەر، كە ئەم جەماوەرە هەمیشە بەرەو ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت كە تەواو پێچەوانەی ئاراستەی بۆچوونەكانی حكومەتە كە لەئاستی تێركردنی داواكارییە رەواكانی جەماوەردا نیە لەو چوارچێوەیەی كە دەستور دیاری كردووە.

بەكورتی و بەكوردی

پشتبەستن بەكەسانی بەرژەوەندخوازوهەلپەرست و دووڕوو، خاڵیكی لاوازە و زیانی لەسوودی زیاترە و ئەنجامەكەشی شكستهێنانە،

بەڵام .. پشت بەخۆبەستن و هەڵبژاردنی كەسانی دڵسۆز و بەئەمەك و كارامە و خاوەن هەڵوێستی نەگۆڕ،  خاڵێكی بەهێزە و سوودی لەزیانی زۆر زیاترە و بەرهەمەكەشی گەیشتنە بەسەركەوتن.

متمانەی سیاسی پرەنسیپ و بنەمایە بۆ ئارامی و سەقامگیری، هۆكاری بەستنەوەیە لە نێوان بەڵێنەكان و جێبەجێ كردنیاندا، ئەویش بەوەڵامدانەوەی بڕیار بەدەست كەحكومەتە بۆ پێداویستییەكانی هاووڵاتیان كە گەل و كۆمەڵگە پێكدەهێنن، بە تایبەتی پێداویستییە ژیاری و ژیانییەكانی ڕۆژانەیان وەك نان و ئاوو كارو كارەباو تەندروستی  و پەروەردە وهتد...

هەروەها پێویستە لەسەر چینی دەسەڵاتدار كە تابتوانێت دووربكەوێتەوە لەدابەشكردنی سامانی گشتی و بەخشینەوەی كێكی دەسەڵات تەنها بەسەر كەسانی خاوەن پۆستی حكومی و سیاسی و حزبییە باڵاكان و خەمەكانی خەڵك و هاووڵاتیانی سادە بكاتە خەمی خۆی، بەمەش دادگەری كۆمەڵایەتی دەچەسپێنێت و رایەڵەی متمانەی سیاسی بە بەردەوامی و نەپساوی دەهێڵێتەوە لەنێوان فەرمانڕەوا (حاكم) و فەرمانبەراندا (محكومین).

*توێژەرو لێكۆڵەری سیاسی

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار