ماکرۆن: فەرەنسا هیچکات پابەندبوونی جەنگاوەرە کوردەکان لەبیرناکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا رایگەیاند :" فەرەنسا هیچکات پابەندبوونی جەنگاوەرە کوردەکان لە شەڕی دژی داعش لەبیرناکات."
ئەمڕۆ دووشەممە 30 ئاب ی 2021 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی تویتێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و دەڵێت، "ویستم دوێنێ سەردانەکەی خۆم بۆ عێراق لە هەولێرەوە کۆتایی پێبهێنم.. نێچیرڤانی ئازیز، سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردنی دۆستم ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کوردستان. سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتیی نەگۆڕی فەرەنسا و دۆستایەتیی نێوان کوردستان و فەرەنسا بەردەوام دەبێت."
ماکرۆن رۆژی شەممە 28 ئاب ی2021 بەشداریی لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا کرد و دواتر بەرەبەیانی یەکشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت و گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە باوەشێکی گەرم پێشوازیی لێکرا.
دوێنێ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی شاری موسڵی کرد و لەوێ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئایینی کۆبووەوە. دواتر گەڕایەوە بۆ هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان ئەنجامدا کە تێیدا رایگەیاند، "دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون".
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکی فەرەنسای کرد و گوتیشی "چاومان لە پشتیوانیی فەرەنسایە".
