ئەنجوومەنی وەزیران: لە داهاتوویەکی نزیکدا كێشەی نەوت و بەنزین چارەسەر دەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وزیران جەخت لەوە كرایەوە لە داهاتویەكی نزیكدا وەزارەتی نەوتی عێراق بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

رۆژی چوارشەممە 1 ی ئەیلوولی 2021 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بە سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناویبرد کە پێیوایە "دووپاتکردنەوەی گرنگیدانی فەرەنسایە بە پەیوەندیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا".

بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، تیشکیان خستەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما و چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە رەچاوکردنی تەندروستیی و ژیانی هاووڵاتیيان و بەرگرتن لە هێنانی سووتەمەنی کوالیتی خراپ بۆ ناو هەرێمی کوردستان. 

هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پرۆژە و هەنگاوەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی ئاوی ژێر زەویی و بەرگرتن لە زیادبوونی دابەزینی ئاستیان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە رێگای تەواوکردنی پرۆژەی بەنداو و پۆندەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی بودجەی بەکاربردنی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەکان.

دواتر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسیان لە ئامادەکاریی و رێکارەکانی خۆپارێزیی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022 بە ئاراستەی زیادکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی پەروەردە و مامۆستا و قوتابی و فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجوومەن وەزیران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گرنگیدان و برەودان بە پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان کە خولقێنەری نەوەیەکی خوێندەوار و تەندروست و رۆشنبیرن بە رەچاوکردنی پاراستنی ژیان و تەندروستیشیان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پوختەیەکیان دەربارەی گرنگی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە دایەلۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سوودەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار