بۆچی ئەوەی لەهەناوی ینک-دا روودەدات سەیر نییە؟
3 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد شوانی
ململانێی براکان و ئامۆزاکان و هاوسەنگەران لەسەر میراتی بابەگەورە «پەتریارک» سیمایەکی دیاری مێژووی مرۆڤایەتیە بەگشتی و کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ئاراستەکانی مێژوو هەندێ کات دەرهاویشتە و کارلێکەکانی ئەم دیاردەیەو پاشماوەکانی بۆ دەیان سەدە ماونەتەوە . ئەم جۆرە لەململانێ لەهەموو ئاستەکانی دەستەڵات روویداوە، لەئاستی دەمسپی خێزانێک تا دەگات بەشانشین و ئیمپراتۆریەتە گەورەکان و زۆربەی کات لەو پێکهاتانە روودەدەن کە باوەگەورەیەک یا سەرکردەیەکی کارێزما و دەستەڵاتدار کە بنیاتنەری میرنشین، ئیمپراتۆریا، دەوڵەت، ئایین، تەریقەت، حزبی سیاسی، کۆمپانیا.......هتد
بەهۆی پێگەکەی لەژیانی خۆیدا پرسی جێگرتنەوە یەکلایی ناکاتەوەو دەستورو رێکارێک داناڕێژرێت بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و جێگرتنەوە (لەناو ینک پۆستی سکرتێری گشتی نەما!) یا هەر باوە گەورە خۆی رێگرە لەدروستبوونی جێگرەوەیەکی بەتوانا و دەستەڵات، بە لێدان و دوورخستنەوەی کەسانی لێهاتوو کە دەکرێ وەک جێگرەوەی سروشتی چاویان لێبکرێت. یەکێک لەو رووداوە مێژووییانەی کە ئێستاشی پێوەبێت جیهانی ئیسلامی بە رەنگی خۆی نەخشاندووە، ململانێی هاوەڵەکانی پەیامبەری ئیسلام محەمەدە لەسەر دەسەڵات لە سەروبەندی نەخۆشکەوتن و ژیانئاوایی کە دابەشبوونی کۆمەڵگای ئیسلامی بۆ شیعە و سوننەی و ژمارەیەک وردە مەزهەبی تری لێکەوتەوە. لەپاش مردنی محەمەد و لەکاتێکدا کە ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزمانی و عەلی کوڕی ئەبو تالیب بەپێی نەریتی باوی ئەو سەردەمە وەک جێگرەوەی سروشتی محەمەد چاوی لێدەکرا سەرقاڵی کفن و دەفنکردنی دەبن ئەنسارەکانی مەدینە لەشوێنێک کۆدەبنەوە کە ناسراوە بەکەپری بەنی ساعدە «سقیفە بنی ساعدە» و لەناو خۆیاندا کەسێک دەستنیشان دەکەن بە «خلیفە» جێگرەوەی محەمەد بەناوی سەعدی کوڕی عوبادە.
کاتێک موهاجیرەکان بەمە دەزانن عومەری کوڕی خەتاب و ئەبوبەکر و ئەبا عوبەیدەی جەڕاح دەڕۆن بۆ شوێنی کۆبوونەوەکە و داوای خەلافەت دەکەن بۆ کەسایەتیەکی موهاجیری قورەیشی. لەبەرامبەردا ئەنسارەکان پێشنیازی هاوئەمیر دەکەن «امیر منا و امیر منکم» بەڵام ئەمەش لە لایەن موهاجیرەکانەوە رەتدەکرێتەوە بە بەهانەی ئەوەی دووسەر لە مەنجەڵێکدا چێی نابێتەوە، بۆیە پێشنیاری میر لە ئێمە و وەزیر لە ئێوە «نحن الامراء و انتم الوزراء » دەکەن و بە دەستپێشخەری عومەرو لە غیابی هیچ کەسایەتیەکی بنەماڵەی عەبدولموتتەلب بەیعەت بە ئەبوبەکر دەدەن وەک یەکەم خەلیفە دوای محەمەد. هەندی لەسەرچاوە مێژووییەکانی شیعە دەڵین کە بەشداربووانی رێکەوتنی سەقیفە لەکەسایەتی عەلی ترساوون و ئەم رووداوە وەکو پیلانی عومەر وێنا دەکەن بۆ ئەوەی لە پاش مردنی ئەبوبەکر کە پیاوێکی بەتەمەن بوو خۆی ببێت بە جێگرەوە چونکە دەیزانی ئەگەر عەلی جێگرەوە پەیامبەر بێت، شانسی گەیشتن بە دەستەڵاتی نابێت. هەرواش کەوتەوە کە ئەبوبەکر بەر لە مردنی عومەری وەک جێنشینی خۆی دەستنیشان کرد.
هەر سەرچاوە شیعیەکان دەڵێن لەبەر پارێزگاریکردن لە ئایین و دوڵەتی ئیسلام و یەکگرتوویی موسڵمانان، عەلی بە نابەدڵییەوە بە بەبەیعەتی ئەبوبەکر رازی دەبێت. ئەم ململانێیە لەسەر دەسەڵات لەنێوان لایەنگیرانی رێککەوتنی سەقیفە و لایەنگیرانی عەلی بەردەوام دەبێت هەتا دەگات بە جەنگی «صفین» لە نێوان سوپای عەلی و سوپای معاویەو دواتر کوشتنی عەلی و دەرمانخواردکردنی حەسەنی کوڕی و کوشتنی حوسەین و عەباس و خێزانەکانیان هەتا منداڵی شیرەخۆرەشیان لە کۆمەڵکوژی کەربەلا و یەکلاییبوونەوەی دەسەڵات بۆ ئەمەویەکان لەسەردەستی یەزیدی کوڕی معاویە. ئەم ململانێ سیاسیە لە سەر دەسەڵات و جێگرتنەوە، رەگەزی سەرەکی دابەشبوونی جیهانی ئیسلامییە بۆ سوننە و شیعە و دواتر لەسەردەمی «جعفر الصادق» ئیمامی شەشەمی شیعە جیاوازی تەشریعی و کەلامیی دروست دەبێت و پاشتر پەرەی پێ دەدرێت تا ئاستی بە کافر زانینی هەرکەسێک کە بڕوای بەویلایەتی عەلی نەبێت لای هەندێک لەبڕوادارانی شیعە.
پرسی جێگرتنەوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا كە ماوەی زیاتر لە ٧ سەدە بەردەوام بوو، بە یەکێک لە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین پراکتیز جارەسەر کرا، بە خنکاندنی براکانی جێنشینی سەڵتەنەت. بۆ نموونە سوڵتان بایەزیدی یەکەم لەگەڵ چوونە سەر تەخت فەرمان دەدات بە کوشتنی یەعقوبی برای کە بەئازایەتی ناسرابوو نەوەک مەترسی بۆ دەسەڵاتەکەی دروست بکات. دواتر لەسەردەمی محمەد ئەلفاتح ئەو پراکتیزە شەرعیەتی پێ دەدرێت بەپاساوی ئەوەی کوشتنی براکانی سوڵتان باشترە لەو فیتنەیەی کە دەکرێ بە هۆی مانەوەیان پەیدا ببێت بەپێی ئایەتی (الفتنة اشد من القتل). محمەد ئەلفاتح لە بڕیارەکەیدا دەڵێ (وان تيسرت السلطنة لاحد من ابنائي، فانه ومن اجل المصلحة العامة يصح له قتل اخوته، ان هذا قانون ابايي واجدادي، وهو كذلك قانوني، ولقد جوز اكثر العلماء ذلك، فليعمل بموجبه حالا). بە مانای ئەگەر دەستەڵات بۆ یەکێک لەکوڕەکانم یەکلایی بووەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی مافی ئەوەی هەیە براکانی تری بکوژێت.
ئەمە یاسای باووباپیرانمە و یاسای منیشە و زۆربەی زانایان رێگەیان پێداوە، بۆیە با یەکسەر پیادە بکرێت. لەپاش ئەم تەشریعە کوشتنی براکان بوو بە کولتوری باوی دەرباری عوسمانی و هەتا منداڵی شیرەخۆرەشی گرتەوە. رووداوێکی تر لەمێژووی سەدەی بیست کە ئاراستەی مێژووی گۆڕی، ململانێی ستالین و ترۆتسکی بوو لەسەر جێگرتنەوەی لینین لە سەرۆکایەتیی حزبی شیوعی روسی و یەکێتی سۆڤییەت.
لینین وەک سەرکردەیەکی کارێزماو هەڵگیرسێنەری شۆرشی ئوکتۆبەرو یەکەم سەرۆکی یەکێتی سۆڤییەت لەژیانی خۆیدا کەسی یەکەمی بێ ئەملاوئەلا بوو. بەڵام پاش مردنی ململانێی نێوان ستالین و ترۆتسکی تەقیەوە لەسەر دەستەڵات و ستالین توانی ترۆتسکی لەهەموو پایەکانی لەناو دەوڵەت و حزب دەربکات و دووریخستەوە بۆ دورگەیەک لە دەریای رەش و لایەنگیرو هەوادارانی ترۆتسکی لەحزب و حکومەت دەرکردو زۆربەیانی دوورخستەوە بۆ سیبیریا. بەڵام ترۆتسکی توانی دەرباز بێت. لەو سەروبەندەدا کەمپینی دێواندنی تروتسکی دەستی پێکردو لەهەڤاڵ و هاوخەباتی دوێنێوە بوو بە خائین و خۆفرۆش و دەستی دەرەکی لەپشت و هەتا تێزی «شۆڕشی بەردەوام»ی ترۆتسکی کرا بە بەڵگە بۆ نیشاندانی وەک ئاژاوەگێڕ و (مشعل الحرائق)ی جیهانی. دیارە ستالین دەیزانی کەسایەتییەکی بەهێزی وەک ترۆتسکی تەنها بەمردوویی مەترسی بۆ دەسەڵاتەکەی دروست ناکات، بۆیە وازی لێنەهێنا هەتا توانی لە رێگەی پیاوکوژەکانیەوە لە مەکسیک لەماڵی فریدا کالۆو دیێگۆ ریفێرا بیکوژێ.
نموونەیەکی زیندوی تر لەمێژووی نزیکی عێراق. زۆربەی خەڵکی عیراق بە تایبەتیی ئەوانەی کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردویان بیرە، رووداوەکانی «قاعە الخلد»یان بیرە. ماوەیەکی کورت پاش کەنارگیرکردنی ئەحمەد حەسەن بەکر لە ئەمیندارێتی حزبی بەعس و سەرۆکایەتی کۆماری عیراق و هاتنە سەرکاری سەدام حسێن، سەدام و لایەنگرانی سیناریۆیەکیان خوڵقاند بۆ تەسفیەکردنی ئەو کەسایەتی و سەرکردانەی حزبی بەعس کە بە نەیاری خۆی دەزانی یا لای کەم لایەنگیری نەبوون و دواتر لە دادگایەکی رووکەشیدا بە سەرۆکایەتی نەعیم حەداد ١٧ ئەندامی پلە بەرزی حزبی بەعسی گولەباران کرد لەناویاندا عەبدولخالق سامەڕایی كە لەساڵی ١٩٧٣وە لەزیندان بوو بەتاوانی بەشداربوون لەپیلانەکەی نازم گزار، بەڵام جارێکی تر تاوانباریان کرد بەوەی لە زیندانەوە دەستی لەپیلانگێڕی دژی سەدام هەبووە و لەگەڵ ئەوانی تر گولەباران کرا. ژمارەیەکی زیاتریش بە زیندان حوکم دران کە هەندێکیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژران وەک وەزیرەی دەرەوەی پێشوتر مورتەزا سەعید عەبدولباقی و کوردی سەعید عەبدولباقی برای … هتد.
هەمووی لەپێناو رێخۆشکردن بۆ حوکمڕانی تاکڕەوی سەدام بێ رکابەر.. دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ ژمارەیەک لە ئەندامە باڵاکانی بەعس دانیان بەوەدا نا کە ئەو رووداوە لەشانۆگەریەکی دروستکراو بەولاوە هیچیتر نەبوو.. ئێستاش ئەوەی لەهەناوی ینک روودەدات بەردەوامی ئەو پرۆسەیەیە کە لەگەڵ نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی باوک و نەمانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی پیادەکرا. لەئەنجامی ئەوەی پرسی جێگرتنەوە لەناو ینک یەکلا ناکرابۆوەو مام جەلال لە بەرواری دامەزراندنی یەکێتیەوە سکرتێری گشتی بوو هەتا ژیانئاوایی، پێشینەیەک نەبوو بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و خودی مام جەلالیش نەک هەر رێخۆشکەر نەبوو بۆ دەرکەوتنی جێگرێکی بەهێزو خاوەن پایە بەڵکو بەپراکتیز دژایەتی دەرکەوتنی ئەو جێگرەی ئەکرد. بەسودوەرگرتن لە پێگەی دایەگەورە (ماتریارک) هێرۆ ئیبراهیم وەک دەستەڵاتدارترین کەسی ناو مەکتەبی سیاسی ینک لەپاش نەخۆشکەوتنی مام جەلال ئامۆزاکان توانیان لە پرۆسەیەکی تۆکمەداو لە دەرەوەی سیاقاتی حزبی جێگا بەجێگرانی سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی لێژ بکەن.
١٦ی ئوکتۆبەر یەکەم هەنگاوی گرنگی ئەم پرۆسەیە بوو کەکوڕانی بنەماڵەی تاڵەبانی هاوکاربوون لە راکێشانی بەڕەکە لەژێر پێی جێگرانی سکرتێرو مەکتەبی سیاسی و رایبگەێنن کە ئەوەی خاوەن بڕیاری چارەنووسسازە لەناو یەکێتیدا ئەوانن نەک (الحرس القدیم) ئەم پرۆسەی دەستبەسەراگرتنە قۆناغێکی چارەنووسسازی بڕی لەدوا کۆنگرەی ینک دا کە کوڕانی تاڵەبانی بە هاوکاری کچانی ئیبراهیم ئەحمەد توانیان زۆربەی زۆری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و جێگرانی سکرتێری گشتی پێشووتر بەفەرمی بخەنەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بەکردنیان بە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنێکی کارتۆنی بە ناوی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیەکانی ینک و رازیکردنی هەندێکی تر بە پۆستی حکومی لەهەرێم و بەغداد. بەڵام سروشتی دەستەڵات وایە کە ئەو پرۆسەیە دەبێ بگات بە ئەنجامە لۆجیکیەکانی خۆی، ئەویش بە یەکلابوونەوەی دەستەڵات بۆ یەک باڵ و لەناو ئەو باڵەشدا بۆ یەک کەس. ئەوەی ئێستا رووئەدات یەکلایی کردنەوەی ئەو پرۆسەیەیە کە زۆربەی رووداوە مێژووییەکان دەیسەلمێنن بەوە کۆتایی دێت باڵی براوە لەم ململانێیە بگاتە ئەو باوەڕەی کە باڵ یا سەرکردەی دۆڕاو چیتر مەترسی نابێت بۆ سەر پێگە و دەستەڵاتی براوە. جێهێشتن یا راستتر و ڵاتبەدەر کردن تەنها یەکێکە لەبژاردەکان.
ئەو پراکتیزو کارە نایاساییانەش کە لاهوری شێخ جەنگی پێ تاوانبار دەکرێت و کراون بەپاساوی ئەوە مامەڵەی لەبەرامبەر ئەکرێ، رەنگە هەمووی یان بڕێکی ڕاست بن. بەڵام ئەسڵی بابەتەکە ئەوە نییە، بەڵکو وەک عەرەب دەڵێن (حق یراد بە باطل). ئەو کارو کردەوانە تەمەنیان بەقەد تەمەنی بزووتنەوەی کوردایەتییە لەشارو شاخ. بەر لە لاهوری شێخ جەنگی هەبوون و دوای ئەویش هەر دەمێنن. چونکە ئەوە بەشێکە لە سروشتی بزوتنەوەکە. بەڵام هەرکات باڵێکی دەستەڵات بخوازێت تەسفیەی باڵێک یا کەسایەتییەک بکات سەرەتا پێویستی بە دێواندنی ئەو کەسایەتیە یا ئەو باڵەیە بۆ پاساودانی پرۆسەکە.
بەڵگەیەکی تر لەسەر ئەوەی بابەتەکە ئەو تاوانانە نیە کە دەدرێنە پاڵ لاهوری شیخ جەنگی، ئەوەیە کە وەک دەگوترێ سەرپشک کراوە لەنێوان جێهێشتنی وڵات یا دادگایی کردن. لەچ کات و شوێنێکدا داوا لەتاوانباران ئەکرێت وڵات جێبهێڵن!؟ وڵاتانی جیهان ملیارەها سەرف دەکەن بۆ هێنانەوەی تاوانبارانی راکردوو بۆ دادگای کردنیان لەو شوێنەی تاوانەکانیان تیا ئەنجامداوە. یورۆپوڵ و ئەنتەرپوڵ دوو دەزگای پۆلیسی ئەوروپی و جیهانین بۆ گرتن و گێڕانەوەی تاوانباران . بەڵام راستیەک هەیە پێویستە لەبەرچاوبگیرێت، ئەویش پێدراوەکانی سەردەمەکەیە، کە ئەوەندە گۆڕاوە رەنگە رێگر بێت لەوەی ئەم پرۆسەیەش وەک ئەوانی تر بگات بەئەنجامە خوازراوەکانی خۆی.