قوباد تاڵەبانی: چاكسازی دەكەین لەكەرتی تەندروستی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" وەزارەتی تەندروستیم راسپاردووە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بکەن و پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابینکردنی دەرمان".
ئەمرۆ دووشەممە 30ی ئابی 2021 بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکیحكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری وپلاندانان و تەندروستی کۆبۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی لەبارەی کار و پلانەکانی وەزارەتەی خستۆتەڕوو، هاوکات قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، "کە دەبێت چاکسازی بکرێت لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لەسەر بکەن".
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، "دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ هەبێت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی بە شێوازێک کە هاوڵاتیان تێیدا سوودمەند بن".
لەبارەی دابینکردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردوە کە پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابینکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات بەپێی راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بکەن بەشێوازێک کە کەرتی تەندروستی باشتر بێت و خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان بکات.
