هەپەگە کوژرانی سێ سەربازی تورکیاو برینداربونی چواری دیکەی راگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی 4ی دیکەی لە ناوچەی حەفتانینی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناسنامەی سێ گەریلاشی بڵاوکردەوە کە لە ناوچەی مەتین گیانیان لەدەستداوە.

هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە رۆژی 29ی ئابی 2021 راگەیێندراوێكی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە ئاماری رۆژانی 27 تاوەکو 29ی ئابی لەخۆگرتووە.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، رۆژی 27 ئاب لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری پارێزگای دهۆک ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان لە ناوچەی نێوان "دەریێ داوەتیا" و "گردی شەهید رێناس" کردووەتە ئامانج و 3 سەرباز کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژراون و 4ی دیکەشیان برینداربوون، دواتر تەرم و بریندارەکان بە هێلیکۆپتەر لە ناوچەکە دوورخراونەتەوە. 

بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە رۆژانی 28 و 29ی ئاب چەند شوێنێکیان لە ناوچەکانی حەفتانین، ئاڤاشین و زاپ بۆردوومان و تۆپباران کردووە و فڕۆکەی چاودێری بەردەوام بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا سووڕاونەتەوە. 

لەلایەکی دیکەوە، هەپەگە ناسنامەی 3 گەریلای بڵاوکردەوە کە رۆژی 15ی ئابی 2021 لە "گردی کۆردینە" لە ناوچەی مەتین لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار