بە پێنج موشەک هێرش کرایەسەر فڕۆکەخانەی کابول

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

فڕۆکەخانەی کابول لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە بە موشەک هێرشی کرایەسەر و ئەمریکاش دەڵێت، لەڕێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، لانیکەم پێنج موشەکیان خستوونەتە خوارەوە کە ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کرابوون و تاوەکو ئێستاش ئاماژە بە هیچ زیانێکی گیانی نەکراوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت، سەرەڕای هێرشە موشەکییەکان، فڕۆکەخانەی کابول بە کراوەیی ماوەتەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 26-8-2021 لە هێرشێکی خۆکوژیدا 160 کەسی سڤیل و چەکداری تاڵیبان و 13 مارێنزی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی کابوول کوژران.

رۆژی یەکشەممە 29-8-2021 ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان لەڕێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە لەبەردەم فڕۆکەخانەی کابوول تەقاندووەتەوە.

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، لەئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون، لەنێویاندا منداڵ هەن و ئەمریکاش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەو بارەوە دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، هێشتا قسە و باس لەسەر هێرشە خۆکوژییەکەی رۆژی پێنجشەممە نەبڕاوەتەوە کە بووەهۆی کوژرانی زیاتر لە 160 کەسی سڤیل و چەکداری تاڵیبان.

ژمارەیەک لە کەسوکاری کوژراوانی ئەو رووداوە بە میدیای بەریتانییان راگەیاندووە، ئەوان ئازیزانیان بە دەستڕێژی گوللـەی هەڕەمەکی دوای تەقینەوەکە لەدەستداوە، نەوەک خودی تەقینەوەکە.

رۆژی سێشەممە 31-08-2021 کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی کابول دێت؛ واشنتن رایگەیاندووە، نزیکەی 300 ئەمریکی لەگەڵ سەتان ئەفغانی ماون لە فڕۆکەخانە بیانبەنە دەرەوە، تاڵیبان جەخت لە دەرچونی هێزە بیانییەکان لە وادەی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت، لە دوای 31ی ئابەوە بەرپرسیارییەتی سەلامەتی بەردەم فڕۆکەخانە لە ئەستۆ ناگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار