مەزڵوم كۆبانێ: کاریگەریی خراپی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی دەمێنێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: "کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە "تاهەتایی دەمێنێتەوە".
ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی دەڵێت: "کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە "تاهەتایی دەمێنێتەوە".
رۆژنامە ئەمریکییەکە نووسیویەتی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کەوتنی خێرای حکومەتی کابوول وایکرد کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە هۆشیاریەوە لە دۆخەکە بڕوانن و هیوای چارەنووسێکی جیاواز بخوازن.
ئێستا نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هەن.
ئەمریکا دەڵێت ئەو هێزانە بەشێکن لە شەڕی دژی داعش کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ژمارەی چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە بە 8 هەزار تاوەکو 16 هەزار کەس لە سووریا و عێراق مەزەندەدەکات.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوە دەکات لەم حەوت مانگەی سەرۆکایەتیی بایدندا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن باشتر بوون. هەروەها دەڵێت ئەوان چاوەڕێدەکەن سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت: "ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی بباتە سەر".
مەزڵووم بە واشنتن پۆستی وتووە: "ئێمە ئێستا هەستدەکەین پشتیوانیێکی سیاسی و سەربازیی بەهێزترمان هەیە، زیاتر لەوەی کە لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکامان پێدەگەیشت."
بەرپرسانی ئەمریکی، بەگوێرەی واشنتن پۆست، مەزڵووم عەبدی بە هاوکارێکی بەردەوام و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو لە شەڕی دژی داعشدا دەزانن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە هاوئاهەنگیی هەواڵگیری و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ هاوکاریکردنی هەسەدە لە ریشەکێشکردنی شانە نووستووەکانی داعش و بەئامانجکردنی سەرکردەکانی. هەروەها هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانیش هاوکاریی هەسەدە دەکات.
واشنتن پۆست نووسیویەتی: "هاوسەنگیی هێز لە ململانێ فرەلایەنەکەی سووریا بەندە لەسەر ئامادەیی ئەمریکا. بەرپرسانی ئەمریکا وای دەبینن، ئەگەر هێزەکانی وڵاتەکەیان بکشێننەوە رێگە لە بەردەم سوپای سووریا یان هێزەکانی رووسیا و تورکیا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکەن. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە جێگیرکردنی هێزە ئەمریکیەکان رێگە لە هێزە ئێرانیەکان دەگرێت 'پردێکی وشکانی' دروستبکەن کە توانای ئەوەیان پێدەدات ئاسانتر چەک بۆ حیزبوڵڵای هاوپەیمانی لە لوبنان دەنێرێت".
کشانەوەی بەشێكی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019 نەخشەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری گۆڕی.
بەشێک لەو ناوچانەی کە ئەو هێزە ئەمریکیانە دەیانپاراستن، کەوتنە ژێر دەستی هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و بەشێکی دیکەشیان لە لایەن سوپای سووریا و رووسیاوە پڕکرانەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ رەجەب تەیب ئەردوغان هەڵکرد بۆ ئەوەی بچێتە قوولایی رۆژئاوای کوردستان و سووریا تاوەکو ئەو ناوچانە لە هێزەکانی هەسەدە دابماڵێت. ئەوکاتە، نزیکەی 200 هەزار کەسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، ئاوارە بوون.
