یەکێتی 31ی ئاب بە خیانەت و تاوان ناودەبات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەمەوبەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕوداوەکانی 31ی ئابی ساڵی 1996 بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:"بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بەتەواوی ساڕێژ نەبووە"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2021 بڵاوکراوەتەوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نوسیویەتی:" دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەرونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجێندەی سەپاندنی دیفاكتۆی هێزو دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسەنگیی هێز و ململانێی سروشتیی سیاسی "
ئەم ڕاگەیەندراوەی یەکێتی لە کاتێکدایە کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی بەردەوامە و لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی ئەو حزبە زیاتر لای بافڵ تاڵەبانییە کە بەردەوام خاوەنی گوتارێکی نەرم بووە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بەتەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەکە سەدەیەك لە هێرشی سوپای ڕژێمی سەدام حسێن بەهاوكاریی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەكەمان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا و بەجەرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشەرانی ڕێی ڕزگاری .
ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەو گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنها پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی ڕاپەڕیبوون، تەنها شەش ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزمونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو.
ڕاستە گەلەكەمان بەقوربانیدان و سوربوونی لەسەر درێژەپێدانی خەبات و بە لەخۆبردویی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پشتیوانیی دۆستان، توانی بەسەر ئەم ئازارە كەمەر شكێنەدا زاڵبێت و ڕێگای ئاشتی و لێبوردەیی بۆ پەرەپێدانی ئەزمونی كوردستان بدۆزێتەوە و ڕێی ئاوەدانی و ئاسۆی سەركەوتن بەسەر ڕێی تۆڵە و ناكۆكی و گرژی سەربخات، بەڵام هێشتا دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەرونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجێندای سەپاندنی دیفاكتۆی هێز و دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێی سروشتیی سیاسی ..
یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بەپێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بەیەكجاری ساڕێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەوا و بەگرتنەبەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك.
سڵاو لە شەهیدانی بەرەنگاریی سوپای بەعس و تێكڕای شەهیدانی گەلەكەمان.
سڵاو لە سەب و خۆراگڕیی میللەتەكەمان كە چاوی لە ئایندە و دواڕۆژی گەشترە.
سڵاو لە خەڵكی خۆڕاگری هەولێری پایتەختی كوردستان.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
