ئەمریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانیان لەهەرێم رونكرنەوە دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند:" ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناکشێتەوە".
رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند:" ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی هیزەکانی پێشمەرگە و لە ماوەی رابردووشدا بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریان وەک کۆمەک پێشکەشی پێشمەرگە کردووە و لە هاوکاری کردنیشیان بەردەوام دەبن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕکەرەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام هێزەکانی دیکەیان لە مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
رۆبەرت پالەدینۆ باسی لەوەشکردووە، "ئێمە رێگایەکی دوورمان لە پێشە لەگەڵ عێراق و هەرێم و ناکشێینەوە"، دەشڵێت، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پابەندە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێم.
راشیگەیاندووە، لە هەڵبژاردندا پاڵپشتی هیچ هێز و لایەنێک ناکەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە لەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبونەوەی ساختەکاری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە گیراوەتەبەر لەم هەڵبژاردنەدا"، دەشڵێت، "هیوادارین خەڵکی عێراق بەشداری کارا لە پرۆسەی سیاسی لە هەڵبژاردندا بکەن."
بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."
