عەلی حەمەساڵح بۆ هاوڵاتی: لە سلێمانی نزیكەی 45 هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی فرۆشراون

4 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە نزیكەی 45 هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی فرۆشراون و چەندین زەوی دیكە بەبێ بوونی مۆڵەت كاریان تێدا كراوە.
عەلی حەمەساڵح رۆژی دووشەممە 30ی ئاب لەگەڵ توانا كەمال سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كۆبووەتەوەو تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆسییەی زەوییەكانی سلێمانییەوە كردووە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی ئەوە دەكات لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كۆبووەتەوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی زەوی لەسلێمانی كە» نزیكەی 45 هەزار پارچە زەوی نایاسایی لەلایەن دژە تیرۆرو بەناوی فەرماندەیی پێشمەرگەوە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوەو ئێستا بووەتە گرفت بۆ هاووڵاتیان».
هەروەها ئاماژە بەوە دەدات كە» سەدان گەنجینە بەبێ مۆڵەت دروستكراون و ئەكوا پارك و باخچەی ئاژەڵانی سلێمانی بەسەرپێچی و بەبێ مۆڵەت دروستكراون».
سەبارەت بەهەڵوێست و وەڵامی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، عەلی حەمەساڵح لە لێدوانێكی تایبەتدا بە هاوڵاتى وت:»سەرۆكی شارەوانی پێی راگەیاندم كە ئاگاداری ئەو دۆسیانەیە، هەندێكیان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، چونكە ئەوانەی دێن رەزامەندی وەبەرهێنایان وەرگرتووە و لەئێستادا چەند دۆسیەیەكیان داوەتە دادگا، بەڵام كارەكانی دادگا بەخاوی دەڕوات و هەندێك لەدۆسیەكان زیاتر لە دوو ساڵە لەدادگا بێ ئەنجامن».
