ئیمانوێل ماکرۆن چۆن پێشوازی لێكرا؟

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

بۆ پێنجەم جار درەنگانی ئەمشەو  ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت، گەیشتە فرۆكەخانەی هەولێر و بە رێوڕەسمی سەربازی تایبەت  و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێكرا.

دوای ئەوەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق سەرۆککۆماری فەرەنسا گەیشتە بەغدا و سەرکردە عێراقییەکانی بینی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت، لە فڕۆکەخانەی هەولێر پاسەوانانی شەرەف ئامادەبوون و بە رێوڕەسمی سەربازی پێشوازییان لە ئیمانوێل ماکرۆن کرد. هاوکات چەند کەسێکیش بە جلوبەرگی کولتووریی پێکهاتە جیاوازەکانەوە پێشوازییان لە سەرۆکی فەرەنسا کرد. 

هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی لە سەرۆککۆماری فەرەنسا ئامادەبوون.

بە هاتنی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبێتە پێنجەم جار کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا کۆببنەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن ئەیلولی ساڵی رابردوش سەردانی عێراقی کرد و خواستی ئەوەی هەیە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ "ئەو رۆڵە جەمسەرییەی عێراق دەیگێڕێت لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی وڵات بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی گرژییەکان، نیشان بدات".

فەرەنسا 14یەم هاوبەشی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە، کە ساڵانە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان فەرەنسا و عێراقدا هەیە، 30٪ی ئەو قەبارەیەش لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار