ئایا دونیا پێویستی بەتیورەی نوێیە؟

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

لەپەنجا ساڵی رابوردودا تێگەیشتن لەدونیا هەتا ئاستێکی باش ئاسان بوو. سەرەتا دوو هێز یان دوو لایەن هەبوون، پاشان یەکێکیان لەناوەوە هەرەسی هێناو ئەویتریان کە ئەمریکایە، بانگەشەی سەرکەوتنی کرد. سەرکەوتنی ئەمریکا کۆمەڵێک تیورەی تایبەت بەخۆی بەرهەم هێنا، کە هەرە ناسراوترینیان دوو تیورگەران، بەناوی سامۆئێل هانتنگتۆن لەگەڵ فرانسیس فۆکۆیاما. 

فۆکۆیاما، پێش سام کەوت لەبڵاوکردنەوەی تێزە وروژێنەرەکەیدا کە جاڕی کۆتایی مێژوی دا، هەرچەندە فۆکۆیاما بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە مرۆڤایەتی دەگاتە ساتەوەختی باڵایی و خۆشگوزەرانی، بەڵکو زیاتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە دونیا لە یەک مۆدێلی سیاسیدا دەگیرسێتەوە، کە مۆدێلی لیبرال دیموکراسییە، جەنگ و ململانێ ئایدەلۆژییەکان کۆتاییان دێت. فۆکۆیاما لە ساڵی ١٩٩٢ تێزەکەی بڵاوکردەوە. ئەو کاتە ئێمە سەرقاڵی راپەرین بووین، کاتمان نەبوو قسەی لەسەربکەین، هههه. 

بە دیدی ئەو جیاوازی کەلتورەکان یان شارستانییەکان لە دونیادا رێگر دەبێت لەوەی کە خەڵکی گۆی زەوی هەموو باوەشیان بۆ لیبرال دیموکراسی بکەنەوە. لە بری زاڵبوونی یەک ئایدۆلۆژیا، دونیا دەبێتە جێگای ململانێی شارستانیەتەکان

ساڵێ دوای ئەوە هەنتنگتۆن سەرەتا لەوتارێکدا پاشان لەکتێبێکدا وەڵامی دایەوە، کتێبەکە لەناو دونیای کوردیدا ناسراوە، بەناوی پێکدادانی شارستانییەکان. هەتا ئاستێکی باشیش هەواداری هەیە. سام رەخنەی لە فۆکۆیاما لەڕوانگەی کەلتورەوە بوو. بە دیدی ئەو جیاوازی کەلتورەکان یان شارستانییەکان لە دونیادا رێگر دەبێت لەوەی کە خەڵکی گۆی زەوی هەموو باوەشیان بۆ لیبرال دیموکراسی بکەنەوە. لە بری زاڵبوونی یەک ئایدۆلۆژیا، دونیا دەبێتە جێگای ململانێی شارستانیەتەکان. چەمکی شارستانیەت، لە فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی کوردیدا زۆر ئەرێنییە، بەڵام مەرج نیە وەها بێت. {هەمیشە لەکاتی نووسینی کوریدا، ڕووبەڕووی پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان بەهاو فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی دەبمەوە، بەڵام ئەم ئاگاییە لەناو کورددا هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە، بە هیوام لەداهاتوودا بە قسەکردن لە سەر کتێبەکەی جۆرج لاکۆف، زیاتر لەمبارەوە قسە بکەم}.

هەردوو هەنتنگتۆن و فۆکۆیاما شێوازی تیوریزەکردنی خۆیان هەیە. هەرچەندە لە هەمان ژینگەدا گەورەبوون و پێکەوە کاریان کردووە، بەڵام جۆرێک لە گفتوگۆو رەخنە لە نێوانیاندا بوونی هەیە. بەتایبەتی پاش مردنی هەنتنگتۆن فۆکۆیاما پەرە بەکتێبە گرنگەکەی دەدا لەسەر نیزامی سیاسی لەکۆمەڵگا گۆڕاوەکاندا. هەنتنگتۆن هەرجارە لە بارەی بوارێکی گەورەوە دەنووسێت. لە ١٩٥٧ دەربارەی پەیوەندی سوپاو مەدەنی دەنوسێت و جەمکی پیشەیی یان سوپای پرۆفیشناڵ دادەتاشێت.

ئەم کتێبە ئینجلی بواری پەیوەندی مەدەنی و سەربازییە. پاشان کار لەسەر حوکمڕانی و رێژەی حوکمڕانی دەکات، لە کتێبی نیزامی سیاسی. پاسان لەسەر دیموکراسی بوون و شەپۆلەکامی دیموکراسی، هەتا گەیشتن بەچەمکی کەلتور لەپاش جەنگی سارد. دوا قۆناغی ژاینی فیکریی بەقسەکردن بوو لەسەر پیاوانی داڤۆس و پەرچەکرداری چینەکانی خوارەوە. لەم قۆناغەدا هەندێک لەڕەخنەگرانی بە پێغەمبەری ترەمپیزم ناوی دەبەن. وەک دەبینین هەریەک لەم قۆناغانە پەیوەستە بەبوار و رووداو و وەرچەرخانی گەورەوە.

چەمکی کەلتور لای سام یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکان، کە لەچەند کارێکی تردا بەکاری بردووە، بە تایبەتی لەدوا کاریدا بەناوی ئێمە کێین؟ هەنتنگتۆن بە سادەیی دەپرسێت، ئەگەر لە بری ئەنگلۆساکسۆنەکان، ئیسپانی و فەرەنسی و کاتۆلیکەکان لە ئەمریکادا زاڵبوونایە، ئەوا ئەمریکا، هەمان ئەمریکای ئەمڕۆ دەبوو؟ لەوەڵامدا دەڵێت نەخێر، جێگایەک دەبوو هاوشێوەی مەکسیک و ئەمریکای لاتین و جێگاکانی تر.  ئەوانەی ڕەخنەی هەنتنگتۆن دەکەن، وەها دەبینن کە چەمکی شارستانی زۆر ناڕوون و بەرفراوانە. لە بری پێکدادانی شارستانییەکان، لەهەناو یەک شارستانیدا شەڕ هەیە.

فواد عەجەمی لەمیانەی رەخنەیدا باس لە ئەوە دەکات کە لەهەناو ئیسلامدا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە، نەک شەڕی ئیسلام و ئەوانیتر . ئەم دوو تێزە کە بە دوو تێزی پێچەوانەی یەکتر دادەنرێن، هەردوو هەوڵی ئەوە ئەدەن سەردەمی ئەمریکی راڤە بکەن. تێزی فۆکۆیاما تێزێکی گەشبینانەیە، هەندێک دەڵێن ساویلکە، بەڵام تێزی هەنتنگتۆن رەشبینانەیە، هەندێک لەڕەخنەگرانی وەهای دەبینن کە زۆر گشتگیرە.  خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەها مامەڵەی لەگەڵدا کراوە کە داڕێژەی دونیابینی دەسەڵاتی ئەمریکا بێت لەقۆناغی تاک جەمسەریدا.

خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەک زۆر تێزی تر لەدونیای ئێمەدا رووی نەداوە. پرسی خوێندنەوەی تێز، پرۆسەیەکی تایبەتە کەڕۆشنبیری کورد پێی هەڵناسێت. خوێندنەوەی تێزی گەورەی لە ئەم جۆرانە تەنها ئەوەندە بەس نیە کە کتێبەکەو هەندێک راو بۆچوون لەسەری بخوێنیتەوە، بەڵکو دەبێت نووسەرەکە و پرۆژەکانی و قۆناغەکە و قۆناغی دیدی نووسەرەکە بناسیت.  هەنتنگتۆن بەگشتی لەهەناو تیورەی مۆدێرنەبووندا بیری دەکردەوە. ئەم شا تیورەیە لەئەوروپاوە لەڕێگای کۆچبەرەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە گەشتە ئەمریکا. بەدیدی هەنتنگتۆن مۆدێرنبوونی کۆمەڵگا، پرۆسەیەکی یەکتر تەواوکەرە. وەک فۆکۆیاما کورتی دەکاتەوە، هەموو شتە باشەکان پێکەوە روودەدەن. گەر حکومەت قوتابخانە دروست بکات خەڵک خوێندەوار دەبێت، کە خەڵک خوێندەواربوون، کاری باشتر دەکەن و باشتر کاردەکەن.

ئەمەش دەبێتە هۆکاری بووژانەوەی ئابوری. لەئەنجانی ئەمەدا چینێکی ناوەند دێتە ئاراوە کە داخوازی کرانەوەی سیاسی و ئازادی و شتە باشەکانی تر دەبێت. ئەمە وەک جۆرێک لەحەقایەتە. فۆکۆیاما رەخنە لە ئەم تێزە دەگرێت بەوەی کە هەموو شتە باشەکان مەرج نیە پێکەوە رووبدەن، رەنگە مۆدێرێنبوونی کۆمەڵگا ببێتە هۆکاری پەرتبوون، بەریەککەوتن و گرژی. بۆ نموونە لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردی زیاتر خوێندەوار دەبێت، سیستەمی سیاسی بەپێچەوانەوە بۆ دواوە دەچێت، لە بری ئەوەی ببێ بەسیستەمێکی ناشەخسی، هەتا بێت زیاتر شەخسی دەبێت. بەڵام ئەوەنیە کە هەنتنگتۆن قەیرانی مۆدێرنبونی نەبینیبێت. بۆ نموونە کارەکانی لە سەر مۆدێرنەو گەندەڵی بینینی لایەنی قەیراناوی ئەو پرسەیە. بەڵام بەگشتی دەبێت لەچوارچێوە یان فرەیمی تیورەی مۆدێرنبون ئاگاداربیت بۆ تێگەیشتن لە هەنتنگتۆن. لەهەمانکاتدا هەنتنگتۆن میتۆدێکی تایبەتی هەبوو لەبەرچاوخستنی پرسەکاندا.

وەک فەرید زەکەرییا، کە قوتابی ئەوبوو، پێمان دەڵێت، هەنتنگتۆن بڕوای وەهابوو کە دەبێت لەمیانەی قسەکردن لەسەر پرسێک هۆکارێکی سەرەکی زەق بکرێتەوە. نەک ژمارەیەکی زۆر لەهۆکار بەرچاو بخرێت. ئەم میتۆدە بە روونی بە کارەکانی هەنتنگتۆنەوە دیارە.  هەردوو تیورەکە دەرخەری دۆخێکی تایبەتی رێکخستنی هێزن لە دونیادا، یەکێکیان بانگەشە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی دەکات و ئەویتریان بۆ ململانێی گەورەتر. بەڵام ئەوەی بەگرنگی دەزانم چۆنێتی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ دەقێکی وەها. 

بەگشتی خوێندنەوەی کوردی وەک خوێندنەوەی گەلانی دەروبەری وەهایە. نووسین هەمیشە وەک پڕوپاگەندەیەکی سیاسی دەبینن. نووسین وەها نابینن کە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن یان راڤە کردن، بەڵکو جاڕدانی بەرنامەیەکی سیاسییە. بۆیە هەمیشە بە دوای ئەوەدان کە ئایا نووسەرەکە سەر بە چ لایەن و دەزگایەکە. بێگومان شوێنی کار و جۆری کاری بیرمەند گرنگە، بەڵام تێگەیشتن لە تێزی لەم جۆرە بەو شێوە سادەیە نیە. ئەم جۆرە خوێندنەوە رێگری لەئەوە دەکات هەتا بتوانین خوێندنەوە بۆ دەقەکان بکەین، کاری تری لەسەر بکەین، تەرجەمەی بکەین بۆ واقیعی ناوچەکە، بەرچاوڕوونییەکی لێوە هەڵینجێنین. بەڵکو بەگشتی دەبێتە کارێکی ئاسان، ئەو نووسەرە سەر بە ئەو لایەن یان دەزگایەو ئیتر تەواو. 

ئەم بچووککردنەوەی دونیا دەربڕی دۆخی ناوخۆیی ئێمەیە. دەرئەنجامەکەی نەتوانینە لەتێگەیشتن لەڕەفتاری هێزەکان. ماوەیەکی زۆر پرسیارێکی گەورە لای کورد ئەوەبوو، ئایا ئەمریکا دۆستە؟ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا بەجێمان دەهێڵێت؟ لەگەڵ لاوازبوونی ئەمریکاو سەرهەڵدانی هێزی نوێ، بیری نوێ دێتە ئاراوە. ناسینی تیورەکانی سەردەمی نوێ گرنگترە لەتیورەکانی سەردەمی تاک جەمسەریی. وەک دەبینن تیورەکانی تاک جەمسەریی زیاتر رەفتاری دەوڵەتی لە دەرەوەو لەهەناو پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەسەنگان. بەڵام لە قۆناغی نوێدا دەبێت ئێمە زیاتر لە دۆخی ناوەوە بە ئاگابین و هەروەها زیاتر راستەوخۆییانە کاریگەری هەیە لەسەرمان، وەک لە ترسی کشانەوەی ئەمریکادا دەمانهێنێتە لەرزە. ئەگەر باوانی ئێمە لەگوندەکان دەژیان و لایان گرنگ نەبوو یان نەیاندەتوانی بزانن چی لە پەکین و دی سی دەگوزەرێت، ئەوا ئێمە چیدی ئەو خۆشگوزەرانییەمان لەدەست دا. لەمەودوا ناچارین هێندە قوڵ بینەوە بزانین سۆزانییەکانی ڤێگاس چۆن دەنون و قومارچییەکانی مەکاو چۆن پارەکانیان بەفیڕۆ دەدەن.

ئەم بچووککردنەوەی دونیا دەربڕی دۆخی ناوخۆیی ئێمەیە. دەرئەنجامەکەی نەتوانینە لەتێگەیشتن لەڕەفتاری هێزەکان. ماوەیەکی زۆر پرسیارێکی گەورە لای کورد ئەوەبوو، ئایا ئەمریکا دۆستە؟ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا بەجێمان دەهێڵێت؟ لەگەڵ لاوازبوونی ئەمریکاو سەرهەڵدانی هێزی نوێ، بیری نوێ دێتە ئاراوە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار