کۆرۆنا لە هەرێم: 2010 تووشبوون و 16 مردن تۆماركرا
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و دەڵێت، 2010 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 16 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راگەیێندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی، 12 هەزار و 310 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 2010 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە.
ئەو 16 تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، هەشتیان لە هەولێر، چواریان لە دهۆک و چوارەکەی دیکەشیان لە سلێمانی بوون، لە هەڵەبجەش هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستنەداوە.
هەروەها 2259 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین و کەمترینیان لە هەڵەبجە بوون.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 839 هەزار و شەش پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 292 هەزار و 49 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 248 هەزار و 52 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 378 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 38 هەزار و 619 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.
