پارتی وەڵامی پەیامەكەی یەكێتی دەداتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەبۆنەی تێپەڕبوونی (25) ساڵ بەسەر رووداوەکانی 31ی ئابدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بە تەواوی ساڕێژ نەبووە"لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی، وەڵامی بەیاننامەکەی یەکێتی دەداتەوە :"31ـی ئابی مێژوویی (دفع الافسد بالفاسد) بوو". واتا وەدەرنانی خراپتر بوو بە خراپ".
ئەمڕۆ 25 ساڵ بەسەر رووداوەکانی 31ی ئابی 1996 تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 30 ی ئابی 2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەیاننامەیەکی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە. وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەو پەلاماردانە دڕندانەیە و گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنیا پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی راپەڕیبوون، تەنیا شەش ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزموونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو، كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو."
یەکێتی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە گەلی کوردستان بەدەست ئاسەوارە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجێندەی سەپاندنی دیفاكتۆی هێز و دەست تێكەڵكردن و دەستتێوەردانی ئیقلیمی ناجۆرو تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێ سرووشتی سیاسی."
لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەکێتیدا هاتووە: "یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بەپێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بەیەكجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەواو بەگرتنەبەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری راستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك."
لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە بەیاننامەیەکی زۆر کورت کە تەنیا لە حەوت وشە وەڵامی بەیاننامەکەی یەکێتی دەداتەوە.
لە بەیاننامەکەی پارتیدا هاتووە: "31ـی ئابی مێژوویی (دفع الافسد بالفاسد) بوو". واتا وەدەرنانی خراپتر بوو بە خراپ.
