وەزیری تەندروستی: تائێستا 700 هەزار ژەمە ڤاکسین بە هاوڵاتیان دراوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیک لە ملیۆنێک و 200 هەزار ڤاکسین گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 700 هەزار ژەمە ڤاکسین بە هاووڵاتیان دراوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 01-09-2021، د.ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی هاوئاهەنگی و کارئاسانییەکانی وەزارەتی تەندروستی و خودی وەزیری تەندروستی بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرانە تایبەت بە مامۆستایان.
ئالان حەمەسەعید دەڵێت کردنەوەی ئەو سەنتەرانە "بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیرییەک بۆ پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2021-2022".
بە وتەی وەزیری پەروەردە، بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە یەکەم هەنگاو کە لە پارێزگای دهۆکەوە نراوە، "دەبینین زۆرترین وەرگرتنی رێژەی ڤاکسینی مامۆستایان لە پارێزگای دهۆکە، کە ئەمەش دەرئەنجامی ئەو هاوئاهەنگییەیە هەروەها کردنەوەی سەنتەرێک بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام رۆژانە بتوانن ڤاکسین بۆ مامۆستایان دابین بکات، مایەی ئەوەبووە کە زۆرترین مامۆستایان لە پارێزگای دهۆک لەو رێژانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە لە چوارچێوەی پارێزگای دهۆکن".
ئالان حەمەسەعید وتیشی: "لە پارێزگای سلێمانیش لە ئامادە سازین بۆ ئەوەی لەو پارێزگایەش ئەو هەنگاوە بنرێت، مەبەستەکە ئەوەیە کە کارئاسانی بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناو وەزارەتی پەروەردە بتوانن لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و لەنێو ساڵی نوێی خوێندنیشدا ڤاکسین وەربگرن".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایان کرد ئەوانەی تاوەکو ئێستا خۆیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمار نەکردووە "خۆیان تۆمار بکەن و دەستبەجێ بەبێ نۆرە لە هەموو شوێنەکان ئەولەویەت بۆ مامۆستایانی بەڕێزە دەتوانن ڤاکسین وەربگرن".
بە وتەی سامان بەرزنجی، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی وەزارەتەکەیانە، تاوەکو ئێستا "60 هەزار مامۆستا لە سیستەمی ئەلیکترۆنی خۆیان تۆمارکردووە، لەو ژمارەیە تاوەکو دوێنێ 21 هەزار مامۆستا ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، نزیکەی 17 هەزاریشیان هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە".
وەزیری تەندروستی ئاماژە بەوە دەدات ئێستا پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەرسێ جۆرەکەی بەردەستە، جۆری فایزەر و سینۆفارم و ئەسترازینکا، ئاماژە بەوەش دەدات : "لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیک لە ملیۆنێک و 200 هەزار ڤاکسین گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 700 هەزار ژەم بە هاووڵاتیان دراوە، کە زیاتر لە 460 هەزاریان ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە، نزیکەی 240 هەزار هاووڵاتیش هەردوو ژەمەکەی وەرگرتووە".
