تاڵیبان سەرۆکی حکومەتی ئەفغانستانی دیاریکرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئاژانسی هەواڵی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا حکومەتی نوێی ئەفغانستان پێکدەهێنرێت و هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، رابەری باڵای بزووتنەوەی تاڵیبان دەبێتە سەرۆکی حکومەت.
ئانامەڵا سمنکانی، ئەندامی لیژنەی کلتوری بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی ئەفغانستانی راگەیاندوە، "بێگومان ئەمیری بڕواداران هەیبەتوڵا ئاخوندزادە لەحکومەتی داهاتوودا بوونی دەبێت و دەبێتە سەرۆکی حکومەت، لەم بابەتەدا هیچ گومانێک نیە".
دوێنێش ئاژانسی رایا نوڤوستی روسی لەسەرچاوەیەکی بەرپرسی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە، لەحکومەتی نوێی ئەفغانستاندا کە لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا لەلایەن تاڵیبانەوە پێکدەهێنرێت، عەبدولغەنی بەرادەر سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکەیان وەک وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و مەلا یەعقوبی کوڕی دامەزرێنەری تاڵیبان وەک وەزیری بەرگری دیاریدەکرێن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، خەلیفە حەقانی کوڕی جەلالەدین حەقانی یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی تاڵیبان دەبێتە وەزیری ناوخۆ.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردوە، لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەفغانستان تەواو دەکرێن و پێکهاتەکەی رادەگەیەنرێت.
ئاژانسی رایا نوڤوستی روسی لەچەند سەرچاوەیەکی دیکەی تاڵیبانەوە وادەی راگەیاندنی حکومەتی ئەفغانستانی بڵاوکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، رۆژی 3ی ئەیلول حکومەتی نوێ رادەگەیەنێت.
لەئێوارەی 15ی ئابەوە هەمو خاکی ئەفغانستان بەشێوەیەکی کرداری کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیبان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆی ئەفغانستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، سەرکردەکانی بزوتنەوەکەش دەڵێن هەمو باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان و سەرکردەکانی پێشوی وڵات دڵنیادەکەینەوە کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
